ناوەندی هەواڵ
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لێدوانێکی میدیایدا لە بارەی دواخستی هەڵبژاردن پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، کە تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دواخستن یان ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەئارادا نییە و كۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لە ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵدا.
ئەو وتەبێژە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە یەكەمین پرۆسەی ئەزموونی ئەنجام دەدەن و دوای تەواوبوونی پرۆسەکە و پشتڕاستكردنەوەی، ئەنجومەنی كۆمسیاران پەسەندی دەكات و دەست دەكات بە دانانی ناوی كاندیدەكان لەسەر كاغەزەكانی دەنگدان و چاپكردنیان.
بڕیارە لە ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دیاریکردنی ١٠٠ کورسی پەرلەمان، بە سەرپەرشتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە بچێت.




