ژیاننامەی ئەمڕۆ: پڕۆفیسۆر نەسرین فەخری

دکتۆر نەسرین فەخری یەکێکە لە ڕوناکبیرەکانی شاری سلێمانی کە چەندین خزمەتی بە ئەدەب و زمانی کوردی کردووە، یەکەم کەس بووە نامەی دکتۆرای لەسەر زمانی کوردی بنووسێت و خاوەنی زیاد لە ٣٣ کتێب و دەستنووسە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.

ناوەندی هەواڵ

 

نەسرین محەمەد فەخری سابونچی لە ڕۆژی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٧ لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی لەدایک بووە، خێزانی نەسرین یەکێک بوون لە خێزانە ڕۆشنبیر و کورد پەروەرەکانی شاری سلێمانی.

 

بەهۆی ئەوەی باوکی نەسرین یەکێک بووە لە ئەفسەرانی سوپای عێراق و زۆربەی شارەکانی کوردستان گەڕاون، بەو هۆیەوە نەسرین قۆناغەکانی خوێندنی لە هەریەک لە شارەکانی کەرکوک، هەولێر و بەغدا تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٥٩ بڕوانامەی بە کالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی لە کۆلێجی ئادابی زانکۆی بەغداد بەدەست دەهینێت.

 

یەکەم کەس بووە نامەی دکتۆرای لەسەر زمانی کوردی نووسیوە

نەسرین سەرەڕای ئەوەی بەکالۆریۆسەکەی لەسەر زمان و ئەدەبی عەرەبی بوو، بەڵام بەهۆی خۆشویستنی بۆ زمانی دایک لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا ڕوودەکاتە یەکێتی سۆڤیەت و لە شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دەست دەکات بە خوێندن و دکتۆرا لە هەردوو زمانی کوردی شێوەزاری کرمانجی خواروو و ژوورودا بەدەست دەهێنێت. ئەم نامەیەی نەسرین لەو سەردەمەدا یەکەم نامەی دکتۆرا بووە لەو سەردەمەدا لەسەر زمانی کوردی بنووسرێت، دواتریش بە دکتۆر نەسرین فەخری ناسرا.

 

دکتۆر نەسرین درێژە دەدات بە خوێندن و پلەی پرۆفیسۆر بەدەستدەهێنێت، دوای تەواوکردنی خوێندن وەک پڕۆفیسۆر دەگەڕێتەوە بەغدا و لە کۆلێجەکانی ئاداب، پەروەردە و زمان دەبێتە مامۆستا و سەدان خوێندکار لە بواری زمانی کوردیدا پێدەگەیەنێت.

 

لە ڕێگەی قەڵەمەکەیەوە خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی کردووە، خاوەنی دەیان لێکۆڵینەوەی زانستییە لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا، نەسرین فەخری خاوەنی خەرمانێک بەرهەمی چاپکراوە و نزیکەی ٤٠ کتێبی بە زمانی کوردی و عەربی نووسیوە.

 

١١ کتێبی بەزمانی شیرینی کوردی نووسیوە و ١٢ کتێبی دەستنووسی کوردیشی لەدوا بەجێماوە، هەروەها ١٠ کتێبیشی بە زمانی عەرەبی نووسیوە و سێ‌ دەستنووسی عەرەبیشی لەپاش بەجێماوە. دکتۆر نەسرین لەگەڵ زمانەوانیدا بایەخی بە شعریش داوە و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چوار دیوانی شعری چاپکردووە. لەگەڵ ئەمانەشدا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا سەدان وتار و لێکۆڵینەوەی بە هەردوو زمان بڵاوکردووەتەوە.

 

لە دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد و کۆڕی زانیاری کورددا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر بووە، لەو ڕێگەیەوە خزمەتی بە گەل و نیشتیمان کردووە. هەروەها ئەندامی لیژنەی دانانی پڕۆگرامی خوێندن بووە لە وەزارەتی پەروەردە، لە ڕادیۆی بەغداد شوێندەستی دیار بووە، جێگای داخە کە بەشێک لە کتێبەکانی فەوتاون و ئەوەی ماوەتەوە لەلایەن بەرپرسانی بنکەی ژینەوە پارێزراوە کە دکتۆر نەسرین خۆی پێشکەشی کردوون.

 

نەسرین فەخری بەشداری دەیان کۆنگرە و کۆنفرانسی زانستی و ئەدەبی لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات کردووە، چەندین خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوە، لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت: "ڕقم لە وشەی خانەنشینییە، خانەنشین نیم، خاک نشینم تا مردن خزمەتی گەل دەکەم".

 

پاش خزمەتێکی زۆر بە بوارەکانی زمان، ئەدەب، کەلەپور و کلتوری کوردی، لە ڕۆژی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، دکتۆر نەسرین فەخری بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد و لەگردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

 

ت.پ