جیهان چاوەڕێی پەیامی مێژووی ڕێبەر ئۆجالانە و لە ڕێگەی شاشەی گەورەوە بڵاودەکرێتەوە

شاندی ئیمراڵی ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم دەچنەوە دیداری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و کاتژمێر ٥:٠٠ بە کاتی باشووری کوردستان، پەیامی مێژووی ڕێبەر ئۆجالان لەسەر شاشەی گەورە لە چەندین شوێنی جیهاندا پەخش دەکرێت.

جیهان چاوەڕێی پەیامی مێژووی ڕێبەر ئۆجالانە و لە ڕێگەی شاشەی گەورەوە بڵاودەکرێتەوە

ناوەندی هەواڵ

 

شاندی ئیمراڵی دەم پارتی، کە لە پەروین بوڵدان، سری سورەیا ئۆندەر، تولای حاتیمۆغولاری، تونجەر باقرخان، ئەحمەد تورک، جەنگیز چیچەک و فایەق ئۆزگوور ئەرۆل پێکدێن، لە ئێستادا دیداری سێیەم لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدەن، ئێوارەی ئەمڕۆش پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ دەخەنەڕوو.

 

پەیامی سەدەی ڕێبەر ئاپۆ، ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٥:٠٠ لە هۆتێل Elite World لە شاری ئەستەنبوڵ بۆ ڕای گشتی دەخرێتەڕوو، هەروەها لە وان و گۆڕەپانی شێخ سەعیدی پیران لە ئامەد شاشەی گەورە دادەنرێن و پەیامە مێژوویەکە پێشکەش دەکرێت.

 

لە دەیان شاری گەورەی جیهانیشەوە ئامادەکاری دەکرێت پەیامەکە لە ڕێگەی شاشەی گەورەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو بکرێتەوە.

 

هەروەها لە باشووری کوردستانیش بە دەستپێشخەریی نوێنەرایەتی دەم پارتی و هەدەپە لە باشووری کوردستان، لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، شاشەیەکی گەورە دادەنرێت و پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەخرێتەڕوو، هاوکات کۆمیتەی ئامادەکار، بانگهێشتنامەی بۆ هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و چەندین کەسایەتی سیاسیی لە باشووری کوردستان ناردووە.

 

لە مەخمور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە گەلێک ناوچەی وەک کۆبانێ، حەسەکە، قامیشلۆ، دێرک، ڕەققە، تەبقا و حەلەب ئامادەکاری کراوە بە جەماوەری بۆ پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەر ئۆجالان کۆببنەوە.