ناوەندی هەواڵ
لە سەروبەندی دووهەمین ساڵیادی کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبان و بەردەوامی گۆشەگیریی سەر ژنان و کچان، ژنانی ئەفغانی نیشتەجێی وڵاتی ئێران گردبوونەوە و دروشمی "داد و دادپەروەری، بێزار بووین لە نەزانی، گەیشتن بە میرنشینی دیلێتی و زەلیلکردن بنەمای هەموو نەزانییە"یان بەرز کردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، "لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١دا کاتێک تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست و بناغەکانی ژیانی خەڵک بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش داڕما و هیوا بۆ ژیانی ئاسایی لە ئەفغانستان هەڵوەشایەوە".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بە هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان "ئازادی گشتی و تاکەکەسی نەما، تاریکی و نەزانی لە جیاتی ڕووناکی و ئومێد زاڵ بوو، ئێستاش لە ساڵی دووەمی کۆنترۆڵکردنی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستانداین، دوو ساڵ لەمەوبەر جیهان شایەتحاڵی هەموو تاوانەکانی جەنگی دژ بە مرۆڤایەتی و ڕەگەزی بووەوە، کۆچی زۆرەملێ، جینۆساید، جیاکاری ڕەگەزی و تیرۆر ئەنجامدرا.
لە بەیاننامەکەدا چەند خاڵێک دیاریکراوە و تیایدا هاتووە، "ئەفغانستان مەیدان و پەناگەی ئەو گروپە تیرۆریستییەیە لە جیهاندا ناسراوە و ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە دۆسیەی ئەفغانستاندا بەرپرسیارن لە پێشگرتن لە تیرۆر لەو وڵاتە، دووەم: پێویستە ڕێککەوتنی دۆحەی نێوان تاڵیبان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بووە هۆی ئەوەی وڵاتەکە بکەوێتە دەستی تاڵیبانەوە، هەڵبوەشێنرێتەوە و لە ئەنجامدا ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و هەژاری و جیاکاریی ڕەگەزی و نەتەوەیی لە ئەفغانستاندا لێکەوتووەتەوە، سێیەم: ژنان نیوەی کۆمەڵگەی ئەفغانستانن، لەلایەن تاڵیبانەوە لەناوبراون، ئێمەش دەمانەوێت وڵات لە گروپە تیرۆریستییەکان پاکبکەینەوە، بۆ ئەوەی هیچ ژنێک نەبێتە قوربانی هەڵاواردنی ڕەگەزی."




