ژیاننامەی ئەمڕۆ: شاژنی بێ تەخت و تاجی گۆرانیبێژان

هونەرمەند ئایشە شان بە هۆی کۆڵنەدان و ئەو هەنگاوانەی لە سەردەمی نێرسالاریدا ناویەتی نازناوی شاژنی بێ تەخت و تاجی پێداوە لە باکوری کوردستان.

هونەرمەند ئایشە شان بە هۆی کۆڵنەدان و ئەو هەنگاوانەی لە سەردەمی نێرسالاریدا ناویەتی  نازناوی شاژنی بێ تەخت و تاجی پێداوە لە باکوری کوردستان.

ناوەندی هەواڵ

 

ئایشە شان، یەکێک بووە لە هونەرمەندە ڕێچکە شکێنەکانی باکوری کوردستان، بڕوای تەواوی بە ئازادی ژنان هەبووە و دژی نێرسالاری وەستاوەتەوە، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەستی کردووە بە کاری هونەری، هەرچەندە باوکی هونەرمەندیکی ناسراوی ئەو سەردەمە بووە بەڵام توشی ڕەخنەیەکی زۆر کراوەتەوە لەلایەن خانەوادەکەی بەوهۆیەوە لە بارودۆخێکی سەختدا درێژەیداوە بە کارە هونەریەکانی.

 

ئایشە شان، لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان لە خانەوادەیەکی سۆفی لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٥٣ دەستیکردووە بە کاری هونەری، لەبەر ئەوەی بە زمانی کوردی گۆرانیوتووە چەندین جار ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان بووەتەوە، چونکە لە باکوری کوردستان قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغەیە.

 

ئایشە شان، یەکێکە لە هونەرمەندە ئازاکانی باکوری کورستان بە هۆی کورد بوون و وەستانەوەی دژی دابونەریتە نێرسالاریەکان هەمیشە لە ئاوارەیدا بووە لە وڵاتەکەی خۆی. لەسەر بەردەوامی گۆرانی ووتن لەلایەن خێزان و بنەماڵەکەیەوە بە بەردەوامی ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، چەندین جار ‌هەڕەشەیان لێکردووە، بەڵام دایکی هەمیشە وەک قەڵایەک پشتگیری کردووە.

 

لە ئەستەنبوڵ گۆرانی بە زمانەکانی کوردی و تورکی تۆمار کردووە، پاشان ڕوو دەکاتە وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی فشاری زۆرەوە دەگەڕێتەوە ئەستەنبوڵ، لە ساڵی ١٩٦٠ یەکەمین ئەلبوومی خۆی بڵاو دەکاتەوە.

 

لە ساڵی ١٩٧٩ لە رادیۆی بەغداد دەست بە کارکردن دەکات و چەندین گۆرانی تۆمار دەکات، سەردانی شارەکانی هەولێر، موسڵ و دهۆکی کردووە، پاشان چووەتە ئیزمیر نیشتەجێ بووە. یەکێك لەو بەرهەمانەی کە تا ئیستاش دەنگدانەوەی هەیە لە ناو هاوڵاتیان گۆرانی "غەریبم دایە"یە کە بۆ مەرگی دایکی وتووە، گوێگرانی ئەم هونەرمەندە نازناوی شاژنی بی تەخت و تاجیان پێداوە.

 

لە ١٨ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٦ لە ئیزمیر ئایشە شان کۆچی دوایی دەکات، هەر لەوێش بە خاکی دەسپێرن هەرچەندە وەسیەتی کردووە کە تەرمەکەی بەرنەوە بۆ گوندەکەی خۆی بەڵام تا ئێستا کەس ئەم ئەمانەتەی بەجێنەهێناوە. لەپاش مردنی زۆربەی بەرهەمەکانی کۆکراوەتەوە و دوبارە کاری موزیکی بۆ نوێکراوەتەوە.