دارستانی ئەمازۆن؛ گەورەترین دارستانی باراناوی زەوی

دارستانی ئەمازۆن ٪٢٠ی ئۆکسجینی زەوی پێکدەهێنێت، کە نیوەی هەموو دارستانەکانی جیهانە، هەر کارەساتێکی مرۆیی و ژینگەیی لە ئەمازۆندا ڕووبدات هەموو جیهان کاریگەرییان لەسەر دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دارستانەکانی ئەمازۆن، گەورەترین دارستانی زەویە، بە هۆی گەورەی و جیاوازبوونییەوە وایکردووە ببێتە بەشێکی گرنگی ڕووبەری زەوی و ناوی بچێتە لیستی سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان.

 

ئەمازۆن دەکەوێتە باکووری ئەمریکای باشوور، کە ڕووبەرەکەی ٩ وڵاتی گرتووەتەوە، ئەوانیش بەڕازیل، بۆلیڤیا، پیرۆ، ئیکوادۆر، کۆڵۆمبیا، ڤەنزویلا، غانا، سورێنام و غانای فەڕەنسییە، بەڵام بەشی زۆری دارستانەکە لەناو خاکی بەڕازیل و پیرۆ دایە، ڕووبەرەکەی ٥.٥ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیەو ٤٠٪ی کیشوەری ئەمریکای باشوور پێکدێنێت.

 

ناوی ئەمازۆن لە (ئەمازۆنس)ی ئەفسانەی یۆنانیەوە وەرگیراوە، کە جەنگاوەرێکی ئازای ژن بووە، بۆ یەکەمجار و پێش ١١.٢ هەزار ساڵ مرۆڤ لە دارستانی ئەمازۆن نیشتەجێ بووە و دابەشبوون بۆ چەند هۆز و خێڵی جیاواز کە ‌‌ژمارەیان زۆرە، بەڕادەیەک بەشێکیان ئاگاداری جیهانی دەرەوەی ئەمازۆن نین.

 

ڕووباری ئەمازۆن

بێگومان ژینگەیەکی پاک پەیوەستە بە ئاوەوە، سەوز بوونی ژینگەی ئەمازۆن و مانەوەی تا ئێستا هۆکارەکەی ڕووباری ئەمازۆنە، کە بە یەکێک لە گەورەترین ڕووبارەکانی زەوی دادەنرێت و بووەتە بەشێکی گرینگی دارستانی ئەمازۆن، بەشی زۆری ڕووباری ئەمازۆن قوڵایەکەی لە دەوروبەری ٢٠-٥٠ مەترە، بەڵام لە قوڵترین خاڵەکانیدا بە نزیکەیی ١٠٠ مەتر دەبێت.

 

بۆچی ڕووباری ئەمازۆن هێچ پردێکی نییە؟

بەهۆی چڕی ناوچەکە و سەرەکی بوونی ڕووبارەکە، بۆ ئەو گەشتانەی کە بەناو هەرێمەکەدا دەڕۆن هیچ پردێک دروست نەکراوە، لەناو ئەمازۆندا بە چەندەها جۆری جیاواز لە ڕووەک و ئاژەڵ هەیە، کە بووەتە پەناگەی ژیانکردنیان، زیاتر لە ١٦ هەزار جۆری جیاواز لە درەخت، ٤٠ هەزار جۆری ڕووەک و ڕێژەیەکی زۆری میوە و ڕووەکی گرانبەها لە دارستانەکانی ئەمازۆندا هەن، بەشێکیان وەکو چارەسەر بۆ نەخۆشی شێرپەنجە بەکاردێن و لە زانستی پزیشکیدا گرینگیەکی زۆریان هەیە، دوو ملیۆن جۆری جیاوازی مێرووی لێیە لەگەڵ سەدان جۆر لە ئاژەڵ و خشۆک کە بەشێکیان تەنها لەناو ئەمازۆندا هەن.

 

ئایا دارستانی ئەمازۆن ئەگەری لە ناوچوونی هەیە؟

کارەساتە سروشتی و مرۆییەکان یەکێکن لەو ڕێگایانەی کە زۆرجار دەبنە لەناوبەری تەواوی ناوچەیەک و ئەگەری ژیانکردن بۆ جارێکی تر لەو ناوچەیە ئەستەم دەبێت، زۆرجار مرۆڤ هۆکارە بۆ لەناوبردنی ژینگە بەهۆی پێشکەوتنی بەردەوامی تەکنەلۆژیا و هەموو ئەو بوارە پیشەسازییانەی کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لەزیادبوونن.

 

لە ساڵی ٢٠١٩ کە ئاگرێکی گەورە لە ئەمازۆندا کەوتەوە، مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە و دەوروبەری و زەویش دروستکرد، بووە هۆکاری کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجین و زیادبوونی دوانۆکسیدی کاربۆن، بەهۆی ئەوەی دارستانەکە لە ٪٢٠ی ئۆکسجینی زەوی بەرهەمدێنێت کە دەکاتە نیوەی هەموو دارستانەکانی جیهان، لەو ئاگرەشدا بە ماوەیەکی کەم نزیکەی ٨٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستانەکە سووتا.

 

ئەم ئاگرکەوتنەوەیە کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، بووە هۆی توڕەیی چالاکوانانی ژینگەیی و ژینگەپارێزان، ئاژەڵدۆستان و کەسانی پارێزەری مرۆڤایەتی، بەشێکی کەسایەتییە جیهانییەکان و ئەستێرە جیهانییەکان ئامادەیی خۆیان دەڕبڕی بە پێدانی پارە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئاگرەکە، سەرچاوەکانیش هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەیان بۆ کارەساتی مرۆیی گەڕاندەوە.