تەرمی شەهید دیلان شرناخ لە بناری قەندیل بەخاک سپێردرا

تەرمی شەهید دیلان شرناخ، فەرماندە و تێکۆشەری ۳۲ ساڵەی تەڤگەری ئازادیی ژنان، لە مەراسیمێکی بەشکۆدا و بە بەشداریی جەماوەرێکی بەرچاو، لە گۆڕستانی شەهید محەمەد قەرەسوونگوور لە بناری قەندیل بەخاک سپێردرا.

تەرمی شەهید دیلان شرناخ لە بناری قەندیل بەخاک سپێردرا

ناوەندی هەواڵ

 

لە مەراسیمێکی بەشکۆدا، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک، کەسوکاری شەهید و نوێنەرانی توێژە جیاوازەکان، تەرمی شەهید «دیلان شرناخ»، کە بە ناوی ڕاستەقینەی ڕابیعە بارنچ ناسراوە، لە گۆڕستانی شەهیدان  " محەمەد قەرەسونگول " لە بناری قەندیل بە خاک سپێردرا.

 

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، سۆزدار دڵسۆز بە ناوی پاژک قسەی کرد و لە وتەکانی خۆیدا ئاماژەی بە ژیان و تێکۆشانی شەهید دیلان کرد.

 

سۆزدار دڵسۆز وتی، شەهید دیلان لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ بیر و هەستی ئازادی ئاشنا بووە و لە گەنجیدا بڕیاری بەشداری لە تێکۆشانی ئازادی و ڕیزەکانی گەریلا داوە و بە بێ دوودڵی بەردەوامی بە تێکۆشانەکەی داوە.

 

بەپێی وتەکانی سۆزدار دڵسۆز، شەهید دیلان لە ماوەی تێکۆشانی خۆیدا وەک فەرماندەیەکی هێزی ژنان و هەروەها وەک بەرپرسی تەڤگەری ژنان لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا چاڵاکی کردووە و بەشێکی گرنگی ژیانی خۆی بۆ ڕێکخستن و پەروەردەکردنی ژنان و گەل تەرخان کردووە.

 

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە شەهید دیلان لە ساڵی ١٩٩٤ەوە کە بە تێکۆشانەکەوە پەیوەست بووە، تا کاتی شەهیدبوونی بە بێ وەستان بەردەوام بووە و لە کۆتایی شەڕ و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، لە بەرخۆدانی تەبقا و ڕەقەشدا بەشداری کردووە.

 

بەپێی قسەکانی سۆزدار دڵسۆز، شەهید دیلان سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشییەکی سەخت، ماوەیەکی درێژ بە تێکۆشانەکەی بەردەوام بووە و تا دوا ساتەکانی ژیانی لەسەر ئەو ڕێبازە مایەوە.

 

سۆزدار دڵسۆز لە کۆتایی وتەکانی خۆیدا وتی، شەهید دیلان بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی تەنها ناوی شەهیدێک نییە، بەڵکو وەک یادەوەرییەکی تێکۆشان و ڕەنجی ٣٢ ساڵەی دەبینرێت و هاوڕێکانی خۆیان بە بەردەوامبوون لە خاوەندارێتی ئەو ڕەنج و میراثە پابەند دەزانن.

 

لە بەشی دیکەی مەراسیمەکەدا، سەلیم عەبدولڕەحمان، برای شەهید دیلان، بە ناوی خانەوادەکەی قسەی کرد و وتی کە ڕێگای شەهیدان بەجێ ناهێڵن و بەردەوامی بە ڕێبازی ئەوان دەدەن.

ئەو هەروەها هیوا خواست کە خاکی کوردستان ڕزگار ببێت...

 

مەراسیمەکە دوای وتار و قسەکان، بە خوێندنەوەی درووشمی شەهید نامرێت، بژی ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی پێهات.

 

 

ناسنامەی شەهید:

ناسناو: دیلان شرناخ

ناوی ڕاستەقینە: ڕابیعە بارنچ

ساڵ و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٧٧، شرناخ

دایک و باوک: زەلیحە ـ عەبدولڕەحمان

ساڵ و شوێنی بەشداریکردن: ١٩٩٤، زاخۆ

ڕێکەوتی شەهیدبوون: ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦