ژیاننامەی ئەمڕۆ: دڵکه‌ش، ژنی ئاوازى ئێران
عيسمهت باقرپور ناسراو به دڵکه‌ش، گورانیبێژى به‌ناوبانگى وڵاتى ئێرانه، که به 'خاتوونى ئاوازى ئێران' و 'ژنى حه‌نجه‌ره زێرين' ناسراوە.
ناوەندی هەواڵ
عيسمهت باقرپور به ناوى هونه‌رى دڵکه‌ش، ساڵى ١٩٢٤ زاینی له شارى بابولى وڵاتى ئێران لەدایکبووە، بەهۆى خراپى بارودۆخى ئابورى و له‌ده‌ستدانى باوکى، دايکى دەینێرێت بۆ تاران تاکو لاى مه‌ولودی خوشکى گه‌وره‌ى ژيانى خۆى به‌رده‌وام بکات.
زههيرهالدينى مامۆستاى کهمانى قوتابخانەکەی دڵکه‌ش، توانا هونهرییەکەی دڵکه‌شی دۆزییەوە و عه‌بدول عه‌لى وه‌زيرى ناساند، وهزيریش بۆ ماوەی سێ ساڵ وانەی ئاوازی بە دڵکەش دا، له ساڵى ١٩٤٤ دڵکه‌ش بۆ يه‌که‌مجار له ڕاديۆ ده‌نگى بڵاوبووەوە.
دڵکه‌ش له ڕاديۆ گۆرانيه سونهتییەکانى شارى بابولی وه‌ک روبابه گيان، مه‌ريه‌م گيان، زه‌هرا گيان، ئه‌ميرى و ره‌عنا گيانى وته‌وه، لێهاتووی ئەو ژنە بە جۆرێک بوو هەر له ته‌مه‌نى ٢١ ساڵيدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندە به‌ناوبانگه‌کانى ڕاديۆدا گۆرانى دەوت.
عیسمەت ناوێکی دڵکەش بوو
روح الله خالقى ناوى دڵکهشى بە خاتوو عيسمهت دانا، خولیای ئەو هونەرمەندە بۆ گۆرانی جۆری سونه‌تى ئاواز، بووە هۆى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ مەهدى خاليدى ماموستاى ئاوازى سونه‌تى ئێران دهستبەکار بکات و هيچ کاتێک له تهلهفيزیۆن دهرنەدەکهوت و ته‌نها له راديۆ و کونسێرتدا به‌شدارى ده‌کرد.
دڵکەش ٢٠٠ هۆنراوەی بڵاوکردووەتەوە
دڵکه‌ش له ماوه‌ى ٦٠ ساڵ ژيانیدا، ٢٠٠ هۆنراوه‌ى به شێوازى ئاواز و تهسنيف بڵاوکردووەتەوە، شاعيرانى به‌ناوبانگی وه‌کو ره‌حيم موعينى کرمانشايى، ئيسماعيل نه‌واب سه‌فا، بيژه‌ن ته‌ره‌قى، ناسر شهريفى، و ...، هاوکاری دڵکهشیان کردووه.
هه‌روه‌ها عه‌لى تهجويدى، مێهدى خاليدى، پهرويز ياحهقى، مه‌جيد وه‌فادار و چەندین ئاوازدانەری دیکە، ئاوازیان بۆ دڵکەش ئامادە کردووە.
ئيسماعيل کوشان له کۆمپانياى پارس فيلم توانى ئەو گۆرانیبێژە بە دنياى سينه‌ما بناسێنێت و بۆ يه‌که‌مجار دڵکه‌ش وه‌کو ئه‌کته‌رێک له فيلمى "شه‌رمه‌زار"دا ده‌رکه‌وت، لەو ساڵەشدا بووە پڕفرۆش‌ترین فیلم، هەروەها له فيلمى دایک، ئه‌فسونگه‌ر، داهاتوو روناکه و قومارى ژياندا ڕۆڵی گێڕاوە.
لە دوای ئینقلابی ئێران و هاتنە سەر حوکمی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، ئیدی بۆ ژنان قەدەغە کرا لە کاری هونەریدا دەرکەون، گۆرانی وتن و چوونە سەر تەختەی شانۆ ڕێگە پێنەدراو بوو بۆ ژنان، دڵکهشیش وەک هونەرمەندێکی ژن بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بێدەنگ کرا.
دڵکه‌شی حەنجەرە زێڕین له ساڵى ٢٠٠٤دا له نەخۆشخانەی میهر بەهۆی نه‌خوشى گورچيلەوە گيانى له‌ده‌ستدا و له گۆڕستانى ئيمام زاده‌ى که‌ره‌ج بەخاک سپێردرا، بۆ مردنەکەشی مەراسيمێکى تايبه‌تی بۆ نەکرا و سه‌دا و سيماى دڵکەش بە بێدەنگی لەبەرچاو ون بوو، ئێرانیش دانى به مردنى ئه‌و هونەرمەندە بهناوبانگەدا نه‌نا.
ت.پ