ئەستیرەیەکی کلکداری سەوز لە زەوی نزیک دەبێتەوە

ئەستێرەیەکی کلکداری سەوز دوای ٥٠ هەزار ساڵ، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە زەوی نزیک دەبێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەربارەی دەرکەوتن و نزیکبوونەوەی ئەستێرەیەکی کلکداری سەوز لە زەوی، لە ئەمڕۆ، ١ی شوباتدا، ئەستێرەناسان دەڵێن گەشتەکە بۆ لای ئێمە نزیکەی ٥٠ هەزار ساڵی خایاندووە.

 

جەیک فۆستەر، ئەستێرەناس لە ڕوانگەی شاهانەی بۆشایی گرینویچ لە لەندەن، ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەم ئەستێرە کلکدارە، بەشێوەیەکی ڕێژەیی نزیک دەبێت، وتیشی: ٤٢ ملیۆن کیلۆمەتر لە ئێمەوە دوور دەبێت، هەندێکجار هەسارەی ڤینۆس لەوە زیاتر لە ئێمە نزیک دەبێتەوە، واتە ئێمە لە هیچ مەترسییەکدا نین، بەڵام بە ڕادەی ئەوە لێی نزیک دەبین کە بتوانین دیمەنێکی جوانی ببینین.

 

ئەستێرەناسان ئاشکرایان کرد هۆکاری سەوزی ڕەنگەکەی، ئەوەیە، ڕووەکەی بەو گەردانە داپۆشراوە کە بە کاربۆنی دوو گەردیلەیی دەناسرێن و پێکەوە بەستراونەتەوە، ڕەنگە سەوزەکە لە ئەنجامی کاریگەریی تیشکی سەروو وەنەوشەیی خۆرەوە دروست دەبێت، کاتێک کە بەر کلکدارەکە دەکەوێت، کاربۆنە دوو گەردیلەییەکە جیادەبنەوە و وزەیەک دەردەدات، ئەو ووزەیەش لە شێوەی ڕووناکی دایە و شەپۆڵەکانی هەمیشە درێژییەکی دیاریکراویان هەیە و ڕەنگەکەش کە دەبیندرێت هەمیشە سەوزە.

 

بەگوێرەی ئاژانسی ناسا، دوایین جار کە ئەستێرە کلکدارەکە لە کۆمەڵەی خۆر نزیکبووبێتەوە، نیاندەرتاڵەکان هێشتا زیندوو بوون.