ئەفغانییەکان لە کارەساتی کۆچکردندا دەژین
ماوەی چوار دەیەیە ئەفغانستان لە شەڕ و ناسەقامگیریدا نوقم بووە، ملیۆنان ئەفغانی ناچار کردووە بە دوای مانەوە و ژیانێکی باشتردا کۆچبکەن.

بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-لە ئەفغانستان جارێکی تر هاوڵاتیان تووشی شەپۆلی ئاوارەبوون و کۆچکردن دەبنەوە، شەڕە یەک لە دوای یەکەکان هاوڵاتیانی ناچار کردووە وڵاتەکانیان بەجێبهێڵن و پەنا بۆ کۆچکردنی زۆرەملێ ببەن، ئەمەش بەهۆی ئازاردانیان بە دەست نائاسایشی، لەو وڵاتانەی کە پەنایان بۆ دەبەن، ڕووبەڕووی سەرکوت و زەلیل و پێشێلکردنی کەرامەتی خۆیان دەبنەوە.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هەواڵەکان دەریدەخەن دەسەڵاتدارانی ئێران بە توندوتیژی ئەفغانییەکانیان لە شوێنی کار و ماڵ و شەقام و پارکەکانیانەوە دەستگیرکردووە، پێش ئەوەی دیپۆرتیان بکەنەوە بۆ سنووری ئەفغانستان، باس لەوە دەکرێت کە تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە ٤٥٠ هەزار کەس دەرکراون و ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ناخۆشی برسێتی و تینوێتی و هەژاریی لە ڕادەبەدەر بوونەتەوە، ئێستا لە ناوچەی سنووریی نێوان ئێران و ئەفغانستان خەبات دەکەن بۆ مانەوە.
سەرەڕای ئەم مامەڵە نامرۆڤانەیە، تا ئێستا هیچ ناڕەزایەتییەکی فەرمی لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان یان وڵاتانی پەیوەندیدارەوە نەبووە، ئەم دۆخە دڵتەزێنە بێ وەستان بەردەوامە.
کۆچکردن دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دیارە لە مێژووی هاوچەرخی ئەفغانستاندا، سەرچاوەکەی لە شەڕ و ناسەقامگیری سیاسی و فشارە ئابوورییەکان و چەوسانەوەی کۆمەڵایەتیدایە، لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا ئەفغانستان یەکێک بووە لە گەورەترین وڵاتانی جیهان کە کۆچبەران هەناردە دەکات.
پێش سەرهەڵدانی شەڕ، کۆچکردن لە ئەفغانستانەوە لە ڕووی پانتاییەوە سنووردار بوو و بەهۆی پاڵنەرە ئابووری یان خێڵەکییەکانەوە بوو، هەندێک لە ئەفغانییەکان بۆ کار و بازرگانی کۆچیان کرد بۆ وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و هیندستان، لەو ماوەیەدا کۆچکردن زیاتر وەرزی و پەیوەندی بە کارەوە هەبوو، نەک سیاسی یان زۆرەملێ.
بەڵام لەگەڵ کودەتاکەی مانگی نیسان و داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن هێزەکانی ڕوسیا "١٩٧٨-١٩٩٢" و دەستپێکردنی جەنگی دژە سۆڤیەت، ملیۆنان ئەفغانی ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و بەرەو وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی پاکستان و ئێران هەڵبێن، ئەمەش سەرەتای شەپۆلێکی گەورەی کۆچکردنی زۆرەملێ بوو لە مێژووی مۆدێرنی ئەفغانستاندا، بە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ڕووسیا و بۆردوومانی بێ جیاوازی ماڵەکان، گوندەکان ناچار بوون چۆڵ بکەن و هاوڵاتیا بە زۆر لە زێدی خۆیان ئاوارە بوون.
شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی کۆچکردنی زۆرەملێ
دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا و ڕووخانی حکومەتەکەی دوکتور نەجیبوڵا، شەڕی ناوخۆ لەنێوان ئەو لایەنانەی کە بە "موجاهدین" ناسراون "١٩٩٢-١٩٩٦" سەریهەڵدا، شارە گەورەکان بوونە مەیدانی شەڕ و شەپۆلەکانی کۆچکردن بە قەبارەیەکی بەرفراوان بەردەوام بوو، بەتایبەتی بۆ ئێران و پاکستان، کە هاوڵاتیان دەیانتوانی لەوێ بژین بەبێ ئەوەی پێویستیان بە بەڵگەنامەی فەرمی هەبێت، کەمپی پەنابەرانی ئەفغانستان لە چەند ناوچەیەکی ئەم دوو وڵاتە دامەزران، ئەمەش بووە هۆی هاوسەرگیری نێوان ئەفغانییەکان و دانیشتوانی ئەو وڵاتانە، بەشێک لە منداڵانی ئەو بنەماڵانە ڕەگەزنامەی وڵاتانی میوانداریان وەرگرتووە و لەوێ درێژە بە خوێندن دەدەن.
لەگەڵ دەستپێکردنی یەکەمین دەسەڵاتی تاڵیبان "١٩٩٦-٢٠٠١" کۆچکردن بەردەوام بوو، هیچ خێزانێک نەگەڕایەوە زێدی خۆیان، پاشان لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان "٢٠٠١-٢٠٢١" و پێکهێنانی حکومەتێک کە بە دیموکراتی پێناسەکرا، ئەمەش بووە هۆی باشتربوونی کاتی دۆخی ئاسایشی تا ساڵی ٢٠٠٥، لەم ماوەیەدا زۆرێک لە پەنابەران گەڕانەوە بە تایبەت ئەوانەی کە لە ئێران و پاکستان نیشتەجێ بوون، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و گەڕانەوەی تەقینەوە خۆکوژییەکان و پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان و گەڕانەوەی وردە وردەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، جارێکی دیکە کۆچکردن چڕتر بووەوە، زۆرێک لەوانەی لە ئەوروپا و ئەمریکا ژیاون، یان ساڵانێکی زۆر لە ئێران و پاکستان بەسەریان بردووە، نەگەڕاونەتەوە ئەو وڵاتە.
گەورەترین شەپۆلی کۆچکردن کە بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ و بێ هیواییەوە سووتەمەنی بوو، کاتێک ڕوویدا کە تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١ دەسەڵاتی وەرگرتەوە، فڕۆکەخانەی کابولی گۆڕی بۆ گۆڕەپانی کارەساتێکی پڕ لە ئازار، شەش گەنج لە کاتی هەوڵدان بۆ هەڵهاتن لە فڕۆکەکانەوە کەوتنە خوارەوە و ژن و منداڵ و بەساڵاچووەکان لە ژێر پێیاندا بوون، هەزاران خێزان لەیەکتر جیابوونەوە. تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە فڕۆکەخانە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس، ئەمریکاش بە بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەڵامی دایەوە کە بووە هۆی کوژرانی خێزانە بێتاوانەکان.
ئەو ئەفغانیانەی نەیانتوانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەوە هەڵبێن و بەڵگەنامەی فەرمییان نەبوو، بەرەو وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران، پاکستان و تاجیکستان هەڵهاتن، بەهۆی زۆری تێچووی بەدەستهێنانی بەڵگەنامەکان و مەترسییە ئاسایشییەکان، زۆرێکیان ناچاربوون بە شێوەیەکی نایاسایی سنوورەکان ببڕن، ڕووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە بوون لەلایەن پاسەوانانی سنوورەوە، هەندێکیان تەقەیان لێکرا و کوژران، ڤیدیۆی بە ئازار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوبووەوە کە ئەشکەنجەدان و کوشتن و مامەڵەی خراپ لەسەر دەستی پاسەوانانی سنوور بە تایبەتی لە ئێران و تورکیا نیشان دەدەن.
تەنانەت ئەوانەی توانیویانە بگەنە ئەوروپا، ناتوانن ئەو کابوسانەی کە لە ڕێگادا شاهیدییان کردووە، لەبیربکەن. لەم ساڵانەی دواییدا بێکاری و نەبوونی هیوا وایکردووە زۆرێک لە گەنجانی ئەفغانی کۆچکردن هەڵبژێرن بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بونیاد بنێن.
زیاتر لە چوار دەیە ئەفغانستان بەدەست نائاسایشی و تێکچوونی ئابووری و تێکچوونی سیستەمی پەروەردەوە دەناڵێنێت دانیشتووانەکەی ناچار کردووە بەجێیبهێڵن، ساڵانێکە ئێران و پاکستان خەریکی دەستگیرکردن و ڕاگرتن و دیپۆرتکردنەوەی ئەفغانییە بێ بەڵگەنامەکانن، بەڵام لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ەوە پاکستان و دواتر ئێران دەستیان کردووە بە دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی تەنانەت ئەو کەسانەی کە بەڵگەنامەی یاساییان هەیە، تەنانەت لە کەسانەشیان داوە و زەلیلیان کردوون کە هاوسەرگیریان لەگەڵ ئەفغانییەکانی ئەو وڵاتانە کردووە.
بەداخەوە خاوەنکار و خاوەن خانووەکان ئەم دۆخەیان قۆستۆتەوە و حەقدەستیان لە ئەفغانییەکان ڕاگرتووە، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر کردووە، خوێندن و کار و بارودۆخی ژیانی شایستەیان لەدەستداوە، تەنانەت موچەی کارەکانیان پێنەدراوە.
بەم پێیە کۆچکردنی ئەفغانستان چیتر هەڵبژاردەیەکی کەسی نییە، بەڵکو وەڵامدانەوەی زۆرەملێیە بۆ قەیرانە سیاسی، ئاسایشییەکان، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، تا ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بەدەست نەهێنرێت، کۆچکردن وەک تاکە ئامرازی مانەوە بۆ زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی دەمێنێتەوە، داهاتووی کۆچکردنی ئەفغانستان بەستراوەتەوە بە چارەنووسی سیاسی ئەو وڵاتە و مامەڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ قەیرانی مرۆیی لەوێ.