فریاگوزاری تایبەت بۆ گواستنەوەی ئاژەڵە بریندارەکان دابینکراوە

سەرەڕای کەموکورتییەکانی حکومەت و شارەوانی بەرامبەر ئاژەڵە بێلانەکان، هاوڵاتیان ڕۆژانە ئازاریان دەدەن، ئەمەش وایکردووە ژمارەی ئاژەڵە بێلانەکان و بێ خزمەتەکان لەناو کۆڵانەکاندا زیاد ببێت، گروپێک ئاژەڵ دۆستیش بە پڕۆژەیەک خزمەت بە ئاژەڵە بریندارەکان دەکەن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کەمتەرخەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شارەوانی بەرامبەر بە ئاژەڵەکان بە گشتی و سەگە بێلانەکان بە تایبەت بووەتە هۆکاریک بۆ ئازاردانی ئەو سەگ و ئاژەڵانە لەلایەن هاوڵاتیانەوە، نەبوونی هۆشیاری و هەستی مرۆڤایەتی لە مرۆڤدا وادەکات بەردەوام ئازاری ئەم ئاژەڵانە بدرێت و چێژ لە ئازاردانیان وەربگیرێت، لەناو گەڕەکەکاندا دەیانترسێنن و گاڵتە و یاریان پێدەکەن، بەشێکی زۆریان برسین، تەواوی ڕۆژەکە وێڵی خواردنن و گەڕەک و ماڵ بە ماڵ دەکەن لەپێناو دەستکەوتنی خۆراکدا.

 

بەڵام هاوڵاتیان خۆراکیان پێنادەن و تەنانەت بەشێکیان ئازاریشیان دەدەن، ئەمەش وادەکات ئەو سەگانە لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان بەرپەرچی مرۆڤ بدەنەوە، نە حکومەت و شارەوانی لێیان دێتە دەنگ و پێداویستی و شوێنی گونجاویان بۆ دابین دەکات، نە هاوڵاتیان هۆشیارن، بۆیە تا دێت حاڵەتەکانی ئازاردانی سەگە بێلانەکان زیاد دەکات.

 

لە پاش درک کردن بەم دۆخە، ژمارەیەک ئاژەڵ دۆست هەڵدەستن بە دروستکردنی گروپێک، بە ناوی "هانای ئاژەڵان"، تیایدا هاوکاری ئەو ئاژەڵانە دەکەن کە لەلایەن مرۆڤەوە ئازاردراون و لە سووچێکی کۆڵانی شاردا ماونەتەوە بێ نان، لە ڕێی ئەمبوڵانسی تایبەتی خۆیانەوە دەیانگوازنەوە بۆ چارەسەر.

 

"چەند ساڵە کاری خۆبەخشی دەکەین بۆ خزمەتی ئاژەڵان"

شادی عەلی، فەرمانبەر و دامەزرێنەری ڕێکخراوی هانای ئاژەڵان باسی لەوەکرد، دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیان ساڵی ٢٠٢٢ بووە، بەڵام پێشینەی نزیکەی ٨ ساڵ کاری خۆبەخشیان هەیە، ئەم ڕێکخراوە لە ١٠ بۆ ١٢ خۆبەخش پێکدێت سەرجەمیان کاری خۆیان هەیە، بەڵام وەک کارێکی مرۆڤانە ڕۆژانە بەشێکی کاتی ژیانی خۆیان دابینکردووە بۆ خزمەتکردن بە ئاژەڵە بێلانەکان.

 

دەربارەی کاری ڕێکخراوەکەیان وتی: دامەزراندنی ڕێکخراوێکی لەم شێوەیە دەگەڕێتەوە بۆ درک کردن بە نەبوونی خزمەت و لانەیەک بۆ ئاژەڵان، بینیومانە چۆن ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئازار دەبنەوە لەلایەن مرۆڤەکانەوە، بۆیە ڕێکخراوەکەمان کاری بەهاناوەچوونی ئاژەڵەکانە لەوکاتەی ئازار دەدرێن لە ڕێگای فیشەک یاخود ساچمە، هەندێک کات بە ئوتومبێل لێان دەدرێت دواتر جێیان دەهێڵن.

 

"کاری حکومەت و شارەوانی ئەنجام دەدەین"

شادی ئاماژەی بەوەشدا سەرەتای کارکردنیان بێ بوونی ئەمبوڵانس بووە، بەڵکو بە ئۆتۆمبێلی ئەندامەکانیان یاخود ئۆتۆمبێلی کرێ ئاژەڵەکانیان گواستووەتەوە، دەشڵێت: زۆرکات دەستمان لە تەکسی ڕاگرتووە ڕازی نەبووە ئاژەڵەکە بگوازینەوە بە ئۆتۆمبێلەکەی وتویەتی گڵاوە، بۆیە بڕیارماندا ئەمبوڵانسێکی تایبەت بە خۆمان هەبێت ئاژەڵەکانی لە ڕێیەوە بگوازینەوە.

 

جگە لە گواستنەوەی ئاژەڵە بریندارەکان ڕێکخراوی هانا ڕۆژانە خواردن و گۆشت بەسەر ئاژەڵە بێلانەکاندا دابەش دەکەن، بەتایبەت ئاژەڵە دوورەدەستەکان کە ناتوانن خۆژێن بن، هەروەها لەناو پارکی هەواری شاردا هەشت تەنکی ئاویان داناوە بۆ سەگە بێلانەکان، وتیشی: تەواوی پێداویستییەکان، تەنانەت نەشتەرگەریەکانیش لەسەر شانی خۆمان دابینی دەکەین بێ بوونی هاوکاریکردنی دەستی دەرەکی، تەنها هەندێک کات نەبێت کەسانی خیرخواز هاوکاریمان دەکات ئەمەش بە ڕێژەیەکی زۆر کەم.

 

لەگەڵ ئەوەی حکومەت و شارەوانی هاوکاری ئەم ڕێکخراوە ناکات، بگرە بەربەست دەخەنە بەردەمیان، ڕێگە بە کارکردنیان نادەن، لەکاتێکدا کاری ڕێکخراوی هانای ئاژەڵان ئەرکی حکومەتە و خۆی بە بەرپرس نابینێت، شادی ئاماژەی بەوەکرد تەنانەت ڕەخنەشیان لێدەگیرێت و پێیان دەوترێت "ئێوە ئاژەڵتان خستووەتە پێش مرۆڤ"، بەڵام خۆی ڕاستی بەو جۆرەیە پێویستە مافیان پێبدرێت، نابێت مرۆڤ بە جۆرێک بیرکاتەوە تەواوی دروستکراوەکان لە خزمەتی ئەودابن.

 

"هەندێک لە کلینکەکانی چارەسەری هاوکاریمان ناکەن بە بڕە پارەیەک نەبێت"

شادی عەلی باسی لەوەکرد، لە ڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە کە ڕۆژانە بۆیان دەکرێت سەردانی ئاژەڵەکان دەکەن، بە جۆرێک لە پاش ئەرکی ڕۆژانەیان هەڵدەستن بە ڕاپەڕاندنی چالاکییەکانیان، لە کاتی ژیانی خۆیان دەگرن لەپێناو خزمەتکردنی ئاژەڵەکاندا، دەربارەی هاوکاریکردنی کلینکی چارەسەریەکان، وتی: "زۆر کلینکی چارەسەری ئاژەڵی هەن بەڵام ئەوانەی هاوکارمانن ژمارەیان زۆر کەمە"، هۆکاری ئەم هاوکارینەکردنەشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری لە کۆمەڵگەدا کە تاک ناهۆشیارە بەرامبەر بە ئاژەڵان.

 

بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان پەروەردە بە چارەسەری یەکەم دەزانێت و پێیوایە لە ڕێی پەروەردە و خوێندنەوە دەتوانرێت هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە، بۆ ئەوەی لە داهتوودا تاکێکی هۆشیار بێتە بەرهەم، چونکە ئەوەی ئێستا ئازاری ئاژەڵەکان دەدات کەسانی پێگەیشتوون، منداڵی بە ڕێژەیەکی کەم تێدایە.

 

"ئاژەڵە ماڵییەکانیش فڕێدەدرێنە سەر شەقامەکان"

لە درێژەی قسەکانیدا شادی ڕوونیکردەوە کە هەموو ئەندامەکانیان ژمارەیەک ئاژەڵ بەخێو دەکەن کە ڕزگارکراوی دەستی مرۆڤەکانن و حاڵەتی تایبەتیان هەیە، هەندێکیان نابینان، قاچیان شکاوە یاخود بێهێزن و ناتوانن خۆیان بژیەنن، وتی: دیاردەیەک بڵاوبووەتەوە کە ئەو کەسانەی ئاژەڵە ماڵییەکان دەکڕن لە پاش ماوەیەک بێزار دەبن لە بەخێوکردنیان بەڕەڵای سەر شەقامەکانی دەکەن، لە کاتێکدا ئەو ئاژەڵانە توانایان نییە خۆیان بژیەنن بۆیە ڕووبەڕووی ئازار دەبنەوە.

 

"مرۆڤەکان توانای خۆیان لەسەر ئاژەڵان تاقی دەکەنەوە"

لە میانەی چاوپێکەوتنەکەی ئاژانسی نوژنها لەگەڵ شادی عەلیدا، سەردانی سەگێکی بێلانەمان کرد کە ساچمەی بەرکەتووبوو، لە سوچی کۆڵانێکدا بە ئازارەوە دەتلایەوە، شادی عەلیش لەم بارەیەوە ڕوونیکردەوە، کۆمەڵگەی کوردی هێز و توانای خۆی لەسەر ئاژەڵان تاقی دەکەنەوەو نیشانەیان لێدەگرنەوە، هەروەها تەواوی ژیانیان بە بەرژەوەندی بەڕێدەکەن، کاتێک کاریان بە ئاژەڵێک دەبێت لای خۆیان ڕایدەگرن، کە بەرژەوەندیان لەگەڵی نەما بەرەڵای دەکەن.

 

دەشڵیت هەندێکیان لەپێناو ڤیدیۆیەکی سۆشیاڵ میدیا و بڵاوکردنەوەیدا دەیانترسێنن، ئازاریان دەدەن و پێیان پێدەکەنن، هەربۆیە بۆ کەمکردنەوەی ئەم حاڵەتانە لەناو شەقام و کۆڵانەکاندا پێویستە جێگایەکی تیبەتیان بۆ دابین بکرێت، چونکە ناتوانن وەک جاران مامەڵە بکەن و بە شوێن خۆراکدا بگەڕێن، دەشڵێت: زۆرترین ڕەخنە کە لێمان دەگیرێت پێدانی خۆراکە بە ئاژەڵەکان لە کاتێکدا هۆکاری زیادبوونی ئاژەڵان داگیرکردنی زەویەکانە، کردنیانە بە سیتی و بینا کە تیایدا ژیان و خۆراک بۆ ئەوان نەماوە".

 

لەکۆتایدا شادی وتی: گرنگە ئاژەڵ دۆست بین، ناکرێت ئاژەڵێک زیانێکی پیگەیشتبێ و چاوی لێ ون بکەین، بەڵکو دەبێت بە هانایەوە بچین، هەوڵ بدەین کەموکورتییەکانیان بۆ پڕ بکەینەوە.