ناوەندی هەواڵ
ئیلهام قەدوری، سەرۆكی كۆمەڵەی ئیلهام بۆ چاودێریكردنی منداڵانی بێ دایك ڕایگەیاند، نەبوونی ئارامی ئەمنی لە دیالە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی زیانبەرکەوتووان، ئەمەش ژمارەیەكی زۆر منداڵی بێ دایك و باوكی لە دوای خۆی بەجێهێشووە، كە ژمارەیان نزیكەی ١٠ هەزار كەسە لە دیالە، ئەمەش ژمارەیەكی زۆرە كە پێویستی بە سەرنجی جدییە.
وتیشی: زۆرترین ڕێژەی ئەم منداڵە بێ باوكانە وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەمەش بەو واتایە کە ڕووبەڕووی نەوەیەكی نەخوێندەوار دەبینەوە، كە ڕەنگە لەلایەن باندەكان یان گرووپ و باندە تاوانكارییەكانەوە بەكاربهێندرێن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ كارەساتێكی مرۆیی.
ڕوونیشی كردەوە، ئەو هەوڵانەی لەلایەن كۆمەڵگە و ڕێكخراوە خێرخوازییەكان دراون بە بەراورد لەگەڵ قەبارەی ئەم كارەساتە سنووردارە، ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی سندووقێكی تایبەتە بە چاودێریكردنی منداڵانی بێ باوك و پەرەپێدانی چەندین بەرنامە بۆ ڕزگاركردنیان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان.
جەختیشی لەوە كردەوە، دیالە لە پێشەنگی پارێزگاكانی عێراقدایە لە ڕووی ژمارەی منداڵانی بێ باوكەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو شەڕانەی و پشێوەوەیە كە كارەساتی بەجێهێشتووە و ڕەنگە بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بێت.




