پەرلەمانی ئەوروپا هەڵاواردنی سیستماتیکی دژ بە ژنان لە ئێران شەرمەزار دەکات

پەرلەمانی ئەوروپا تێکچوونی بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان لە ئێران لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە شەرمەزار کرد و ئەم کارانەی بە ئەشکەنجەدانی ڕوون پێناسە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرلەمانی ئەوروپا ئەمڕۆ ٢٩ی تشرینی دووەم،  بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک بە زۆرینەی ٥٦٢ دەنگی بەڵێ، دوو دەنگی نەخێر و ٣٠ دەنگی بێ لایەن، پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤی لە ئێران شەرمەزار کرد و داوای لە دەسەڵاتداران کرد کە هەڵاواردنی سیستماتیکی دژ بە ژنان ڕابگرن، لەوانەش سەپاندنی حیجابی ناچاری، و هەڵوەشاندنەوەی یاسای پەرەپێدانی کولتووری پاکیزەیی، حیجاب و یاساکانی دیکە کە جیاکاری لە نێوان ڕەگەزەکاندا دەکەن.

 

پەرلەمان هەروەها دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانەی خوێندکارێکی زانکۆی زانست و توێژینەوەی ئیدانە کرد کە لە ناڕەزایەتییەکدا بەرامبەر بە یاسا ئیجباریەکانی حیجاب جلەکانی لابردووە، هەروەها لە نەخۆشخانەی دەروونی خەوێندراوە.

 

دەستبەسەرکردنی لە "نەخۆشخانەی دەروونی" کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان داوای مافی مرۆڤیان دەکرد.

 

نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم داکۆکیکارانی مافی ژنان و قوربانیانی دیکە کە دەستبەسەر کراون، داوایان لە دەسەڵاتداران کرد کۆتایی بە ئیدانەکردن و گۆشەگیریی سەر نەتەوەکان لە ئێران بهێنن.

 

ئەندامانی پەرلەمان دامەزراندنی "کلینیکی چارەسەری دەروونی" بۆ ئەو ژنانەی کە پابەند نین بە ڕێسا توندەکانی حیجابی ئیجباری بە نیشانەیەکی دیکەی زیادبوونی سەرکوتی سیستماتیکی دژ بە ژنانی ئێرانی زانی و هۆشدارییان دا لە تێکچوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران.

 

تیشک خرایەسەر هەلومەرجی سەختی مافی مرۆڤ، لەوانە بەکارهێنانی ناڕێژەیی هێز لە دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و گرتن و ئەشکەنجەدانی ژنانی وەک نێرگس محەمەدی، چالاکوان و خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و نەسرین ستودە، پارێزەری مافی مرۆڤ. و کوشتنی نامرۆڤانەی کەسانی وەک جەمشید شەرمحەد و ژینا ئەمینی.

 

پەرلەمانی ئەوروپا داوای پێشووی خۆی لە ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پۆلێنکردنی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی “تیرۆریستی” دووپات کردەوە و داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد کە ڕێگە بە دەستڕاگەیشتنی بێ بەربەست بە نوێنەرایەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و تیمی تایبەت سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بدەن.