لە ساڵی ٢٠٢٢ زیاتر لە ٤٥ هەزار دار لە سنوری سلێمانی چێندراوە

لەلایەن بەڕێوبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٤٥ هەزار دار چێندراوە بۆ سەوزکردنی شاری سلێمانی و دەوروبەری، لێپرسراوێکی بەڕێوبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانیش دەڵێت: لەو ناوچانەی داری کەمە، دار دەچێنین.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- سەوزایی و چاندنی دار لە هەر شوێنێک هەبێت جوانیەکی بەرچاو بەو شوێنە دەبەخشێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی و دەروونی مرۆڤ هەیە، هەروەها بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی وشکەساڵی و بە بیابانبوون و خۆڵبارین گرنگە، بۆیە لە هەندێک وڵاتدا دار چاندن بووەتە کولتوورێک.

 

هەرێمی کوردستان کە ناوچەیەکی شاخاوییە و زۆرینەی خاکەکەی ژینگەیەکی لەبارە بۆ سەوزایی، چەندین دارستانی چڕ و جۆرەها داری تێدایە، بەڵام نابەپرسیاری و خاوەن دەرنەکەوتن لەو خاکە، بووەتە هۆی بڕینەوەی دارەکانی.

 

کوردستان هەزاران داری تێدایە کە تەمەنیان چەند سەد ساڵێک دەبێت، سەرەڕای سامانە دەوڵەمەندەکەی ئەو خاکە، بەڵام نەبوونی سوتەمەنی لە وەرزی زستاندا، هاوڵاتیان ناچار بە بڕینەوەی دارەکان دەکات، نەبوونی پەروەردەی تاک بەشێکی تری زیان گەیاندنە بە سروشت، چونکە دارەکان بێ مەبەست لەلایەن خەڵکەوە دەبڕدرێنەوە و دەشکێنرێن.

 

هێرشە داگیرکارییەکانی سەر کوردستان بەشێکی دیکەی ئەو زیانانەیە کە بە سروشت گەشتووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە بڕینەوەی دارستانەکان لە ناوچە سنورییەکانی باشووری کوردستان، سوتاندن و تاڵانکردنی زەیتونەکانی عەفرین، ئاگربەردان لە دارستانەکانی ڕۆژئاوا و  باكووری کوردستان و ڕژێمی ئێرانیش بە قەدەغەکردنی ژینگەپارێزی و دەستگیرکردنی ژینگەپارێزان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، هەوڵی لەناوبردنی ژینگەی کوردستان دەدەن.

 

لە باشووری کوردستان ساڵانە بۆ پاراستنی ڕووبەری سەوزایی و دارستانەکان هەڵمەتی ڕواندنی دار و بەڕوو بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵ لە چەند هەڵمەتێکی جیاوازدا، هەڵمەتی بەڕوو چاندن لە چۆمان و دەوروبەری، هەڵمەتی ڕواندنی دار لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، لە ئێستاشدا هەڵمەتی ڕواندی یەک ملیۆن دار بەڕێوە دەچێت لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

 

"سەوزایی واتە ژیان"

ڕووخۆش محەمەد ئەمین، لێپرسراوی هۆبەی پلاندانان لە بەڕێوبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی باسی لە گرنگی چاندنی دار و سەوزایی کرد بۆ ژینگە، وتی: سەوزایی بە ڕێژەیەکی زۆر گرنگە و بە واتای ژیان دێت، چونکە ئەگەر ژینگە لەبار نەبێت، ژیان بەردەوام نابێت، سەوزایی گرنگە لە ڕووی تەندروستی و دەرونیەوە، بۆیە ئەگەر ژیانێکی تەندروستمان بوێت، دەبێت ژینگەیەکی تەندروست بنیاد بنێین بە چاندنی دار و سەوزایی، سەرەڕای ئەو قەیران و ئاستەنگییانەی کە ڕوو لە وڵاتەکەمان یان کەشوهەواکەمان دەکات، ئێمە بەردەوامین لە چاندنی دار، چونکە دەبینین بیابان بوون ڕەنگی داوەتەوە لە هەرێمەکەماندا، بۆیە پێویستە نەهێڵین ئەوە بەسەرماندا بڕوات و زیان بە خۆمان و ژینگەکەمان بگات.

 

"دار دوای چاندنی خزمەتکردنی ئەوێت"

ڕووخۆش محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، کە ئێمە وەکو بەڕێوبەرایەتیەکەمان بەردەوامین لە هەوڵەکانمان و بە ئەنجامدانی چالاکی بەردەوامین لە چاندنی دار و لەو شوێنانەی کە دارەکانیان فەوتاوە، "ئێمە ١٨ هۆبە و ١١ پڕۆژەی دارستانی و ٥ نەمامگەی دارستانیمان هەیە و کارەکانمان لەم چەند پڕۆژەدا چڕ کردووەتەوە، سەرەتا لە شوێنەکانی خۆمانەوە دەستدەکەین بە چاندی دار، چونکە تەنها چاندنەکەی نییە، بەڵکو دەبێت خزمەتیان بکەین و بیانپارێزین لە ئاژەڵ و ئاگر، هەروەها دەبێت خزمەت بکرێت بە ئاودان و دەرمان و ئاگربڕ".

 

"لە ساڵی ٢٠٢٢ داری زیاتر چێندراوە لە چاو ساڵەکانی ڕابردوودا"

ڕووخۆش محەمەد خستیەڕوو کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێژەی چاندنی دار زیاتر بووە، کە ٤٥ هەزار داریان لە شوێنی جیاواز و ئەو دارانەی کە فەوتاون، چاندووە، وتیشی: دەبێت پێش قەیرانەکانی بێ ئاوی بکەوین، ئێمە لە مانگی ١ و ٢دا دەبێت پێشبینی کەشوهەوای سارد بکەین، لەو دوو مانگەدا ڕووەکەکان دەکەونە سوڕی متبوونەوە، بۆیە زیاتر لە سەرەتای بەهاردا دارەکان دەچێنرێن، پێش چاندنی هەر دارێک دەبێت شوێنەکەی بۆ دیاری بکەین، چونکە زەوی داری بەردار و زەوی داری دارستانی جیاوازن.

 

"زیاتر لەو شوێنانە دار دەچێنین کە دار و سەوزاییان کەم تێدایە"

ڕووخۆش محەمەد وتیشی: ئێمە زیاتر لەو ناوچانە دار دەچێنین کە سەوزاییان کەمە و زیاتریش داری دارستانی دەچێنین، چونکە داری دارستانی زیاتر لەگەڵ ژینگەکەماندا دەگونجێت و تەمەنیان زیاترە لە تەمەنی داری بەردار، لە کاتی چاندنی دارەکەدا بۆ ماوەی سێ ساڵ چاودێریان دەکەین، پێش ئەوەی کە دار بدەین بە خوێندنگایەک یان هەر شوێنێک لیژنەکانمان دەڕۆن سەیری شوێنەکە دەکەن، بزانن داری دەوێت یان دەتوانن خزمەتی دارەکان بکەن، دواتر دەتوانین داریان پێبدەین.

 

جێی ئاماژەیە بەپێی یاسا، بڕینەوەی دار بەپێی تەمەنی دارەکان سزایان لەسەرە و ئەو دارانەی کە تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ زیاترە، بڕینەوەیان سزاکەی ٥ ملیۆن دینارە و دەبێت کەسەکە ١٠ داری تریش بچێنێتەوە.