ڕێکخراوی سارا بۆ بەهێزکردنی ژنانی کۆچبەر کار دەکات

فاتما شێخی، بەرێوەبەری ڕێکخراوی سارای کامپی نەورۆز لە شاری دێرک ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان ڕێکخستنەوەی ژنانی کۆچبەرە لەناو کامپەکە.

ڕێکخراوی سارا بۆ بەهێزکردنی ژنانی کۆچبەر کار دەکات

زەینەب عیسا 

 

دێرک-ژنانی کۆچبەری سەرێکانی و عەفرین کە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە کامپی نەورۆز نیشتەجێ بوون، گەشتێکی ڕۆژانەی بەرخۆدان و ئیرادەیان لە دڵیاندایە، سەرەڕای هەلومەرجی سەخت و کەمی سەرچاوەکان، کاری گرنگ لە لایەن ڕێکخراوی سارا ئەنجام دەدرێت. ڕێکخراوی سارا لە هەوڵی بەهێزکردن و ڕێکخستنی ژنانی کۆچبەر لە کامپەکەدایە. لە ڕێگەی بەرنامەکانی هۆشیاری و دانیشتنی پاڵپشتی دەروونی و چالاکییەکانی گروپەوە، ئامانجی دروستکردنی ژینگەیەکی پارێزراوە کە ژنان بتوانن خۆیان تێیدا دەرببڕن و هەست بە ئارامی و هێز بکەن، ڕێکخراوی سارا پێشەنگایەتی ڕێکخستنی ژنان لە کامپی نەورۆز دەکات و کاری مرۆیی دەگۆڕێت بۆ هەنگاوێکی بەرجەستە بەرەو گەڕاندنەوەی ژیان و کەرامەت، فاتما شێخی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سارا لە کامپی نەورۆز، سەبارەت بە کار و هەوڵەکانی ڕێکخراوی سارا لە کامپەکە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

"بەهێزکردنی ژنان و داننان بە مافەکانی ژنان"

فاتما شێخی ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی سارا لە ساڵی ٢٠٢٢ بە فەرمی لە کامپی نەورۆز کرایەوە و لە ڕێگەی سیمینارو پەروەردە و پانێڵەوە هەوڵی بەهێزکردن و ڕێکخستنی ژنان لە ناو کامپەکەد دەدەن وتی: ئامانجمان بەهێزکردنی ژنان و دانپێدانانە بە مافەکانی ژنان و خەباتیان لە دژی توندوتیژی دژی ژنان، ئێمە لە هەموو کاتێکدا دەچینە کامپی کۆچبەران و لە کامپەکاندا سیمینار ئەنجام دەدەین، هەروەها بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان، لەم دواییانەدا خولی پەروەردەی دروومانمان بۆ ژنان کردەوە، ژمارەیەکی زۆر باش لە ژنان بەشداری ئەو پەروەردەیان کرد و فێری چنین بوون.

 

هەروەها سیمینار بۆ پیاوان بەڕێوەدەچێت

فاتما شێخی ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی سارا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە کامپی نەورۆزدا و زۆربەی ژنان سوودمەند بوون لەو سیمینارو پەروەردانەی کە پێشکەش دەکرێن و وتی: ڕێکخراوی سارا ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە، ئێمە سیمینارو پەروەردەی هۆشیاری لەسەر بەهێزکردنی ژنان و خۆدەربڕین ڕێکدەخەین، هەندێک جار سیمینار بە پیاوانیش دەدەین، کە تێیدا دەمانەوێت بیرکردنەوەی پیاوسالاری بگۆڕین.

 

"ژن بوونەتە خاوەن بڕیار"

فاتما شێخی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بە پەیوەندیکردن بە کۆمۆنەکان و ئەنجومەنەکانەوە بارودۆخی تایبەت چارەسەر دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زۆرجار گوێبیستی بارودۆخی تایبەت دەبین کە پەیوەندی بە کۆمۆنەکان و ئەنجومەنەکانەوە دەکەین بۆ ئەوەی لەناو کامپەکەدا چارەسەری بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بارودۆخانە پێکەوە چارەسەر بکەین، بنەڕەتیترین بارودۆخەکان کە ئێمە سەرنجی دەخەینەسەر لەناو کامپەکەدا بریتین لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی و چەواشەکاریی دیجیتاڵی و توندوتیژی و هاوسەرگیری منداڵان، ئەنجامێکی زۆر باش بیندراوە بە دابینکردنی سیمینارو پەروەردە، بوونەتە خاوەن ئیرادە، چونکە سەرەتا ژنێک لەناو کەمپەکەدا نەیتوانیوە خۆی دەرببڕێت.

 

" پڕۆژە بۆ ژنان دروست دەکەین"

فاتما شێخی باسی لەوەشکرد، کە ئەوانیش لەناو کامپەکەدا هەلی کار بۆ ژنان دەڕەخسێنن، هەروەها لە داهاتوودا پڕۆژەی گەورە بۆ ژنان دروست دەکەن، و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە دەستمان کردووە بە خولی پەروەردەی چنین بۆ ژنان، زۆرینەی ئەو ژنانە سوودیان لێ وەرگرتووە، هەموو ژنێک لە چادرەکەی خۆیدا دورین دەکات، نزیکەی ٦٠ ژن پەروەردەی دورینیان وەرگرتووە و فێربوون، و لە ئێستادا خەریکی ئامادەکردنی خولێکی تری پەروەردەین و ناوەندەکەمان فراوان بکەین بۆ ئەوەی ژمارەیەکی باش لە ژنان بێنە سەنتەرەکە و پڕۆژە بۆ ژنان دروست بکەن و هەلی کاریان بۆ دروست بکەن.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.