ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە بۆنەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٤٤ ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، لەسێدارەدانی ژنان تەنها بە تاوانی دیاریکراوەوە سنووردار نییە، بەڵکو بووەتە ئامرازێک بۆ فشاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری.
ئاماژە بەوەشکراوە، ژنانی زیندانی سیاسیی لە هەلومەرجێکی دوور لە ستانداردە مرۆیی و یاساییەکاندا ڕاگیراون و زۆرجار ڕووبەڕووی فشاری دەروونی و هەڕەشەی ئەمنی دەبنەوە، هەروەها لە هۆڵێكی قەرەباڵغدا دەژین و لە خزمەتگووزارییە سەرەتاییەکانیان بێبەشن، ئەوەش کاریگەری لەسەر بارودۆخی تەندرووستییان درووست دەکات.
باس لەوەشکراوە، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بە بەردەوامی بەرەنگاری جیاکاری و سنووردار کردن بوونەتەوە، ئەوان نیشانیانداوە کە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بەهێز و پێداگرن و بۆ ئازادی و یەکسانی تێدەکۆشن، ئەوان سەلماندوویانە کە دەتوانن کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و بێ توندوتیژی بنیات بنێنن.
لە کۆتایی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێراندا هاتووە، ئەم بارودۆخە پێویستی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤە بۆ ئیدانەکردنی ئەم کردارە و پشتیوانیکردن لە مافەکانی ژنان.




