١٨ ساڵ کارو هونەری سیرامیک؛ بەهۆی خۆشویستنی کارەکەی هەوڵی فێرکردنی منداڵان و گەنجان دەدات
سۆزان حەمە ساڵح، مامۆستای هونەری سیرامیک، دەڵێت: پێویستە بۆ هێشتنەوەی ئەو هونەرە گەنجان هەوڵی فێربوونی بدەن، لە ڕێگەی کردنەوەی خولەکانەوە گەنجان بتوانن درێژە بە دروستکردنی هونەری سیرامیک بدەن، هونەری سیرامیک و کارکردن چارەسەری دەروونی مرۆڤەکان دەبێت.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ سیرامیک یەکێکە لە کۆنترین و بەردەوامترین پیشە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بە درێژایی مێژوو، لە شارستانیەتی کۆنەوە تا ستۆدیۆی مۆدێرن، سیرامیک جێگەیەکی گرنگی هەبووە لە ژیانی ڕۆژانە، کەلتوور و هونەردا، مێژووی سیرامیک لە سەرەتاترین نیشتەجێبوونی مرۆڤەوە دەست پێدەکات، شوێنەوارناسی ئاماژە بەوە دەکات کە کەلوپەلی سیرامیکی بەلایەنی کەمەوە لە ٢٤ هەزار ساڵ پ.ز بوونی هەبووە، پەیکەری بچووک کە پێیان دەوترا پەیکەری ڤینۆس، لەوانەیە لە ڕێوڕەسمەکاندا بەکار هاتبێت یان وەک نوێنەرایەتی بەپیت و خۆشگوزەرانی. یەکەم سیرامیکی کرداری ناسراو، لەوانە مەنجەڵ و قاپ، لە دەوروبەری ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین لە سەردەمی بەردین دەرکەوت، ئەو کەرەستە سیرامیکی کۆنانە بە دەست دروستکراون و لە تەنوورە سەرەتاییەکاندا دەسووتێنران، داهێنانی گڵکاری پەیوەندی نزیکی هەبوو بە سەرهەڵدانی کشتوکاڵ، چونکە خەڵک پێویستیان بە دەفری درێژخایەن بوو بۆ هەڵگرتن و چێشتلێنان، میزۆپۆتامیا کە بە "لانکەی شارستانیەت" ناسراوە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پەرەسەندنی سیرامیک ئەم ناوچەیە دەکەوێتە نێوان ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، دەرکەوتنی هەندێک لە کۆنترین و گرنگترین کەلتوورەکانی جیهان بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە سۆمەرییەکان، ئەکەدیەکان، بابلییەکان و ئاشوورییەکان. نزیکەی سێ هەزار و پێنسەد ساڵ پ.ز دەستیان کرد بە بەکارهێنانی چەرخی گڵکار، سیرامیکی میزۆپۆتامیا نەک تەنها کرداری بوو بەڵکو زۆر ڕازاوە، ئەوان زۆرجار دیزاینی ئەندازەیی ئاڵۆز و وێنەی ستایلی گژوگیا، ئاژەڵ و دیمەنی ئەفسانەیی پیشان دەدەن، ئەم بیرۆکە بە شێوەیەکی ئاسایی لەسەر ڕووی گڵەکان نەخشێنراون یان کێشراون و دواتر بە خلیسکان یان شوشە ڕووپۆش دەکرێن بۆ ئەوەی خۆڕاگرییان زیاد بکات، هەر لە کۆنەوە دەبیندرێت، ژنان بەردەوام هەوڵی دروستکردنی پێداویستییەکانیان لە ڕێگەی گڵکاری و سیرامیکەوە داوە.
سۆزان حەمە ساڵح، زیاتر لە ١٨ ساڵە کاری هونەری سیرامیک دەکات، لە کاتێکدا خوێندکاری بەشی هونەرە جوانەکان نەبووە، بەڵام بە هاوکاری و هەبوونی خولیا بۆ کاری سیرامیک لە لایەن چەندین مامۆستای بە تواناوە هەوڵی فێربوون دەدات، نەبوونی بڕوانامە لە کاری سیرامیکدا نابێتە ڕێگر لەبەردەم خولیاکانی، لە ساڵی ٢٠١٥دا دەبێتە خوێندکاری بەشی هونەرە جوانەکان و هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دبلۆم دەدات، نەبوونی بڕوانامە کاریگەری بۆسەر وەستانی کار و خولیاکانی نەبووە، لە ئێستادا زیاتر لە چوار ساڵە لە کارگەی کولتووری شاری سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی مامۆستا نزار هادیی، لە ڕێگەی ستۆدیۆیەکی سیرامیکەوە هەوڵ بۆ دروستکردنی کارە سیرامیکییەکانیان دەدەن، سەرەڕای کارکردنیان هەلی فێربوونی کاری سیرامیک بۆ گەنجان دەڕەخسێنن، سەرەتای دەستپێکردنی بۆ کاری مامۆستایی دەگەڕێتەوە.
"بەشداری پێشانگایی سیرامیک کە گەورەترین پێشانگایە لەسەر ئاستی عێراق دەکات"
سۆزان حەمە ساڵح، هونەری سیرامیکی وتی: زیاتر لە ١٨ ساڵ، کار لە هونەری سیرامیکدا دەکەم، لە ئێستادا ماوەی چوار ساڵە لە کارگەی کولتووری شاری سلێمانی، لە ڕێگەی ستۆدیۆیەکی سیرامیکییەوە بەردەوامی بە ئامانجەکەم دەدەم، لێرەدا هەوڵ بۆ دروستکردنی هەلی کار و فێرکردنی گەنجان دەبین، سەرەتای کاری سیرامیکم بۆ مامۆستای سەرپەرشتیاری بەشی پیشەی بووم، لە خوێندنگەدا وانەی سیرامیکم بە خوێندکاران دەوتەوە، سەرەڕای مامۆستای بەردەوامیم بە کاری سیرامیکداوە، لە ڕێگەی کردنەوەی خولەوە چەندین مامۆستای دیکە سودمەند دەبوو، بە کارە هونەرییەکانم بەشداری چەندین پێشەنگایی شێوەکاریم کردووە، لە کاری سیرامیکدا کار لەسەر ڕاکۆ و ستۆنوێر کە چەندکارێکی تایبەت و دەگمەنە کەم کەس بتوانێت کار لەو بوارەدا بکات، لە لایەن من و چەند مامۆستایەکەوە ئەنجام دراوە.
مامۆستا سۆزان ئاماژەی بەوەکرد، بەشداری لە کردنەوەی پێشەنگایەکی گەورەدا دەکات، کە لەسەر ئاستی عێراق گەورەترین پێشانگای سیرامکی بووە، وەک ژنێک بە چەندین کاری سیرامیک بەشداری تێدا کردووە، وتیشی: لەگەڵ چەندین مامۆستادا پێشەنگایەکی گەورەمان لەسەر ئاستی عێراق کردەوە، کە بۆ یەکەمجاربوو کاری سمۆکفایرین لە ناوچەکەدا ئەنجام بدرێت، بەشداریمان تێداکرد، کارێکی سەرکەوتوومان ئەنجامدا، لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی وڵاتانی بیانی بەشداریمان کردووە، هەروەها چەندین خولی فێربوونمان کردۆتەوە، لە ئێستادا لە کارگەی کولتووریدا چەندین فێرخواز بەشداری دەورەکانمان دەکەن، سەرەتا فێری گرتنەوە قوڕی سیرامیک و پاشان مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەکەین، لە ڕێگا سەرەتایەکانەوە دەستپێدەکات، لە ماوەی دوو مانگدا خوێندکاران بڕوانامەی فێربوونیان بە شێوازی سەرکەوتوو پێ دەدرێت، لە ڕیگەی سیرامیکەوە شێوەکاری لەسەر کارەکانمان ئەنجام دەدەین، بۆ کاری تایبەتی خۆم لە دەرەوەی وڵات موادەکان داوادەکەم، چونکە لێرە کێشەی دەستکەوتنی موادی سیرامیکمان هەیە، ئەو کەرەستانەی بەکار دەهێندرێت لە چەند کەستەیەک پێکدێن، کە دەبێت قوڕێکبێت شوشە لەخۆی بگرێت، تا بتوانی کاری لەسەر بکەیت، ئێمە قوڕی عەکاشات بەکار دەهێنین، پاشان بە گوێرەی کارەکەت مواد بەکار دەهێنین، هەروەها لە ڕێگەی قیاساتەوە "پاراوە" کارەکان ئەنجام دەدەین، پاشان لە ڕێگەی فڕنە غازییەکەمانەوە کارەکەمان ئەنجام دەدەین.
"بۆ درێژەدان بە سیرامیک خولیا بەردەوامیت پێدەدات"
سۆزان حەمە ساڵح لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەبوونی خولیا بۆ کاری سیرامیک واتلێدەکات بەردەوامبیت لە کارەکەت، زۆرێک لە مامۆستا و کەسانی شارەزا لە سیرامیکدا هەن، بەڵام نەبوونی خولیا و ئامانجیان دەبێتە هۆکاری ئەوەی نەتوانن درێژە بە کاری سیرامیک بدەن، هونەری سیرامیک زۆرکات بۆ چارەسەری دەروونی ئەنجام دەدرێت، هیوادارم ژنان بەردەوامی بەوکارە بدەن، من لە ڕێگەی کردنەوەی خولەکانەوە ئامانجم هێشتنەوەی هونەری سیرامیکە، گەنجان هانی هونەرەکە بدەم، بۆیە هیوادارم گەنجان و ژنان بێنە ناو هونەرەکەوە تا بتوانن درێژەدەری ئەو هونەرە ببن.