زەینەب جەلالیان لە مافی چارەسەری و سەردانی خێزانەکەی بێبەشە

زەینەب جەلالیان سەرەڕای خراپی باری جەستەیی و خراپتربوونی ئاستی نەخۆشییەکەی، هێشتا مافی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و سەردانی بنەماڵەکەی لێ زەوت کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد کە بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دراوە، هەتا ئێستاش مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و سەردانی بنەماڵەکەی لێ بێبەش کراوە.

 

ئەم زیندانییە سیاسییە کە یەکێکە لە کۆنترین زیندانییە ژنەکانی ناو زیندانەکانی ڕژێمی ئیسلامی، چوار ساڵ لەمەوبەر بۆ زیندانی یەزد گواستراوەتەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپی "جیاکردنەوەی تاوانەکان" لەم زیندانەدا زیندانی کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە سەرەڕای بارودۆخی جەستەیی نالەبار و تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هەرسکردن، گورچیلە و چاو تا ئێستاش لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و چارەسەری تایبەتمەند بێبەشە.

 

بەگوێرەی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی زیندانەکە ڕەتیدەکەنەوە ئەنجامی ئەو پشکنین و وێنەگرتنانە بدەن کە زەینەب پێشتر ئەنجامی داوە، لە ئێستاشدا وەرگرتنی چارەسەری پزیشکییەکەی ڕاگیراوە، هەروەها لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە بە فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات چاوپێکەوتنی لەگەڵ خێزانەکەی قەدەغە کراوە.

 

زەینەب جەلالیان کە لە ئێستادا لە ١٧مین ساڵی سزاکەیدایە، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لەلایەن لێکۆڵەرانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە فشاری خراوەتە سەر بۆ ئەوەی پەشیمانی خۆی دەرببڕێت، و داوای لێکرا ئەگەر "نامەیەکی تەوبە" کە دەقەکەی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئامادەکراوە بۆ واژۆکردن، پرسی چارەسەرکردن و تەنانەت پارێزبەندییەکەیشی بە زووترین کات پشکنینی بۆ دەکرێت، زەینەب جەلالیان، بە ڕەتکردنەوەی واژۆکردنی ئەم نامەیە، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە مافێکی یاسایی زیندانییەک زانیوە.

 

زەینەب جەلالیان لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستگیر کراوە، لە ساڵی ٢٠٠٨ بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە گروپەکانی دژە ڕژێم"، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، سزای لەسێدارەدانی زەینەب جەلالیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوە و دادگای باڵای ئێران پشتڕاستکرایەوە، بەڵام بە کەمکردنەوەی سزاکە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

 

زەینەب جەلالیان چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بەجۆرێک ئەشکەنجە دراوە وەک قامچی لە بنی پێیەکانی، لێدان لە سکی، لێدانی سەری بە دیوار و هەڕەشەی دەستدرێژیکردنە سەری لێکراوە.