بە کردنەوەی پێشانگایەک ڕۆژی جیهانی زمانی ئاماژە پیرۆز کرا

لە ڕۆژی جیهانی زمانی ئاماژە و یادی دامەزراندنی ڕێکخراوی ئاماژە، ژمارەیەک لە نابیستان پێشانگایەکی هونەرییان کردەوە و کارە دەستییەکانیان تێدا نمایشکرد، ئەوەشیان خستەڕوو کە وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی توانای ئەنجامدانی کاریان هەیە، تەنها کێشەی سەرەکیان تێنەگەیشتنی هاوڵاتیانە لێیان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هۆڵی ڕێکخراوی CDO لە شاری سلێمانی، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی زمانی ئاماژەدا هەفتەیادی نابیستان لەلایەن هەردوو ڕێکخراو ئاماژە و گەشەپێدانی مەدەنیەت- CDO پێشانگایەکی هونەری تایبەت بە کاری دەستی بۆ ژمارەیەک نابیست کرایەوە.

 

لە پێشەنگاکەدا کاری دەستی و هونەری ٦ ئەندام کە چوار ژن و دوو پیاو بوون، نمایشکرام هەروەها میوانان ڕوویان لە پێشەنگاکە کرد و چەند پارچە هۆنراوەیەکیش خوێندرایەوە.

 

٢٣ی ئەیلولی هەموو ساڵیک بە ڕۆژی جیهانی زمانی ئاماژە دادەنرێت و لە جیهاندا بەچالاکی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە ، هەر لەم ڕۆژەشدا ڕێکخراوی ئاماژە لە هەرێمی کوردستان دامەزرا کە کار بۆ نابیستان دەکات.

"پێویستەکات زمانی ئاماژە بچێتە سیستمی خوێندنەوە"

بەهار مەحمود، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، بۆ ژنها دوا و وتی: "لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کە ڕۆژی جیهانی نابیستانە پێویستە ئەوە بخەمە بەرچاو، کە لەناو کۆمەڵگادا بۆشاییەکی زۆر هەیە بۆ نابیستان"، بەهار هۆکاری کەم و کورتیەکانی ژیانی نابیستەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ گرنگی پێنەدانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەت هەروەها خزمەتنەکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاند.

بەهار وتیشی: بە هۆی ئەوەی ٧٢ ملیۆن نابیست هەیە لە سەرانسەری جیهاندا پێویستە لە هەموو کایەکانی ژیاندا وەرگێڕ هەبێت تا ئەوانیش ببە بەشێک لە ژیانی ئاسای ئێمە و چیتر جیاوازییان نەکرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە حکومەت کرد ببێتە پاڵپشتیان و هەستن بە کردنەوەی خولی تایبەت بە فێربوونی زمانی ئاماژە، هەروەها وەک وڵاتانی جیهان بخرێتە سیستمی خوێندنەوە.

کۆژین عوسمان، چاودێر لە ڕێکخراوی CDO، سەبارەت بە کاری ڕێکخراوەکەیان وتی: "پێویستدەکات گرنگی بدەین بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، تا ئەوانیش گرنگی بە بەهرەکانیان بدەن و دواجار سەرکەتوو بن لە ژیانیان، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێکخراوەکەمان تا توانای هەبێت هەوڵدەدات بۆ خزمەتکردنی چین و توێژە جیاوازەکان"

"ئەگەر دایکم لەگەڵ نەبێت ناتوانم لەگەڵ هاوڵاتیان قسە بکەم"

بەناز حەمە فەرەج، وەک نابیستێک بە کارە دەستییەکانی بەشداری لە پێشەنگاکەدا کردبوو، وەک باسی لێوەکرد بۆ چنینی هەر پارچە قوماشێک دوو بۆ سێ ڕۆژی دەوێت، سەرەتا وێنەکەی دەکێشێت دواتر دەست بە کاری چنینەکەی دەکات، بۆ یەکەمجاریش لە خوێندنگە فێری کاری دەستی و چنین بووە.

 

بەناز چەند جۆرێکی جیاواز نەخش بەکاردەهێنێت و تەواو کارەکەی بە وردەکارییەوە ئەنجام دەدات چونکە حەز بە کارەکەی دەکات، دەشڵێت "کێشەی سەرەکی ئێمەی نابیستان تێنەگەیشتنی هاوڵاتیانە لێمان، ئەگەر دایکم وەرگێڕانی قسەکانم بۆ نەکات، ناتوانم لە دەرەوە قسە لەگەڵ کەسدا بکەم".

"سەرەکیترین کێشەی نابیستان، تێنەگەیشتنی هاوڵاتیانە لێیان"

گوڵزار عەبدوڵا، وەرگێڕ و جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی ئاماژە، ڕوونیکردەوە ماوەی ٣٥ ساڵە کاری وەرگێڕانی زمانی ئاماژە دەکات و بە گرنگییە لێی دەڕوانێت دەڵێت: پێویستە گەشە بە زمانی ئاماژە بدرێت، ئەم زمانە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە هەرچەندە فێربوونی ئاسان نییە، بەڵام پێوستە کە هەمووان بیزانن چونکە کێشەی سەرەکی نابیستان تێنەگەیشتنی هاوڵاتیانە لێیان، بەوهۆیەشەوە زۆر کات ئەو وتانەی هەیانە ناتوانن بیگەیەنن بە کەسانی چواردەوریان.

 

ئەو وەرگێڕە ئاماژەی بەوەشدا وەک ڕێکخراوەکەیان لە بەرنامەیاندایە خولی فێربوون بە زمانی ئاماژە بکەنەوە و هاوڵاتیان سودی لێببینن.

ت.پ