ناوەندی هەواڵ
دواینیوەڕۆی دوێنی ٨ی حوزەیران، لە نزیک گەراجی هۆرێن لە شارۆچکەی دەربەندیخان، بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان لە دەربەندیخان و بە دروشمی "نا بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان"، "نا شێواندنی سروشت و ژینگەی کوردستان"، هاوڵاتیان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان ڕێپێوانێکیان بۆ شەرمەزارکردنی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان تا ناوبازاری دەربەندیخان ئەنجامدا.
لە دوای کۆتایی هاتنی ڕێپێوانەکە بەیاننامەی چین و توێژەکانی دەربەندیخان لەلایەن هاوکار قادر خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: ماوەی سێ دەیەیە، دانیشتوانی کوردستان و خەڵکی مەدەنیی پێشکەوتووخواز، لە چەندین ڕێگەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە دژی ئەو دەستدرێژی، کوشتن و سوتاندن و وێرانکارییەی دەوڵەتانی دراوسێ بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامی دەدەن، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، پلانبۆداڕێژراون و بەتەنها خۆی لەبەرامبەر وێرانکردنی سروشت و خاکەکەی نابینێتەوە، بەڵکو دەیەوێت زمان، کلتوور و سیمای کورد بشێوێنێت و لەجێگەیدا کلتووری تورکی ئاوێتە بکات.
هەروەها لە کۆتایدا داوایان لە هاوڵاتیان و گەلی باشوری کوردستان کرد کە یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن تا دەستکەوتەکانی گەلی کورد بپارێزن و ڕێگە بە داگیرکردن و بە تاڵانبردنی خاکی کوردستان نەدەن.
ت.پ




