ژنان لە کۆتایی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مەراکش بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداربوون
بیست و دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مەراکش بە پێدانی خەڵات بە فیلمی "سماء بلا أرض" لە لایەن ئاریج سحیری، دەرهێنەری تونسی-فەرەنسی کۆتایی هات.
ڕەجا خەیرات
مەراکش- چەندین دەنگی سینەمایی ژن لە بیست و دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مەراکشدا ئامادەبوون و جیاوازی خۆیان سەلماند، کە تێیدا چەندین دەرهێنەری ژن بەشدارییان تێدا کرد و خەڵاتیان بەدەستهێنا.
ئاریج سحیری، دەرهێنەری تونسی-فەرەنسی خەڵاتی گەورەی ئەستێرەی زێڕینی بەدەستهێنا بۆ فیلمی "سماء بلا أرض" کە باس لە کێشەکانی کۆچبەرانی ئەفریقای بیابانی باشوور دەکات بە شێوازێک کە بە قووڵی دەنگی دایەوە، جیهان کیخیا، دەرهێنەری لیبیا خەڵاتی دەستەی سوێندخواردنی لەگەڵ ڤلادلێنیا ساندو، دەرهێنەری ئۆکراینی هاوبەش کرد بۆ فیلمی "بیرەوەری" کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی شەڕ و کۆچکردن و حەسرەتی ماڵەوە دەکات.
ئاریج سحیری، دەرهێنەری براوەی خەڵاتی گەورە بەبۆنەی سەرکەوتنەکەیەوە ڕایگەیاند، نایەوێت تیشک بخاتە سەر توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی کۆچبەران، بەڵکو دەیەوێت بەهێزی و نایابی و سیفەتە چەسپاوەکانی کارەکتەرەکانی فیلمەکە پیشان بدات، هەروەها دوورکەوتنەوە لەو "دەستەواژە کۆنەپەرستانەیە" کە هاوڵاتیان ڕاهاتوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی کۆچبەران.
جیهان کیخیا، دەرهێنەری لیبیا خۆشحاڵی خۆی بە بردنەوەی خەڵاتەکە دەربڕی و وتی: خۆشحاڵ بووم بە بەشداریکردنم لەم فێستیڤاڵەدا، هەروەها ویستم چیرۆکی خێزانەکەم لەگەڵ ئامادەبووان باس بکەم، لەڕێگەیەوە یادەوەری باوکم، مەنسور کیخیام بیرهێنایەوە کە خەباتی بۆ خۆشەویستی و ئازادی کرد.
نمایشکردنی فیلمی "أبي والقذافي" بە چەپڵەی جۆش و خرۆشەوە لەلایەن بینەرانەوە لێدرا، جیهان کیخیا، کچە بچووکەکەی مەنسور کیخیایە، کەسایەتی دیاری ئۆپۆزسیۆنی لیبیایە، توانی برینێک بکاتەوە کە ساڵانێکی زۆر بوو خۆی و خێزانەکەی تووشی ببوو، لەکاتێکدا بەدوای چارەنووسی باوکیدا دەگەڕان، کە لە هۆتێلێکی قاهیرە ڕفێندرا و چارەنووسی تا ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی نادیاربوو، کاتێک تەرمەکەی بە پارێزراوی لە کێڵگەیەک لە لیبیا دۆزرایەوە، ئەوەش دوای زیاتر لە ١٢ ساڵ لە دیارنەمانی بوو.
دیبۆرا لۆپ نانای، ژنە ئەکتەر خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی بەدەستهێنا بەهۆی ڕۆڵی لە فیلمی "سماء بلا أرض"،، سوبی دێریسۆ، ئەکتەری نەیجیریا خەڵاتی باشترین ئەکتەری بەدەستهێنا بەهۆی ڕۆڵی لە فیلمی "ظل والدي"..
بینەرانی سینەما شاهیدی بەرنامەیەکی دەوڵەمەندی فیلم بوون، کە نمایشکردن لە نێوان چواردە فیلمدا لە چوارچێوەی پێشبڕکێی فەرمیدا دابەشکرا، جگە لە بەرهەمەکانی دیکە لە بەشە جیاوازەکانی وەک العروض الاحتفالية"، "آفاق"، و"الجمهور الناشئ".
ئامادەبووان چێژیان لە یەکەم نمایشی جیهانی فیلمی "الست" وەرگرت، فیلمێک کە بە شێوەیەکی ناوازە بەدواداچوون بۆ ژیانی گۆرانیبێژی ئەفسانەی میسری ئوم کەلسووم دەکات، دوور دەکەوێتەوە لە ڕێبازی نەریتی ڕێزگرتن لە ژیاننامە و لەبری ئەوە سەرنج دەخاتە سەر لایەنە مرۆیی و دەروونییەکانی کەسایەتییەکەی.
فێستیڤاڵەکە لە کۆتا ڕۆژی خۆیدا بە ڕاگەیاندنی براوەی خەڵاتەکانی وۆرکشۆپەکانی ئەتڵەس ٢٠٢٥ کۆتایی هات، بەمەش هەشتەمین وۆرکشۆپ کۆتایی هات، پرۆگرامی وۆرکشۆپەکانی ئەتڵەس بۆ پشتگیریکردنی پیشەییەکانی پیشەسازی فیلم لە مەغریب و جیهانی عەرەبی و ئەفریقا داڕێژراوە.
ڕێکخەران ڕوونیان کردەوە، کە ئەم فیستیڤاڵە بینەرێکی زۆری جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا کە پێکهاتبوو لە ٣٥٠ کەسی پیشەگەر، کە کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڵبژاردنی ٢٨ پڕۆژە و فیلم بە سەرۆکایەتی نەوەی نوێی سینەماکارانی مەغریبی و عەرەبی و ئەفریقی، ١٧ پڕۆژە لە پەرەپێدان و ١١ پڕۆژە لە بواری وێنەگرتن یان پۆست پرۆدەکشن، کە نوێنەرایەتی ١٢ وڵاتی جیاواز دەکەن، سوودمەند بوون لە وۆرکشۆپەکان.