ڕەشنووسی پێشنیارەکانی دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا

لە کۆتایی "دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا" ڕەشنووسی پێشنیارەکانی لەلایەن ئامادەبووانە خرایەڕوو، ڕاگەیەندرا و جەخت کرایەوە کە باشووری کوردستان پێویستە ببێتە پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستان.

ڕەشنووسی پێشنیارەکانی دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا

سلێمانی

 

"دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا"، بە بەشداری کەسایەتی سیاسی، نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ژنانی سیاسی و چالاکوان و ڕۆشنبیران و نووسەران و توێژە جیاوازەکان، کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ کەس دەبوو، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی پێکرد و بە ڕاگەیاندنی ڕەشنووسی پێشنیارەکانی ئامادەبووان کۆتایی هات،

 

سەرەتای دیدارەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستی پێکرد، دوابەدوای ئەوە، وتاری دەستپێک لەلایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەد،  پێشکەشکرا و سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، هەروەها لە درێژەی دیدارەکەدا پەیامی ڤیدیۆیی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە پێشکەشکرا و سڵاوی لە گەلی کورد لە باشووری کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا، “باشووری کوردستان لە شەڕی داعش و تا ئەمڕۆ بەردەوام پاڵپشت و پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە و ئەمەش جێگای ڕێزە".

 

لە درێژەی دیدارەکە پانێڵێک بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ڕۆژئاوای کوردستان و خۆبەڕێوەبەری، پەروین یوسف، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، سیهانوک دیبو، سەرۆکی پەیوەندییە گشتییەکانی پەیەدە، جاویدان کەمال، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان پێشکەشکرا و باس لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرا.

 

لە درێژەی دیدارەکەدا ئامادەبووان، پێشنیار و تێبینییان سەبارەت بە پرسی دیالۆگ لە سووریای نوێ و بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای کوردستان و شێوازەکانی پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان خستەڕوو.

 

لە کۆتاییدا دەرئەنجامی دیدارەکە لەلایەن نیکۆلا ئەشرەف شاڵی خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئەنجامدانی ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە دۆخی ڕۆژئاوا بە کاتێکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت و حکومەتی سووریاش لە قۆناغی راگوزەردایە، ئێمەش لەم دیدارەدا کۆمەڵێک پێشنیارمان خستەڕوو و لەم ڕەشنوسەدا لە ١٦ خاڵدا ڕایدەگەیەنین، ئەوانیش؛

-پشتیوانیکردنی بەرخۆدانی گەلەکەمان لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و  کارکردن بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی زیاتری هەرێمی و نێودەوڵەتی.

٢/ یەکێتی نەتەوەیی و ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان و ئاشتبوونەوەی ناوخۆیی و کۆدەنگی نێوماڵی کورد و یەکخستن،هەروەها بە یەک گووتار و سیاسەت و ستراتیژی یەکگرتوو بەشداری دانوستاندنەکانی دیمەشق بکرێت.

٣/ بەشداریکردنی کارای کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە نووسینەوەی دەستووری نوێ لە سووریا و چاودێری جێبەجێکردنی.

٤/چەسپاندنی لامەرکەزی سیاسی بە دەسەڵاتێکیفراوانەوە.

٥/پشتیوانی لە هێزەکانی هەسەدە و ڕێگەنەدان بە چەک دانانیان و چەسپاندنی ئەم هێزە نیشتمان پارێزە وەک خۆی لە چوارچێوەی سووپای نوێی سووریادا، دوای ڕێککەوتن لەسەر وردەکارییەکان و بە دامەزراوەییکردنی سووپای سووریای نوێ و وەرگرتنی گرەنتی دەستووری.

٦/کاراکردن و کارکردن بە بڕیاری ژمارە ٢٤ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دەرچووە.

٧/سوودوەرگرتن لە توانا مرۆییەکانی باشوور و کۆی پارچەکانی تری کوردستان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکانی.

٨/ بەشداری کارای ژنان لە سووریا و هێشتنەوەی بەشداریکردنی ٪٥٠ بە ٪٥٠.

٩/پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەرفراوانتر و بەهێزتر بکرێت.

١٠/گرنگیدان بە کەرتەکانی نەوت و گاز و کشتوکاڵ و دۆخی ئابووری و بە نیشتمانیکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان.

١١/ڕەچاوکردن و بە هەند وەرگرتنی پێکهاتەکان و قوڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و قبوڵکردنی یەکتری.

١٢/بوار نەدان بە پەرەسەندنی هزری توندڕەوی ئیسلامی سیاسی سەلەفی جیهادی.

١٣/دامەزراندنی میدیایەکی نیشتمانی فەرمی بۆ ئاڕاستەکردنی وتار و هەڵوێستی نەتەوەیی.

١٤/کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و بە تایبەت دەروازەی سنووری سێمێلکا.

١٥/دروستکردنی ڕایگشتی جیهانی لە ڕیگەی بە لپبی کردن بۆ پشتگیریکردن لە ئەزمونی خۆبەڕیوەبەری دیموکراتیک و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک.

١٦/پیویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک بنێرێتە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە.

 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.