ناوەندی هەواڵ
لە سەرەتای ئەم مانگەدا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەموواركردنەوەی پرۆژە یاسای باری کەسێتی كرد، بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران دژی پرۆژە یاساكە وەستاونەتەوە، لە هەمانكاتدا توڕەیی شەقام و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە داكۆكیكردنی لە مافەكانی ژنانی بەدوای خۆیدا هێناوەو ئاماژەیان بەوەکرد، یاساكە كۆمەڵێك بڕگەی تێدایە پێشێلی مافەكانی ژنان و منداڵان و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان دەكات كە عێراق واژۆی كردوون.
کاردانەوەکان بۆ ڕەتکردنەوەی هەموواری یاساکە تادێت فراوانتر دەبێت و ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەوبارەیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "ئێكس" ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: نیگەرانین لە پێشنیازەكانی هەموواركردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق، چونكە ئەم هەموواركردنەوە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی مافەكانی ژنان و منداڵان.
وتووشیەتی: داوا لە عێراقییەكان دەكەن بەشداریی لە گفتوگۆیەكی مەدەنییانە بكەن و بە تەواوی ڕێز لە ئازادیی ئایین، بیروباوەڕ و مافەكانی ژنان و منداڵان بگرن.




