لە ئێران قەیرانی کارەبا ژیان و کارسازی تێکدەدات

لە ئێران پچڕانی بەردەوامی کارەبا بووەتە هۆی دروستبوونی گەلێک کێشە. هەرچەندە بەرپرسان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دۆخەکە بەرەو باشتربوون دەچێت، بەڵام دوای هێرشەکانی دوایی بۆ سەر ژێرخانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا، زیانەکان لە زۆر بواردا زیادیان کردووە

ژوان شەریفزادە

بۆکان – ساڵی رابردوو پچڕانی کارەبا زیاتر بەپێی پلان ئەنجام دەدرا و کڕیارەکان بەپێی ئەوە بەرنامەڕێژی خۆیان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بە تەواوی دیار نییە کەنگێ کارەبا دەبڕێت. هەندێک جار پێنج خولەک، هەندێک جار لە هەمان ڕۆژدا نزیکەی نیو کاتژمێر دەڕوات، دواتر دوو کاتژمێر. هەندێک ڕۆژ کارەبا نابڕێت بەڵام ئەوەش دیار نییە کەی ڕوو دەدات.

بۆ ئەوەی بەردەوام بم، ناچار بووم ئامێرێکی شەحنی گوێزراوە مۆلیدەی بچووک بەکاربهێنم. ئەویش نزیکەی دوو کاتژمێر کار دەکات، بەڵام دەستپێکردنی پچڕانی کارەبا و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە هۆی ئەوەی نرخی ئەو بەرهەمەی کە هەرە زیاتر بەکاردەهێنرێت لەدوو  ملیۆن تمەنەوە ببێتە هەشت ملیۆن تمەن. بە دڵنیاییەوە، ئەمە ئێستا زۆر گرانترە.

 

ئەمە وتەکانی موژگان گ.ـیە کە لە ساڵۆنێکی جوانی و لە بەشی نینۆکدا کار دەکات. وەک زۆرێک لەو ژنانەی کە بۆ کارەکانیان پێویستیان بە کارەبایە، موژگانیش ڕووبەڕووی زۆرێک لە کێشەکان دەبێتەوە.

لە ئێران پچڕانی بەردەوامی کارەبا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ کارساز و بازرگانە جۆراوجۆرەکان بووەتە هۆی زیانی گەورە. هەرچەندە حکومەت بە بەردەوامی ئینکاری ئەم کێشەیە دەکات و ڕەتی دەکاتەوە بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ بەڵام مەرج و بارودۆخی جەنگ و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی ئێنێرجی، فشاری سەر تۆڕی دابەشکردنی کارەبای زیاتر کردووە و بەرپرسانی حکومەتیش فشارێکی گەورەتریان خستووەتە سەر ڕای گشتی.

 

لە ئێران کەمبوونی کارەبا و قەیرانی بەرفراوانبوو

ئێران بە هەبوونی نزیکەی ۲۰۰ وێستگەی کارەبا، لەوانەش وێستگە گەرمییەکان، وێستگەکانی کەهرۆئاوی ، یەکەکانی ئێنێرجی نوێبووەوە و وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر؛ خاوەنی یەکێک لە گەورەترین تۆڕەکانی کارەبایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەپێچەوانەی تۆڕی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی بەرفراوان، زۆرێک لە کێشەکان سەریان هەڵداوە. لەوانەش نەگەیشتنی سووتەمەنی، سزاکانی نێودەوڵەتی، کۆسپ و ئاستەنگی وێستگەکانی کارەبا و تۆڕی گواستنەوە. قەرزی حکومەت بە وێستگەکانی کارەبا و هەناردەکردن بۆ وڵاتانی وەک ئەفغانستان، پاکستان، عێراق و ئەرمەنستان، تەخمینی ئەوەی بۆ کراوە کە ئەم هاوینە کەمبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لە نێوان ۱۰ هەزار بۆ ۱٨ هەزار مێگاواتدا بووبێت.

 

جەنگ و زیانگەیشتن بە ژێرخانی کارەبا

لە جەنگی ئێستادا کە لە ئازاری ۲۰۲٥ دەستی پێکرد، گەورەترین زیان بەر کەرتی کارەبا کەوت. کارمەندی وێستگەی کارەبا و پسپۆڕ لەم بوارەدا، داریا کازمی (ناوى خوازراو)، دەڵێت: لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگدا، خەڵک بەرەو کڕینی نەوت، بنزین، گڵۆپ و لایتی گازی، فەنەر و کۆمەڵێک شتی تر دەچوون و ترسی پچڕانی کارەبا زۆر جددی بوو، بەڵام زیانەکان بە شێوازێکی جیاواز خۆیان نیشان دا. هەرچەندە ژێرخانی بەرهەمهێنان ڕووبەڕووی هێرش بووبێتەوە، زیانی لێکەوتووە مەزەندە دەکرێت کە زیاتر لە ٧,٠٠٠ مێگاوات بێت، هەروەها فشاری سەر تۆڕەکە کە لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامە، زۆر زۆرە و لە زیابووندایە.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، زیانی لێکەوتووی وێستگەکانی کارەبای بەستراوە بە پێشەسازییەکانی پۆڵا و پترۆکیمیایی لە ئەسفەهان، مەهشەهر و عەسەلویە، هێرشکردنە سەر وێستگەی کارەبای خولی هاوبەشی ئەحمەد کازمی، وێرانکردنی بەشێک لە تۆڕەکانی دابەشکردن لە کیش، جاسک، بەندەر عەباس، قشم، مەهشەهر و سیراک، و بڕینی نزیکەی ۲٥٪ی بەرهەمهێنانی گاز، ڕەوشی کەمبوونی کارەبای خراپتر کردووە.

هەروەها زیانگەیشتن بە ئیستگەکان و تۆڕەکانی گواستنەوە لە کەج، تاران، سیستان، بەلووچستان، بوشەهر و هورمزگان بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە توانای گواستنەوە لە کاربکەوێت و لە خول دەربچێت.

 

خەڵک لە ناو قەیراندا لە زیانی داراییەوە تا ژیانی مرۆڤەکان

بۆ خەڵک، پچڕانی کارەبا تەنها تاریکی نیە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە واتای ئاستەنگ دروستکردن یان مەترسی لەسەر ژیانیش دێت. لە زۆربەی شارەکاندا، پچڕانی کارەبا بێ بەرنامەیە و زیاتر لە دوو کاتژمێر دەخایەنێت. دانیشتووی بۆکان شیرین، ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەندێک ڕۆژدا پچڕانەکە تا چوار کاتژمێر دەخایەنێت.

 

وتراوە کە پچڕانی کارەبا لە ساڵی٢٠٢٦  بە بڕی نزیکەی ٤٠٠ تریلیۆن تمەن زیانی گەیاندووە و مەترسی بێکاری و ئیفلاسبوونی لەسەر ئاستی بچووک (میکرۆ) و گەورەشدا (ماکرۆ) زیاتر کردووە. خاوەنی کافێیەک لە تاران بە ناوی دێلارام م. یەکێک لەوانەیە کە بەهۆی پچڕانی شەش کاتژمێریی کارەباوە بیر لە داخستنی شوێنی کارەکەی دەکاتەوە. وەک زۆرێک لە کەسانی تر، ئەو ناچار بووە مۆلیدەیەکی کارەبا بکڕێت بەڵام پچڕانی بێ بەرنامە شتەکانی بۆ ئەو دژوارتر کردووە.

 

زۆرێک لە خەڵکی بەهۆی گەرمای زۆرەوە ڕوو لە کۆڵانەکان دەکەن

لە کاتێکدا زۆر کەس بەهۆی گەرمای زۆر و کارنەکردنی ئامێرەکانی ساردکەرەوە لە ناو تاریکیدا ناچار دەبن لە کۆڵان و شەقامەکاندا بمێننەوە، ئاویش لە هەندێک گەڕەک و بیناکاندا دەبڕێت. زەینەب ک. کە لە ناوچەی کاودانان دانیشتووە کە یەکێکە لە هەژارترین ناوچەکانی مەهاباد، وتی: پەمپەکانی کارەبا بۆ دابینکردنی ئاو بەکاردەهێنرێن و لەگەڵ پچڕانی کارەبادا ئێمە ڕووبەڕووی کەمبوونی ئاویش دەبینەوە.

بۆ کەسانی تر وەک شەهلا و. پسپۆڕی چەکی کیمیایی کە لە سەردەشت دەژێت، پچڕانی کارەبا لەو کاتەی پێویستیان بە ئامێرەکانی ئۆکسجین دەبێت کێشەیەکی گرنگ و ژیانییە. ئەم ڕەوشە لە کاتێکدایە کە پچڕانی کارەبا لەسەر بنەمای چینایەتی دووبارە دەبێتەوە، وەک ساڵانی پێشوو و لەو کاتەی پچڕانەکان لە ناوچە دەوڵەمەندەکاندا لە کەمترین ئاستدایە.