باگیرەکانی یەزد، لە نێوان شارستانیەتی دێرین و هاوچەرخ
بەکارهێنانی "باگیر"، لە میسری کۆنەوە تا ئیمپراتۆریەتی فارس، میتۆدێکی نەزاهە بووە بۆ گرتنی شنەبا کە بۆ هەزارەها ساڵ خەڵکی لە کەشوهەوایەکی فێنکدا هێشتووەتەوە.
بەکارهێنانی "باگیر"، لە میسری کۆنەوە تا ئیمپراتۆریەتی فارس، میتۆدێکی نەزاهە بووە بۆ گرتنی شنەبا کە بۆ هەزارەها ساڵ خەڵکی لە کەشوهەوایەکی فێنکدا هێشتووەتەوە.
بێریڤان کەمال
ناوەندی هەواڵ- شاری یەزد لە بیابانی ناوەڕاستی ئێران لەمێژە ناوەندێکی سەرەکی بووە بۆ داهێنان، یەزد سیستمێکی سەرسوڕهێنەری ئەندازیاری دێرینی هەیە و بە یەکەم شاری خشتی لە جیهان دادەنرێت.
بینا دێرینەکان لە یەزد پێکهاتێکی ساردکەرەوەی ژێرزەمینی تێدایە بەناوی "یاخچاڵ"، سیستەمی ئاودێری ژێر زەوی بەناوی "قەنات"، وە تەنانەت تۆڕێک لە کۆرسەکان بە ناوی "پیرادازیش" کە خزمەتگوزاری گەیاندنی پۆستە پێش ئەمریکا دەخات بە زیاتر لە ٢٠٠٠ ساڵ، لەناو تەکنەلۆجیای دێرینی یەزددا باگیر هەیە، کە لە فارسیدا پێی دەوترێت "بەدەگیر"، ئەم پێکهاتە بەرچاوانە دیمەنێکی باون کە لەسەر ڕووی سەربانەکانی یەزدەوە بەرزبووەتەوە.
باگیرەکان زۆربەی کات تاوەری لاکێشەیین، بەڵام بە بازنەیی و چوارگۆشەیی و هەشتاگۆنی و شێوەی ئاڵۆزی دیکەش دەردەکەون، دەوترێت کە یەزد زۆرترین باگیری لێیە لە جیهاندا و بە پێویستییەکی سەرەکی شارەکە دادەنرێت، کە لەوانەیە لە میسری کۆنەوە سەرچاوەیان گرتبێت، هەندێک لە کۆنترین تەکنەلۆجیای باگیر لە میسرەوە ٣٣٠٠ ساڵ پێش ئێستا هاتووە، بەڵام بۆچوونێکی دیکە هەیە کە باگیرەکانی یەزد داهێنانی تایبەت بە خۆیانە.
هەرچەندە ڕێژەی بەکارهێنانی بادگیرەکانی شارەکە کەمی کردووە، ئێستا ئەکادیمیەکان، ئەندازیاران و تەلارسازەکان پێکهاتەکان دەکێشنەوە بۆ ئەو شارە بیابانیە بۆ ئەوەی ببینن کە باگیرەکان چ ڕۆڵێکیان هەیە لە بەدەستهێنانی کەشوهەوایەکی سارد و پاک لە جیهانێکدا کە بە خێرای بەرەو گەرمبوون دەچێت.
شێوازی کارکردنی باگیرەکان
باگیرەکان پێویستی بە هیچ کارەبایەک نییە بۆ کارکردن، واتە هیچ تێچوویەکی بۆ کارکردن پێویست نیە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پیسبوونی ژینگە نیە، ئامێرە فێنککەرەوە میکانیکییەکان بە پێنجەمین بەکاربەری کارەبا دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهاندا، بۆیە باگیرەکان وەک یەکێک لە تەکنیکە دێرینەکان دەبنە جێگرەوەیەکی دروست.
دوو هێزی سەرەکی هەیە کە هەوا بۆ ناوەوە و بەرەو خوارەوەی بیناکان پاڵدەنێت: ئاڕاستەی بای هاتوو و گۆڕانی چڕی هەوا بەهۆی پلەی گەرما، هەوای گەرم چڕی کەمترە و بەرزدەبێتەوە لەسەر هەوای ساردتر و چڕتر، بەم شێوەیە سوود لە هەوا ساردەکە بۆ ناو بیناکە وەردەگیرێت.
سەرەتا هەوا بە کرانەوەی باگیرەکە دەگیرێت، پاشان ئاڕاستە دەکرێت بۆ خوارەوەی خانوو یاخود بیناکە و هەر لمێک یان پاشماوەیەکی بەرد کە لە بەشی خوارەوەی تاوەرەکە هەبێت پەرش و بڵاو دەکاتەوە.
دواتر هەوا ساردەکە بە تەواوی ناوەوەی بیناکەدا بڵاودەبێتەوە، هەندێکجار بەسەر حەوزی ئاوەکانی ژێرزەمینیدا "قەنات" بڵاودەبێتەوە و دەبێتە هۆی فێنکییەکی زیاتر، لە ئەنجامدا هەوای گەرم بەرز دەبێتەوە لە تاوەرێکی تر یان کرانەوەکانەوە بیناکە جێدەهێڵێت، کە بەهۆی فشار و پەستانەکانی ناو بیناکە یارمەتی دەرچوونی دەدرێت.
شێوەی تاوەرەکە و فاکتەرە کاریگەرەکانی دیکەی وەک: نەخشەی خانووەکە، ئەو ئاراستەی کە تاوەرەکە ڕووبەڕوی دەبێتەوە، ژمارەی کرانەوەکانی ناو خانووەکە، ڕاڕەوەکان و بەرزییەکان هەموویان کاریگەرییان هەیە بۆ باشترکردنی توانای تاوەرەکە بۆ ڕاکێشانی با بۆ ناو بیناکە.
مێژووی بەکارهێنانی باگیرەکان
بەکارهێنانی با بۆ ساردکردنەوەی باڵەخانەکان مێژوویەکی دێرینی هەیە کە نزیکە لەو کاتەی کە خەڵک لە ژینگەی بیابانی گەرمدا ژیاون، دروستکردنی باڵەخانەکان بە دیواری ئەستوور، کەمکردنەوەی ژمارەی پەنجەرەکانی ڕووە و خۆر، کرانەوەکان کە لەلایەکییەوە بای زۆر دێتە ژوورەوە و لە لاکەی تریشییەوە با دەچیتە دەرەوە ئەم شێوازە لە دروستکردنی بیناکان پێی دوترێت تەلارسازی مالقاف.
باگیرەکان لە دوای داهێنانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا بەکارهێنانی بڵاوبووەتەوە، بەڵام باگیرەکانی ئێران شێوازێکی تایبەت بە خۆییهەیە کە جیاوازی کردووە لە باگیری شوێنەکانی دیکە.
شارستانیەتی فارسی بە شێوەیەکی فراوان ڕەچاو دەکرێت، کە جیاوازی لە بەکارهێنانەکانی سیستمەکان زیاد دەکات بۆ ڕێگەدان بە بەدەستهێنانی ساردکردنەوەیەکی باشتر، وەک تێکەڵکردنی لەگەڵ سیستەمی ئاودێری بۆ یارمەتیدانی ساردکردنەوەی هەوا پێش ئەوەی لە هەموو ماڵەکەدا بڵاوببێتەوە.
لە کەشوهەوای گەرم و وشکی یەزددا ئەم پێکهاتانە ناوبانگیان پەیدا کرد، تا ئەو کاتەی شارەکە بوو بە خاڵێکی گەرمی کە تاوەرەکانی بەرزبوونەوە و بەدوای بای بیاباندا دەگەڕان، شاری مێژوویی یەزد لە ساڵی ٢٠١٧دا بە شوێنەواری کەلەپووری جیهانیی یۆنسکۆ ناسێندرا، بەهۆی هەبوونی باگیرەکان لە تەواوی شارەکەدا.
تاوەرەکان گرنگییەکی کلتوری بەهێزیان هەبوو، کە جێبەجێکردنی ئامانجی کارامەییان ساردکردنەوەی ماڵەکانە، هەروەها باگیرەکان لە باخچەکانی دەوڵەتی ئاباد، دەوترێت بەرزترین باگیرە لە جیهان کە ٣٣ مەترە و لە بینایەکی ٨ لادایە و یەکێکە لەو چەند باگیرەی کە هێشتا لە کارکردن بەردەوامە.
باگیرەکان لە شارستانی هاوچەرخ
بەهۆی نەبوونی هیچ کاریگەرییەک لەسەر پیسبوونی ژینگە هەندێک لە زانایان پێیان وایە دەبێتە هۆی بوژانەوەی ژینگە.
لە ساڵی ١٩٧٧ مێژوونوسی تەلارسازیی ئێرانی "ئیلیزابێس بیزلی" نوسیویەتی، لە ماوەیەکی زۆرەوە ڕەخنەی تەکنەلۆژیای ساردکەرەوەی هاوچەرخ کراوە لە ئێران، کە بووەتە هۆی تێکچونی هاوسەنگی ژینگە و وەک نزیکبوونەوەیەک لە تەکنەلۆجیای ڕۆژئاوا دەبینرێت، بەڵام پێویستە خەڵکی گۆڕانکاری لە دیدگایاندا بکەن و لە گرنگی پاراستنی وزە تێبگەن.
شێوازی ساردکردنەوە بە بێ بەکارهێنانی سووتەمەنی وەک باگیر دەبێتە هۆکارێکی گرنگی بوژانەوە، تا ڕادەیەکی سەرسوڕهێنەر لە ئێستادا لە ئێران بوونیان هەیە - لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاواشدا دروستکراوە، لە بەریتانیا، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٩٤ دا، ٧٠٠٠ جۆر لە باگیرکەرەکان لە بینای گشتی دامەزرێنران، باگیرە مۆدێرینەکان زۆر نزیکن لە پێکهاتەی تاوەرەکانی ئێران، لە باڵەخانەکانی وەک نەخۆشخانەی ڕۆیاڵ چێڵسی لە لەندەن بۆ سوپەرمارکێتەکان لە مانچستەر دەبینرێن.
ئەمریکاش بە پەرۆشییەوە دیزاینی باگیری کردووە، کە نموونەیەکی لەم جۆرە سەنتەری میوانە لە پارکی نەتەوەیی زایۆن لە باشووری یوتام، پارکەکە لە زەوییەکی بیابانی بەرزدایە و لەگەڵ کەشوهەوا و تۆپۆگرافیای یەزد نزیکی هەیە، پسپۆڕان پێیان وایە بەکارهێنانی باگیر پێویستیی بەکارهێنانی فێنککەرەوەی میکانیکی لادەبات.
زانایان جیاوازی پلەی گەرمی ١٦پلەی سەدییان لە نێوان دەرەوە و ناوەوەی سەنتەری میوان تۆمار کردووە کە سیستمی باگیری تیادا بەکارهێنراوە، سەرەڕای ئەوەی خەڵکی بەردەوام پیایدا تێدەپەڕن، مەودایەکی زیاتر هەیە بۆ بڵاوبونەوەی باگیرەکان، چونکە لەگەڵ زیادبوونی پلەی گەرما گەڕان بەردەوامە بۆ چارەسەرییەکان.
ت.پ