"ئیسرائیل کۆمەڵکوژی دژی غەززە کردووە"

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئیسرائیل کۆمەڵکوژی دژی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە کردووە.

"ئیسرائیل کۆمەڵکوژی دژی غەززە کردووە"

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامەو تا ئێستا زیاتر لە ٤٤ هەزار کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوەو هەزارانیش برینداربوون و بێسەروشوێنن.

 

ئەمڕۆ ٥ی کانوونی یەکەم، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، وێنەی مانگە دەستکردەکان و ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە غەززە دەکرێن، دەریدەخەن حکومەتی ئیسرائیل و بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان کردووە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئیسرائیل بەشێوەیەکی نامرۆڤانە و ناشایستە مامەڵەی لەگەڵ فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە کردووە و ویستوویەتی لەناویان ببات، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەکو ئاگادارکردنەوەیەک سەیری بەڵگەنامەکانمان بکات، ئەوەی ڕوودەدات کۆمەڵکوژییە، دەبێت ئێستا بوەستێندرێت.

 

ئەمنستی لە ڕاپۆرتەکەیدا کە ٣٠٠ لاپەڕەیە ئاشکرایکردووە، لەکۆی ٢.٤ ملیۆن دانیشتووی غەززە، ٩٠%یان ئاوارە بوون و ئیسرائیل لە سەرەتای هێرشەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە گەمارۆی تەواوەتی خستووەتە سەر کەرتەکە و نەیهێشتووە سووتەمەنی، ئاو و کارەبا بگاتە کەرتەکە. 

 

ئەگنس کالامارد، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری لاهای هۆڵەندا وتی: گومان لەوەدا نییە کە ئیسرائیل ئامانجی سەربازی هەیە، بەڵام ئەو ئامانجانەی بوونەتە هۆی کۆمەڵکوژی.