گەنجان توانایان دەخەنە کار لە پێناو بەناوبانگ بوونێکی بێ ئامانج

بەشێکی گەنج لە جیهاندا بە گشتی و هەرێمی کوردستان، بە تایبەت کار دەکەن بۆ بەناوبانگ بوون، لە بەرامبەردا سودێک بە کۆمەڵگا ناگەیەنن بەڵکو کاریگەری خراپ لەسەر گەنجانی دیکە جێدەهێڵن، پێیان وایە لە ڕێی بوونی بینەرێکی زۆر کەسێکی سەرکەوتوون.

شنیار بایز

سلێمانی- ڕۆژانە هەمووان بەر کەسایەتی جۆراو جۆر دەکەوین لەناو سۆشیاڵ میدیا، بە جۆرێکی لێهاتووە لە ئێستادا ژمارەیەک کەسایەتی گەنج هەن کە ڕۆژانەی ژیانیان نیشاندەدەن، هەندێکیان ڤیدیۆی خۆیان دادەنێت لەوکاتەی قسە بۆ هاوڵاتیان دەکەن، پێیان وایە ئامۆژگاری تاک دەکەن، لە بەرامبەردا بەشێکیان هەیە چاڵێنجی جۆراوجۆر تاقیدەکەنەوە، خۆیان بەناوبانگ دەکەن و ڕیکلام دەکەن، ئەم کەسایەتیانە بێ ئاگان لەوەی کاریگەری چۆن لەسەر خۆیان و کۆمەڵگا جێدەهێڵن، تەنها گرنگی بە ناوبانگ و داهات دەدەن.

 

نوور یوسف، خاوەنی پەیجی therealnoor ە لە ئینستگرام، ئامانجی گەیاندنی پەیامێکە بە شێوەیەکی دروست بۆ گەیاندنی سوود بە کەسانی ناو کۆمەڵگا، لە بارەی کەسانی دیاری ناو سۆشیاڵ میدیا کە ناوی "ڤڵۆگەر، بڵۆگەر و یوتوبەر" یان لە خۆیان ناوە، ئاماژەی بەوەدا:

 

لە ڕاستیدا جیاوازییەکی زۆر نییە لە نێوان ئەم کەسە دیارانەدا کە هەریەکەو ناوێکی لە خۆی ناوە، بەڵکو جیاوازییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاد و کەمی بینەرەکانیان و ئەو کەسانەی چاودێریان دەکەن، چالاکی و پۆستەکانی کە لە سۆشیاڵ میدیا دەیکەن تێکەڵ بووە، بڵۆگەر بووەتە ڤڵۆگەر و چەندین شتی دیکە و بە پێچەوانەوەشەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستە بوترێت ئەوەیە کە ئەو کەسانەی سود دەگەیەنن ژمارەیان کەمترە لەوانەی تەنها بۆ خۆشییەک بڵاوکراوەیان هەیە.

 

"دەرکەوتن بە شێوەیەکی بێ ئامانج، تەنها بۆ ناوبانگ وەک ئالوودەبوون بە کۆکاین وایە"

نوور باسی لەوەکرد، لە جیهاندا بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەت بۆ ئەوەی بگەیت بە داهاتێک و بڕە پارەیەک پاشەکەوت بکەیت بە دوو شێواز دەکرێت، یەکێکیان بریتییە لە کارکردن و هەوڵدان بە پشت بەستن بە تواناکانی خۆت، لە بەرامبەردا خۆ بەناوبانگکردن یەکێکی دیکەیە لە ڕێگاکان، بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە بتوانی بڕە پارەیەک بە دەست بخەیت، بەشێکی کۆمەڵگا لە ئێستادا بەو شێوازە بیردەکەنەوە.

 

بۆ ئەم مەبەستەش، زۆرکات ڕیکلام بۆ بەرهەمێک دەکەن کە مەرج نییە بەرهەمێکی باش بێت بەڵام بە جۆرێک ڕیکلامی بۆ دەکەن و پارەی پێ پەیدا دەکەن، نوور وتی " لە زانکۆی هاڤبۆرد لێکۆڵینەوەیەک کراوە دەربارەی کەسانی دیاری ناو سۆشیاڵ میدیا و دەرخستنی ژیانی خۆی بێ بوونی هیچ ئامانجێک، دەرکەوتووە ئەو جۆرە کەسانە وەک ئەو کەسانە وان کە ئالوودەی ماددەی کۆکاینن، چونکە کارەکەی ئەمان هەمان ئەو بۆشیاییە پڕدەکاتەوە و ئەو هەستە دەدات بە کەسەکە کە وەک ئالوودەبوویەکی ماددەی کۆکاین وایە".

 

بۆیە پێویستە بزانرێت ئەوەی لە ناو سۆشیاڵ میدیادا نیشان دەدرێت لە ٪١٠٠ ژیانی ڕاستی کەسەکان نییە، بەڵکو هەندێکیان لە پاڵ ئەوەشدا نمایش دەکەن و زۆر دوورن لە ڕاستی ژیانی خۆیانەوە.

 

"کەسانی دیار گرنگە بابەتی سود بەخش بوروژێنن لە کاتێکدا شارەزاییان لێوەی هەبێت"

نوور ئەوەی ڕوونکردەوە، دەرکەوتنی ئەو جۆرە کەسانە لەناو سۆشیاڵ میدیا لایەنی خراپی زیاترە وەک لە باشە، بەشێکیان لە نیوەی ڕێگای کارەکەیان بۆیان دەردەکەوێت کە کاریگەری خراپیان لەسەر کۆمەڵگا جێهێشتووە، هەرچەند هەوڵ بدەن خۆیان چاک بکەن ناتوانن ئەو کاریگەریانە بسڕنەوە کە لە پێشووتر هەیانبووە بەسەر کۆمەڵگاوە.

 

مرۆڤی ئێستا فێری خۆ بەراوردکردن بووە، کاتێک لە سۆشیاڵ میدیا کەسێک دەبینێت خۆی پێ بەراورد دەکات، ئەمەش توشی نا ئومێدی دەکات، بێگومان گرنگە گرنگی بدەن بە وروژاندنی بابەتی گرنگ و ئەرێنی بەڵام بەداخەوە گرنگی پێنادەن، بەڵام کاتێکیش هیج شارەزایی و ڕێگایەکیان پێ نییە یاخود بابەتێکی ئەرێنیان پێنییە باسی بکەن، مەرج نییە بە زۆر باس لە بابەتێک بکەن تەنها لەبەر ئەوەی دەرکەوتوون چونکە دواجار ئەمەیە کە کاریگەری خراپ دروست دەکات، چونکە نە شارەزایانە باسی دەکەن.

 

"لە دنیای سۆشیاڵ میدیا هەموو کەسێک بێ بوونی بنەمایەک دەردەکەوێت"

نوور یوسف، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو کە لە دنیای سۆشیاڵ میدیادا کەسانی دەرکەوتوو بێ بنەما دەردەکەون، بەڵکو خۆی دیاری دەکات ببێتە چ جۆرە کەسێک و چۆن کاریگەری دروست بکات، کەسێکی بێ ئامانج و تەنها بۆ خۆشی خۆی دەرخات یاخود کەسێک کە شوێنکەوتووی هەبێت و سودی هەبێت قسەکانی.

 

وتی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بابەتی چاولێکەریدا سەرکەتووە و چاو لە ڕۆژئاوا دەکەین، بۆیە چاو لە شتی باش و خراپیش دەکەین بەڵام بێگومان باشەکان کەمترن بە بەراورد بە خراپەکان"، ڕوونیکردەوە کەسانی دیاری ناو سۆشیاڵ میدیا ئەوانەی ئاڕاستەی باشیان وەرگرتووە وردە وردە بەرەو خراپی دەچن، چونکە لە وڵاتانی دەرەوە داوا دەکرێت ڕۆژانە ڤیدیۆ و بڵاوکراوەیان هەبێت کە ئەمە مەترسیدارە با سود بەخشیش بێت، چونکە دواجار کەسانی گوێگر ئالوودەی ئەو جۆرە کەسە سودبەخشانە دەبن، هەر بۆیە دەبێت لە هەفتەی یەک جاردا بڵاوکراوەیان هەبێت و ڤیدیۆ بکەن.

 

"گەنجان لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا دەیانەوێت کەم و کورتییەکانیان پڕبکەنەوە"

زۆرینەی گەنجان بێ بوونی ئامانج خۆیان دەردەخەن لە ناو سۆشیاڵ میدیادا، لەم بارەیەوە نوور باسی لەوەکرد، ئەم جۆرە کەسانە دەیانەوێت لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا کەم وکورتی خۆیان پڕبکەنەوە ئەگەر هەرشتێک بێت لایەنی ڕۆحی یاخود ماددی، کە ئەمە ترسناکترین ڕێگەیە، چونکە پێی وایە بە بوونی ژمارەیەکی زۆر بینەر بڕوابەخۆبوونیان بۆ دروست دەبێت، بە کەسێکی سەرکەتوو خۆیان دێتە پێش چاو.

 

دەڵێت "ئەگەر خۆت بەراورد دەکەیت بە کەسانی ناو سۆشیاڵ میدیا ئەوا تۆ لە حاڵەتێکی مەترسیداردایت و دەبێت چارەسەری خۆت بکەیت، هۆکاری ئەم خۆبەراورد کردنەش بینینی ئەو ژیانەی ناو سۆشیاڵ میدیا یە کە زۆر کات گەنج نا ئومێد دەکات بەرامبەر بەو شتانەی نییەتی".

 

"ئارەزوو دەکەم سانسۆر بۆ بڵاوکراوەکانی ناو سۆشیاڵ میدیا هەبێت، کە لە ئێستادا نییە"

لە میانەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، لە هیچ جێگایەکی دونیادا چاودێرێک نیە بەسەر ئەم جۆرە کەسانەوە کە ڕێگری لە کۆمەڵێک بڵاوکراوەیان بکرێت، چونکە نەک سۆشیاڵ میدیا تەنانەت سانسۆر لەسەر دراماکان نییە لە کاتێکدا زۆر ئاسانە سانسۆرخستنە سەریان.

 

پێویستە، سانسۆر بۆ سۆشیاڵ میدیا دابنرێت نەک تەنها ڤیدیۆ و بڵاوکراوەکان بۆ گەنجان بەڵکو لە منداڵەکانەوە دەستپێبکات، چونکە کاریگەری خراپ لە منداڵەکانەوە دەست پێدەکات، ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ منداڵانیش دروست دەکرێت تەواو دوورن لە ڕاستی ژیانەوە و دروستکراون.

 

لە کۆتایدا نوور داوای لە بینەرانی سۆشیاڵ میدیا کرد،کە تکایە ئالودە نەبن بە سۆشیاڵ میدیاوە، چونکە کاتێک ئەوەندە تەماشای ئەو بابەتانە دەکەیت بێ ئەوەی ئاگاداربن ئالودەی دەبن، هۆشیاربن و بە ئاگاییەوە تەماشای ئەو بابەتانە بکە کە ڕۆژانە دێنە بەرچاو.