میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٦ نیسان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەھیدانی ھەڵەبجە لە مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە مەراسیمی دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفایان بۆ یادی قوربانیانی ئەو تاوانە رێکخست.
سەبیحە ساڵح کە براکەی شەهیدی بۆردومانی ساڵی ١٩٧٤ە، بەسەرهاتی خۆی گێرایەوەو لە لێدوانیکیدا بۆ نوژنها وتی: "ڕۆژی بۆردومانەکە میوانی زۆرمان هەبوو و لە سلێمانییەوە کەسوکارمان هاتبوون، براکەم بۆ پیاسە چوبوو بۆ دەوروبەری گوڵان و چاوگ لەکاتی گەرانەوەیان بۆ پیر محمد لە کاتژمێر چوار لە کاتی بۆردومانەکە ئێمە لەگەڵ خزم و کەسوکارەکەماندا ڕۆشتینە ژێر زەمینەکەوە و هیچمان لێ بەسەر نەهات بەڵام دوای کەمێک هەواڵی شەهیدبوونی براکەممان بۆ هات."
سەبیحە بە دڵتەنگیەوە باس لە رووداوەکە دەکات و دەڵێت: " ئێمە هەموو ڕۆژێکمان هەروەک ئەو رۆژە وایە و چەند ساڵ بەسەریدا تێبپەڕێت قەت بیرمان ناچێتەوە چونکە براکەم گەورە بوو و کەسێکی باش بوو هەرگیز برینەکانمان ساڕێژ نابن."
بۆردومانی ساڵی ١٩٧٤ ی هەڵەبجە بووە هۆی شەهیدبوونی ٥٢ ھاوڵاتی بێتاوانی ھەڵەبجە و زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکە برینداربوون.




