ناوەندی هەواڵ
عەقید سەفین تاهیر محمد ئەمین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان-هەولێر لە پێگەی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە فەیسبووک سەبارەت بە توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان هۆشداری داو ڕایگەیاند، هەر ژنێک لە ڕێگەی نامە و ڤیدیۆ هەڕەشەی لێكرا پێویست ناكات ملکەچی كەسی تاوانبار بێت و یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێری پەیوەندییەكان هەیە و بەپێی یاساكە کەسی تاوانبار ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
وتیشی: بە پێی بەڵگە، كەسی تاوانبار سزاكەی لە شەش مانگەوە دەست پێدەکات تا پێنج ساڵ لەگەڵ سزادانی دارایی.
باسی لەوەشکرد، بەرێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش و توندوتیژی ژووری تایبەتیان بە خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردووەتەوە، لە کاتی بوونی هەڕەشە پەیوەندی بەو شوێنانە بكەن، ئەو شوێنانە بەدواداچوون بۆ كەیسەكەیان دەكەن و كەسی تاوانبار دەستگیر دەكەن و رووبەرووی دادگای دەكەنەوە.
لە باشووری کوردستان لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ۱۰ ژن کوژراون و نۆ ژنی دیكەش بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە.




