ژیاننامەی ئەمڕۆ: زەها حەدید شاژنی تەلارسازی

زەها حەدید ناوی لە لیستی بەناوبانگترین تەلارسازەکانی جیهانە و پلەی چوارەمی بەهێزترین ژنی عەرەبی وەرگرتووە بە هۆی زیرەکیەکەیەوە، خاوەنی ١٠٠٠ پرۆژەیە لە ٤٤ وڵاتی جیهان.

زەها حەدید ناوی لە لیستی بەناوبانگترین تەلارسازەکانی جیهانە و پلەی چوارەمی بەهێزترین ژنی عەرەبی وەرگرتووە بە هۆی زیرەکیەکەیەوە، خاوەنی ١٠٠٠ پرۆژەیە لە ٤٤ وڵاتی جیهان.

ناوەندی هەواڵ

 

زەها بە شاژنی دیزاین و تەلارسازی ناسراوە، ناوی لە لیستی ١٠٠ تەلارسازەکەی جیهانە و خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتیە، تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠٠ پرۆژەی گەورەی هەیە لە ٤٤ وڵاتی جیهاندا، یەكەمین ژنیش بوو كە مەدالیای ئاڵتونی پەیمانگای شاهانەی ئەندازیارە تەلارسازەكانی بەریتانیا وەربگرێت، هەرچەندە بە زیرەکی لە بوارەکانی دیزانی تەلارسازیدا ناسراوە بەڵام لێهاتووش بووە لە دیزاینەکانی جل و بەرگ و جانتاو پێڵاو.

 

زەھا حەدید، ساڵی ١٩٥٠ لە بەغدا لەدایکبووە، دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، دەچێتە زانکۆی ئەمەریکی لە بەیروتو ساڵی ١٩٧١ بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستدەھێنێت، پاشان بۆ درێژەدان بەخوێندن دەچێتە کۆلێژی ئەندازیاری لە لەندەن.

 

زەھا لە ساڵی ١٩٧٠ەوە دەستدەکات بە دیزاینی تەلارسازیکاتێک لە پێشبڕکێیەکدا لە ئەڵمانیا بەشداری دەکاتو دیزاینەکەی خەڵاتی یەکەم دەباتەوە سەرنجی زۆربەی پسپۆڕان بۆ لای خۆی ڕادەكێشێت، یەکەم ژنە دیزانەری تەلارسازە کە توانی لە ساڵی ٢٠٠٤ خەڵاتی "پریتزکەر" بەدەستبهێنێت،  تا ئێستا ١٧ خەڵاتی نێودەوڵەتیشی بەدەستھێناوە.

 

لەساڵی ٢٠١٣ دا لە لیستی ١٠٠ بەهێزترین ژنی عەرەبدا پلەی چوارەمی وەرگرت، یەكەمین ژنیش بوو كە مەدالیای ئاڵتونی پەیمانگای شاهانەی ئەندازیارە تەلارسازییەكانی بەریتانیا وەربگرێت.

 

زەھا زیاتر لە ١٠٠٠ پڕۆژەی سەرنجڕاکێشو گەورەی لە ٤٤ وڵاتی جیھاندا دیزاین کردووە، لەوانە، هونەرە ھاوچەرخەکانی ڕۆما، ویستگەی شەمەندەفەری ستراسبۆرگ لە ئەڵمانیا، سەنتەری عەلیێف لە باکۆ - ئازەربایجان، پردی ئەبوزەبی لە ئیمارات، یاریگای ستادیۆمی قەتەری تایبەت بەمۆندیالی ٢٠٢٢، ستادیۆمی ئۆڵۆمپی لە لەندەن، خانەی ئۆپرا لە چین، میترۆی ڕیاز، مۆزەخانەی ماکسی لە ڕۆما، بینای شانێل لەنیۆرک، بەندەری سالیرنۆ لەئیتاڵیاو گەورەترین فڕۆکەخانەی جیھان لە پەکین کە ٤٥ میلیۆن گەشتیار ساڵانە گەشتی لێوە دەکەن.

 

ڕۆژنامەیەکی ئیتاڵی دەربارەی زەھا دەنووسێت" ئەم ژنە ئەسمەرە چاو ڕەشە عێراقیە، بە گەورەترین ھونەرمەندی سەردەمی نوێ دادەنرێت"، زەھا وانەی لە زۆرێک لە ناودارترین زانکۆکانی ئەمەریکا و ئەوروپا وتووەتەوە تا لە ساڵی ٢٠١٥ خانەنشین دەبێت، لە پەیمانگای تەلارسازی زانکۆی ھونەری ڤێنا خاوەنی کورسی پرۆفیسۆری بووکە نرخی ئەو مێزەی کاری لەسەر کردووە ٣٨٠ ھەزار دۆلاربووە.

 

لەساڵی ٢٠١٦ لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ كۆچی دوای کردووە، بەپێی ئاشکراکردنێکی ڕۆژنامەی تەلەگراف بڕی ئەو سامانەی بەجێێ هێشتووە ٨٥ ملیۆن دۆلارە، لە ماوەی ژیانیدا هاوسەرگیری پێکنەهێناوە و بەپێی وەسێتنامەكەی سەروەت و سامانەكەی بەسەر هەریەك لە ئەندامانی خێزانەكەی، ڕێكخراوە خێرخوازییەكان و نوسینگە ئەندازیارییەكاندا دابەشكراوە.

 

ت.پ