ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، "ماوەیەکە لەلایەن کۆمەڵێک کەسی نەفس نزم، لە سنوری ناوچەی سەنگاو ئاسنی ئەو تاوەرانە دەدزرێت کە کارەبا بۆ سلێمانی و گەرمیان دەگوێزنەوە ، بەوەش جگە لە زیانی مادەی کە بە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت ، مەترسی کەوتنی تاوەرەکان و بێ کارەبا بوونی نیوەی سلێمانی و گەرمیان هەیە".
لەو بارەیەوە ئەندازیار سالار حسام الدین بەرێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی دەڵێت: "بەداخەوە ماوەیەکە هەندێک کەسی نابەرپرس و نەفس نزم لە سنوری ناوچەی سەنگاو، ئاسنی ئەو تاوەرانەیان دزیوەکە کارەبا بۆ ناوچەی گەرمیان و سلێمانی دەگوێزنەوە، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەدارەکانی سنورەکە خۆشبەختانە توانراوە چەند کەسێک دەستگیر بکرێت و دەستخۆشیان لێدەکەین".
دەشڵێت: "داوکارین لایەنە پەیوەندارەکان کاری جدی بکەن بۆ بنەبڕکردنی ئەوە دیاردەیە، بەسزاگەیاندنی تاوانباران چونکە ئەو تاوانێکە بەرامبەر سلێمانی و گەرمیان دەکرێت".




