دایکێکی لەچک سپی داوای ڕاگرتنی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکات

بەهۆی زۆربونی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان دایکێکی لەچک سپی نیگەرانە و ئاماژە بەوەدەکات کە تا ئێستا دەمارگیری پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا بوونی هەیە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- بە درێژایی مێژوو ژنان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و لە بری ئەوەی ڕابگیرێت ڕۆژانە شاهیدی مردنی ژنێک دەبین لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیادا توندوتیژییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە.

 

شەوبۆ مەحمود کە ژنێکی بەتەمەنی دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجەیە باس لەو توندوتیژییانە دەکات کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرامبەر خێزان و ژنان بەتایبەت لە زیاد بوندایە وتی: "ژنان بە شێکن لە کۆمەڵگە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نیە، بەڵام دەبینین کە پیاوان خۆیان دەسەپێنن و هێشتا دەمارگیری پیاو سالاری هەیە، تاوانی ژن چییە کاتێک دەچێتە دەرەوە بۆ دامودەزگایەک کار دەکات بۆ خۆی و منداڵەکانی هاوکاری پیاوەکان دەکەن بەڵام لە هەمانکاتدا زۆرترین ڕەخنە لەلایەن پیاوانەوە بەرامبەر ژنان دەکرێت".

 

" ئاوێنە لە خوشک و دایک نزیکترە بۆ بینینی کەموکورتیەکان"

دایکان هەمیشە بە قسەو پەندە پێشینانەکان ئامۆژگاریمان دەکەن و شەوبۆ مەحمود  وتی: "(ئاوێنە عەیبی خۆتی تیا دەبینی) واتە ئەگەرعەیبی ژنەکانتان بینی بەبەڵگەوە پیشانیان بدەن و ڕێگەی ڕاستیان پیشان بدەن نەوەکو بیانکوژن، ژن هەیە لە ماڵەوە بەهۆی ئەوەی پیاوەکە لە ڕووی ماددیەوە هاوکاری ناکات کاردەکات، لەبری ئەوەی بیکوژیت و توندوتیژی بەرامبەر بکەیت، کێشەکانی بۆ چارەسەر بکە، ئاوێنە لە خوشک و دایک نزیکترە بۆ بینینی کەموکورتیەکان"، پرسیشی کە ئایا بەس کوشتن چارەسەرە بۆ ژن؟ لەو بارەیەوە ئەوەشی وت کە ژن شایەنی کوشتن نییە و بەداخەوە کۆمەڵگە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو دواوا دەچێت.

 

توندوتیژییەکان ئێستا زیاتر بەهۆی تەکنەلۆژیاوەیە

شەوبۆ وەک دایکێکی بە ئەزمون پێیوایە کە تەکنەلۆژیا کێشەکانی زیاد کردووە و وتی: "جاران هەرکەس کیشەی هەبوایە بە زووترین کات چارەسەر دەکرا، بەڵام ئیستا بەهۆی ئەوەی کە کێشمە کێشمی ژیان و بەراورد کردن هەیە و تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیا هۆکارن بۆ ئەوەی تووشی هەڵە ببن، گەنجەکانمان بەهۆی مۆبایلەوە لەڕێدەرچوون، ئەم شتانە زۆر کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی ئێمە و گەنجەکانمان هەیە".