پایز، وەرزی ڕەنگە جیاوازەکانە

پایز بە قوڵی ڕۆچووەتە ناو ئەدەبی کوردی و لەلای هۆنەرانی کلاسیک و نوێخواز بووەتە هەوێنی دەیان هۆنراوە.

ژیان عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- پایز ئەو وەرزەیە کە تەواوی جوانی و ڕەنگەکان لە ئامێزی خۆی دەگرێت و دڵۆپە بچوکەکانی باران، کە لە دوای چەن مانگێک تامەزرۆ و تینوێتی زەوی دەشکێنێت و دایدەماڵێت، بۆن و بەرامەیەکی تازە بە سروشت دەبەخشێت و هەستی مرۆڤەکان دەوروژێنێت، دەرکەوتنی کۆلکە زێڕینە-پەلکە زێڕینە دوای بارانیش دەرخەری جوانی ئەم وەرزەیە.

 

وشەی "گەڵاڕێزان" تەنیا تایبەت بە پایزە، واتە لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا دارەکان خۆیان دەهەژێنن و گەڵا زەرد و سوورەکانیان بەجێدەهێڵن و خۆیان بە ئامێزی زەوی دەسپێرن، لقە وشکەکانیان بە ڕووتی چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی لە وەرزی تردا ئەڵماسە گەردوونییەکان لە ماتەمی نەبوونی شوێندا نەهێڵن و لەسەر لقەکانیان دابنیشن. پایز پردی نێوان زستان و بەهارە! گۆڕانی رۆخساری سروشتە!.

 

هەر وەک چۆن کاتێک پێ لەسەر خاکە درزێنراوەکان دەنێین و مۆسیقایەکی جوان دەخوڵقێن، بەهەمان شێوەش ژەنگاوی بوون و خش خشی گەڵاکان وەک یەک هەستێکی گەردوونی بوونمان پێدەبەخشێت و ڕۆحەکان ئازاد دەکات. پایز ئەو وەرزەیە کە هەست و ڕۆحی مرۆڤ دێنێتە خرۆش! ئەو وەرزەی لە دونیایەک ڕەنگ سازبووە و هەر ڕەنگێک دونیای وشەی تێدا شاردراوەتەوە.

 

پایز بە وەرزی کۆچ پێناسەشی بۆ دەکرێت

واتە، باڵندەکان لەم وەرزەدا هێلانەکانیان بەجێدەهێڵن و ئازادانە لە زەوی و ئاسماندا، بۆ دۆزینەوەی هێلانە و شوێنی شیاو بۆ بەردەوامی دان بە ژیان دەگەڕێن، سەیرکردنی جووڵەی ئەو باڵندانە لەئاسمانی پایزدا هەستێکی ناوازەمان پێ دەدات.

 

لە تەواوی ئەدەبیاتەکاندا وەرزی پایز دەوری هەبووە و کاریگەری کردووەتە سەر ناوەڕۆک و شێوازی نووسینەکان، بەتایبەت لە کولتووری کوردەواریدا، لەبەرئەوەی مرۆڤی کورد زیاتر گوند و چیانشین بووە و لە ڕابردوودا کەمتر ڕێگەیانداوە سەقامگیر و نیشتەجێ ببێت، بۆیە هۆگرییەکی قووڵ لە نێوان کورد و سروشتدا هەیە و ئایدیای مرۆڤی کورد ئایدیایەکی سروشتییە، ئەمەش زۆر بە تۆخی لە ئەدەبی زارەکیدا ڕەنگی داوەتەوە، سروشت بووەتە هەوێنی دەیان شاکار و بەیت و بەند و باو و گۆرانی، زۆرجاریش وەکو ڕێگایەک بووە بۆ دەربڕینی وشە نەوتراوەکانی ناو خەیاڵی شاعیران و نووسەران.

 

پایز لەناو ئەدەبیی کوردیدا

پایز بە قوڵی ڕۆچووەتە ناو ئەدەبی کوردی و لەلای هۆنەرانی کلاسیک و نوێخواز بووەتە هەوێنی دەیان هۆنراوە، هەر لەم بوارەشدا، کەژاڵ ئیبراهیم خدر، پایز و گەڵا ڕێزانەکەی دەکاتە ناو دووتوێی هۆنراوەکانی و دەڵێت:

 

دوێنێ بووی بە گەڵای پایز و

لەوسەفەری ورشەی گەڵاوەریوەکانی

بێ ئاگایی خۆت گەڕایتەوە

بەر لەوەی بگەیتە

ڕێگە بە گوڵ چێنراوەکانی ماڵی من

تەمومژی باخچەی دڵت

کەوتە بەرلێزمەی بارانی

کەپرە ڕووخاوەکەی

ھەستی من.

 

یەکێکی دیکە لەو شیعرە جوانانەی کە لە پێناسەی پایزدا نووسراون، هۆنەراوەکەی گۆرانە، کە دەڵێت؛

 

پایز پایز بووکی پرچ زەرد

من مات، تۆ زیز هەر دوو هاودەرد

من فرمێسکم، تۆ بارانت

من هەناسەم، تۆ بای سەردت

من خەم، تۆ هەوری گریانت

دوای نایە: دادم، دادت

هەرگیز هەرگیز

 

وەرزی پایز بەم شێوەیەش لە هۆنراوەکانی شیرکۆ بێکەسدا ڕەنگی داوەتەوە و دەڵێت؛

ئەمڕۆ پایز باریکرد و ئێرەی جێهێشت

 کە چوومە شوێن هەواری چۆڵ

ئاخێکی لێ بەجێ مابوو

ئاخم هێنایە ماڵەوە

ئەو ئاخە وەک بەتایبەتی

پایز بۆ منی دروو بێ

پڕ بە بەری شێعرێکم بوو

 

ئەوەی کە لەم ڕاپۆرتەدا باسمان کرد کورتەیەک بوو لە ڕەنگدانەوەی پایز و جوانییەکانی لەناو ژیان و ئەدەبی کوردیدا، لە چیرۆک و ڕۆمان و بوارەکانی دیکەی ئەدەبیشدا وەزری پایز بوونی هەیە و هەوێنی ئیلهامی هۆنەران و نووسەرانە.