"دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕێگای ئازادیی جیهانە"

شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، باسی لە سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران کرد لەسەر ژنان و ئاماژەی بەوەدا کە کردەوەکانی ڕژێمی ئێران لە دژی ژنان دوور نییە لە کردەوەکانی داعش دژی ژنان.

ئەڤین زەندا

 

شەنگال- لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شلێر ڕەسولی کە خۆی لە نهۆمی دووەمی بینایەک فڕێدایە خوارەوە بۆ بەرگری لە خۆی دژی دەستدرێژیکردن و گیانی لەدەستدا، ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ڕژێمی ئێرانەوە بە بیانووی حیجابەوە دەستگیرکرا و پاش ئەشکەنجەدان گیانی لەدەستدا، کاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەموو کوردستان و جیهانی گرتەوە.

 

شەمێ ڕەمۆ، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، ئاماژەی بەوەدا، ئەقڵی نێر کە ژن بە نەبوو دەزانێت و کۆیلایەتی دەسەپێنێت، تەنها یەک ناوی هەیە ئەویش داعشە، لە درێژەی قسەکانیدا دایە شەمێ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی و شلێر ڕەسوڵی کرد و بە ژنانی تێکۆشانی ئازادی ناوی بردن، "ئێمە وەک هەموو ژنانی جیهان و ژنانی ئێزدی لە ڕووداوەکانی شلێر و ژینا ئازارمان چەشت و بۆمان دژوار بوو، بۆیە هەموو ژنان یەکن".

 

شەمێ لە بەردەوامی قسەکانیدا سەبارەت بەو کۆیلایەتییەی بەسەر ژنە ئێزدیەکەدا سەپێنرابوو و وتی: پێش فەرمانەکە ئێمە وەک ژنانی ئێزدی لە کۆیلایەتیدا بووین، ئێمە لە دەستی خۆماندا نەبووین، ئەگەر ژنێکیشی تەمەنی گەورە بوایە بەردەوام پیاوێک لە ماڵەکەدا بڕیاری دەدا، ئەگەر پیاویش لەماڵ نەبوایە منداڵەکانی لەبری ئەو خاوەن بڕیاربوون، زوڵم و زۆرداری لەسەرمان هەبوو، وەک ئەمڕۆ ئازاد نەبووین، بەڵام دوای فەرمانەکەمان بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆمان ناسی و پێمان وابوو کە دەبێت ڕێگای ڕاست بۆ ئازادی بناسین.

 

"لەژێر ناوی ئاییندا، ژن کۆیلە دەکرێت"

شەمێ ڕەمۆ تیشکی خستە سەر سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران لە سەپاندنی کۆیلایەتی بەسەر ژناندا بە ناوی ئایین و باوەڕەوە و وتی: بە ناوی ئایینەوە ژن و کۆمەڵگەش کۆیلە دەکەن، هۆکاری کوشتنی ئەو ژنە لە تاران چی بوو؟ هیچ هۆکارێک نەبوو، ئەو پۆلیسە بێ ڕەوشتە چی کاری بە ژنان هەیە، هیچ پیاوێک ناتوانێت دەست بەسەر ژندا بەرزبکاتەوە، چونکە ژن پێوانە و پرەنسیبی خۆی هەیە.

 

ئەو دایکە پشتیوانی خۆی بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاند: "ئێمە تێکۆشانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز دەکەین و دەڵێین، کە ئێمە وەک ژنانی ئێزدی تا کۆتایی لەگەڵتانین، پشتیوانیتان دەکەین، هەتا تێکۆشانی خۆمان زیاتر نەکەین ناتوانین بازنی کۆیلایەتی بشکێنین و ناتوانین ڕێگری لە کوشتنی ژنان بکەین".

 

"تەنها بە بیرۆکەی ڕێبەری ئاپۆ دەتوانین ئازاد بین"

شەمێ ڕەمۆ لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە سیستمی دەسەڵاتخوازی گرت کە ژنان دەخاتە قەفەسێکەوە و هەموو شتێک بە گوناهـ دەبینێت و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو سیستەمە سەرمایەداریەی کە ژنان وەک کاڵایەک بەناوی ئازادیەوە بەکاردێنێت و دەیکاتە ئامراز و وتی: "بۆ هەموو ئێمەی ژنان ڕێگای ئازادی هزری ڕێبەر ئاپۆیە، تەنیا ڕێبەر ئاپۆ بە بیرۆکەکەی خۆی ڕێگای ئازادی بۆ ژنان نیشانداوە و تەنیا لەم ڕێگەیەوە ژنان تا ئەمڕۆش توانیویانە باس لە مافەکانی خۆیان بکەن و دەتوانن بەو شێوەیە سەربکەون، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروشمی ئەم خۆپیشاندانانە کە بوو بە یاخیبوون تەنیا "ژن، ژیان، ئازادی" بوو و هەموو جیهان دەزانێت کە ئەم دروشمە یەکێکە لە دروشمەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی و ژیانی ژنان".

 

"بە پێشەنگایەتی ژنان دەسەڵات دەڕووخێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا شەمێ ڕەمۆ ڕایگەیاند، کە هەر جۆرە کۆمەڵکوژییەکی ژنان لە هەر شوێنێک بێت، هاوشێوەی داعشە و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ژنان لە هەموو شوێنێکی جیهان فشاریان لەسەر دەکرێت لە عەفرین، لە کامپەکانی باشور، لە ئێران، لەهەر کوێیەک ژن بکوژرێت، دەبێت بزانرێت کە عەقڵییەتی داعشە، بە هزری ڕێبەر ئاپۆ داعشمان تێکشکاند، بە هەمان هزر و بە پێشەنگایەتی ژنان و یەکڕیزییەوە جارێکی تر ئەو عەقڵییەتیە تێکدەشکێنین و سەرکەوتن بەدەستدێنین".