ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢٨ی ئادار، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شنگال "مەخەدەشە" بە بەشداری ٢٥٠ ئەندام، شەشەمین ‘کۆنگرەی یەکێتیی ئێزدیان’ـی ئەنجام داو دوای کۆتایی هاتنی ئەمڕۆ ئەنجامنامەی کۆنگرەکە خرایەڕوو.
لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە: سیستەمی سەرمایەداری، جیهانی پەلکێشی قەیران کردووە و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانەش، دواجار بە پارادایمەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی کۆنگرەکە، پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تاکە دەرچەی ڕزگاری و دیموکراتیزەبوونی ناوچەکەیە.
هەروەها، بابەتی ژن و گەنجان لە کۆنگرەکەدا وەک پایەیەکی بنەڕەتی هەڵسەنگێندراوە، پرسەکانی ژنان کە وابەستەی هۆشمەندی پیاوسالارییە، تەنها بە پەرەدان بە کاری فیکری و ڕێکخستنی دەتوانرێت ڕاماڵدرێت.
لە ئەنجامنامەکەدا جەخت لەسەر ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کراوەتەوە و ڕاگەیاندرا، تا ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر نەبێت، ئەوا هەڕەشەی جینۆساید لەسەر گەلانی چەوساوە بە گشتی و کۆمەڵگەی ئێزدی بەردەوام دەبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، کۆنگرەکە بە ئامانجی کۆکردنەوەی هەموو ئەو ئێزدییانەیە، کە بەهۆی جینۆساید و شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە لە خاکی پیرۆزی شنگال دوورکەوتوونەتەوە.
پتەوکردنی هێزی سەربازیی، چاندی و سیاسیی
لە ئەنجامنامەکەدا باس لەوەکراوە، پەیوەست بە بەرگری و پاراستنی جەوهەری و بەرگریکردن لەخۆ، هێچ زیندەوەرێک ناتوانێت خۆی بپارێزێت و بۆ ئەمەش نموونەی “گوڵیش بە دڕک خۆی دەپارێزێت”، هێندراوەتەوە، پێکهاتەی ئێزدی کە دەیان فەرمان و جینۆسایدی بەخۆوە بینووە، پێویستە زیاتر، لە بواری سەربازی، چاندی و سیاسییەوە، پەرە بە پاراستنی جەوهەری خۆی بدات.
ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتی لەگەڵ عێراق
ئەنتیگراسیۆن و یەکگرتنی دیموکراتیکانەی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی ئێزدی لەگەڵ عێراق، یەکێک بوو لە مژارە بنەڕەتییەکانی کۆنگرەکە، هاوکات کۆنگرەکە بە تایبەت ڕاوەستەی لەسەر پڕۆژەی چارەسەریی سیاسیی و ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک لەگەڵ عێراق کرد، جەخت لەوەکرایەوە، سیاسەتی نکۆڵیکارانە کە عێراق لەژێر گوشاری دەرکیدا پەیڕوەی دەکرد، وڵاتەکە و گەلەکەی بەرەو نەهامەتی و لەناوبردن برد، عێراق وڵاتێکی فرە چاندی و ئاینییە، بەم هۆکارە داننان بە مافی ئێزدییەکان لە چوارچێوەی ‘نەتەوەی دیموکراتیک’دا، دەبێتە کلیلی دیموکراتیزەبوون و سەقامگیری عێراق.
لە کۆنگرەکەدا پلانسازی دووساڵی ئایندەی مەخەدەشە، دیاری کرا و گرنگترینان ئەمانەیە:
– ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادیی تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و کۆمەڵگەی ئێزدییە، بۆیە پێویستە، هەوڵدان بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ببێتە ناوکی هەموو کار و خەباتێک.
– پەرەدان بە دامەزراندنی کۆمۆن، بە شێوەیەک ئەم میکانیزمە لە هەموو گوند و لادێیەک بگیرێتەبەر، هەروەها پەرەدان بە پاراستنی جەوهەری لە هەموو گوندێک.
– داننان بە جینۆسایدی سەر ئێزدییەکان لە لایەن عێراق و وڵاتانەوە، پێویستە کارکردن بەم ئاڕاستەیە ئەنجام بدرێت و لەسەر بنەمای ژینۆسایدی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ "فەرمانی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە" ئەنجام بدرێت.
– کارکردن بۆ یەکێتیی و یەکڕیزی ئێزدییەکان بە ئاڕاستەی کۆکردنەوەی هەموو ئێزدییەکان لە ژێر چەتری ‘کۆنگرەی یەکێتیی ئێزدیان’دا.
– ئامادەکردنی پڕۆژەی چارەسەریی شنگال، بە ئاڕاستەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیکانە لەگەڵ عێراق.
– کارکردنی هاوبەش بە ئاڕاستەی یەکێتیی سیاسیی شنگال و پەرەدان بە چاندن، باوەڕی و زمانی کۆمەڵگەی ئێزدیی.
– پەرەدان بە کایەی دیپلۆماسی.
– برەودان بە کاری یەکێتیی هێزی پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی و گەلی شنگال.
– برەودان بە کارکردن لەسەر بنەمای فیکر و ئایدیاکانی ژن و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەرۆکی کۆمەڵگەی گرتووە، لەوانە خۆکوژی و توندوتیژییەکان کە لە ئەنجامی هۆشمەندی پیاوسالارییەوە کەوتووەتەوە.
– پەرەدان بە کار و چالاکی ژینگەیی بۆ بوژانەوەی ژینگەی تاڵانکراوی شنگال.




