بە ئامانجگرتنی خوێندنگەی ئەلتابعین خەڵکی مەدەنی لەناویاندا منداڵ کوژران

لە ئاکامی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خوێندنگەی ئەلتابعین کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێیە، لە شەقامی ئەلنەفەق لە کەرتی غەززە، ٨ هاوڵاتی مەدەنی کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون.

بە ئامانجگرتنی خوێندنگەی ئەلتابعین خەڵکی مەدەنی لەناویاندا منداڵ کوژران

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٤١٨یەمین ڕۆژی شەڕی سەر غەززە، لە شەقامی ئەلنەفەق لە کەرتی غەززە،  بەهۆی بەئامانجگرتنی خوێندنگەی ئەلتابعین کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێیە، ٨ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە منداڵیشیان تێدایەو ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون و تا ئێستاش گەڕانەکان بەردەوامن بۆ کەسانی بێسەروشوێن.

 

هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل ماڵێکیان کردە ئامانج کە دەکەوێتە پشت خوێندنگەی “شهداء الزيتون” و لانیکەم ٧ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە منداڵیان تێدایەو بیست برینداری لێکەوتەوە.

 

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٧ی تشرینی دووەمەوە بۆردومانەکە لە نزیک ناوەندی پەناگەی بەیت لاحیە و پڕۆژەی بەیت لاحیە و دەوروبەری نەخۆشخانەی کەمال عەدوان چڕ بووەتەوە.

 

هێزەکانی ئیسرائیل گەمارۆی قوتابخانەی " عوني الحرثاني"یان دا و ئاوارەکانیان ناچار کرد چۆڵی بکەن و بەرەو ڕۆژئاوای شاری غەززە بڕۆن، هەروەها بۆردومانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شارەکە لە ڕەفعە چڕتر بوونەوە.