گرتنەوەی ئاو لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەریاچەکانی عێراقی وشک کردووە

عێراق پێنجەمین وڵاتە کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر داناوە، گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات و زێی بچوک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاشەوە، مەترسی بیابانبوونی عێراقی زیاتر کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

قەیرانی ئاو لە عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین زیادیکرد، هەروەها گرتنەوەی ئاوی دیجلە و فورات و ئاوی زێی بچوک لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە کاریگەری وشکەساڵی زیاتر کرد و بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق پێنجەمین وڵاتە لە جیهاندا زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.

 

عێراق نزیکەی ٢٢ دەریاچەی هەیە بە قەبارەی جیاواز، بەڵام دیارترینیان بریتین لە: رەزازە لە پارێزگای کەربەلا، ساوە لە پارێزگای موسەنا، حەبانیە لە پارێزگای ئەنبار، حەمرین لە پارێزگای دیالە، دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی.

 

دەریاچەی ڕەزازە، یەکێکە لە دەریاچە گەورەکانی عێراق و دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای ئەنبار و کەربەلا، ئاوەکەی لە ڕووباری فوراتەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕووبەرەکەی بە هەزار و ٨١٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە مەزەندە دەکرێت، توانای هەڵگرتنی ٢٦ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا سەرچاوەیەکی گرنگی سامانی ماسی بووە، جگە لە جۆراوجۆری ژینگەیی، هەروەها ناوچەیەکی گەشتیاری بووە.

 

دەریاچەکە جۆرەها ماسی تێدابووە، کە یەکێک بوون لە باشترین ماسییەکانی جیهان، لەوانە ماسی کاتی و قاوەیی و کارب، جگە لە چەندین باڵندەی کۆچبەر، هەزاران ماسیگر و خێزان بە ڕاوکردنی ماسی و باڵندە بژێوی ژیانیان لەسەر ڕەزازە دابین دەکرد، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ دەریاچە بووەتە ئاوەڕۆی پارێزگای کەربەلا و بەرەو لەناوچوون چووە.

 

دەریاچەی ساوا لە پارێزگای موسەنا بەدەرنەبووە لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و نەبوونی ئاوی پێویست، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی بڕینی ئاو و هەڵکەندنی سەدان بیر لە دەروبەری دەریاچەکە وشکی کردووە و کاریگەری لەسەر دەریاچەی ڕەزازەش کردووە، لەپێناو چارەسەرکردنیدا، هەڵمەتێک دەستیپێکرد بۆ داخستنی بیرەکان و کۆتاییهێنان بە خراپ بەکارهێنانانە، لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکەش ئاستی ئاو گەڕایەوە بۆ دەریاچەکە.

 

هەردوو دەریاچەی سەرسار و حەبانییەش کە بەشێکن لە سیستەمی عەمبارکردنی تۆڕی سەرچاوە ئاوییەکان، لە ماوەی دوو وەرزی ڕابردوودا ئاستی ئاویان کەمیکردووە بەهۆی نەبوونی داهاتی ئاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە.

 

هۆکارەکانی وشکەساڵی لە عێراقدا

عێراق بەهۆی کەمی بارانبارین لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی جیهان، کەمی پێگەشتنی ئاو بەهۆی گرتنەوەی لەلایەن وڵاتانی دراوسێ، پێشێلکردنی یاساکانی وڵاتانی کەنار دەریا لەلایەن ئێران و تورکیاوە ڕووبەڕووی وشکەساڵی بووەوە، ئەو بڕە ئاوەی کە پێویستە لە ئێران و تورکیا بگاتە تورکیا پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان، کەمتری بۆ بەردەدرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی وشکەساڵی و بیابانبوون.