هۆڕەکانی عێراق بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرەو لەناوچوون دەچن

گۆڕانی کەشوهەوا و سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەر لەسەر عێراق و خاکەکەی وایکردووە عێراق ڕووبەڕووی وشکەساڵی ببێتەوە، جگە لەوەش هۆڕەکانی باشووری وڵاتەکە بەهۆی وشکەساڵییەوە چۆڵکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

هۆڕەکان لە عێراق ناوچەیەکی سروشتین، شوێنێکی گەشتیارین بۆ وڵاتەکە و سەرچاوەی داهاتی دانیشتوانەکەیەتی، هۆڕەکان لە پارێزگاکانی میسان، بەسرە، موسەنا و ناوچە سنوورییەکانی عێراق-ئێران درێژ دەبنەوە تا باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی عێراق، هەزاران خێزانی عێراقی لەسەر کشتوکاڵ و ماسیگرتن و ئاژەڵداری لە دەوروبەری دەژین و ڕووبەرێکی گەورە پێکدێنن، ئاوەکەیان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە سەرچاوە دەگرێت.

 

عێراق یەکێک بوو لەو وڵاتانەی وشکەساڵی بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٢٢دا کاریگەری بەرفراوانی لەسەرکرد، کۆچکردن لە ناوچەکانی باشووری عێراقەوە بەرەو باکوور دەستیپێکرد و چەندین ناوچە بوونە بیابان، چەم و کانیاو و ڕووبارەکان وشکیان کرد و ئاستی ئاوی دیجلە و فوراتیش بەشێوەیەکی دیار کەمیکرد، هۆڕەکانیش وەک هەر ناوچەیەکی دیکە لە زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بێبەش نەبوو، بەشێکی ناوچەکانی بەرەو وشکبوون چوو و دانیشتوانەکەی کۆچیان کرد.

 

"سەدان خێزان لە هۆڕەکاندا ئاوارەبوون"

لە ساڵی ٢٠٢٢دا سەدان خێزان بەهۆی وشکەساڵییەوە لە هۆڕەکان ئاوارەبوون، چونکە بۆ ژیانکردن پشتیان بە بەخێوکردنی گامێش و ئاژەڵ و ڕاوکردنی ماسی و کشتوکاڵ دەبەست، کە بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان پێگەشت.

ئەم دۆخەی عێراق بووەتە باس و چالاکوانان بە دوای چارەسەر بۆ دابینکردنی شوێنێکی گونجاو بۆ ئەو خێزانانەی ئێستا لە هۆرەکان ئاوارە بوون، دەکەن، دەشڵێن چارەسەری سیاسی لەسەر بنەمای گەڕان بەدوای چارەسەر لەگەڵ ئێران و تورکیا گرنگترینە، چونکە بەبێ ڕێکخستنەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات، ناتوانرێت ژیان بۆ هۆڕەکان بگەڕێتەوە.

 

"سیاسەتی ئێران و تورکیا عێراقی تووشی وشکەساڵی کردووە"

لە ١٧ی تەمووزی ٢٠١٦وە ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و ڕۆشنبیری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی ئەو هۆڕانە بخرێتە لیستی میراتی جیهانییەوە، کە یەدەگێکی سروشتی نێودەوڵەتییە، جگە لە شارە دێرینەکانی نزیک وەک ئور، ئێریدو و وارکا.

 

لە سەرەتای ئەمساڵەوە وشکەساڵی عێراقی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، بەشێکی هۆکارەکانیش سیاسەتی ئاوی ئێران و تورکیا لەسەر عێراقە، کە بە دروستکردنی بەنداو و لادانی ڕێڕەوەکانی ئاو، ڕووبارە لاوەکیەکان و ڕێگریکردن لە چوونی ئاو بۆ ناو عێراق لێکەوتەی خراپی کردووەتە سەر سروشتی عێراق و بەرەو لەناوچوونی بردووە.

 

حکومەتی عێراقی توێژینەوەیەکی دەستپێکرد، بە ئامانجی دامەزراندنی دەریاچەی دەستکرد، وەک چارەسەر، بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەی هۆڕەکانی باشووری عێراق کە بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنن، و بەهۆیەوە سەدان خێزان کۆچیان کردووە و زیان بە ئاژەڵ و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان گەشتووە.

 

بەشێکی دیکە لە چارەسەرە پێشنیارکراوەکان پەیوەستە بە دانوستانکردن لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران، کە لە ٪٩٠ی ئاوی هۆڕەکان دابین دەکەن.