گروپی ژنانی ٢٥ نۆڤەمبەر سەردانی شوێنی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان کرد

گروپی ٢٥ نۆڤەمبەر لە درێژەی چالاکییەکانی ٢٥ تشرینی دووەم سەردانی شوێنی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسان، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان کرد.

سەیدسادق  

 

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمڕۆ٣٠ی تشرینی دووەم، گروپی ژنانی ٢٥ نۆڤەمبەر کە زیاتر لە ١٠ رێکخراو پێکهاتووە، سەردانی شوێنی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان کرد، کە لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵ لە لایەن فڕۆکەی بێفرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا لە سەر ڕێگای شارۆچکەی سەیدسادق کرانە ئامانج.

 

  ڕووناک مەجید ئەندامی گروپی ژنانی ٢٥ نۆڤەمبەر لە وتارێکدا ئەماژەی بەوەدا بە تێپەڕبوونی ٦٤ ساڵ لەسەر کۆمەڵکوژی خۆیشکانی میرابێل، لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا دەبینین کە بە هەمان ئەقلیەت ژنان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە و وتی: لە هەموو شەڕەکاندا ژنان و منداڵان قوربانی یەکەمن و گرنگە ژنان  بە یەک دنگی ڕووبەڕووی ئەم دەسەڵات و ئەقلییەتە ببنەوە.

 

ڕووناک مەجید لە کۆتاییدا بانگەوازی لە هەموو ژنان و ئازادیخوازان کرد کە ئەم ڕۆژە و هەڵمەتی ١٦ ڕۆژە بەرز ڕابگرن و وتی: دەبینین لە هەموو جیهاندا و لە هەرێمی کوردستاندا ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن، بۆیە پێویستە ژنان ئایدۆلۆژیای پاراستنی خۆیان پێشبخەن، تاکو بتوانن ڕووبەڕووی ئەو کۆمەڵکوژیانە ببنەوە.

 

"ئەوان دڵیان بۆ ئازادی و تێکۆشان لێدەدا"

بەیان فەرەج، ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە باس لە ئەو کۆمەڵکوژیانە دەکات کە لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت و دەڵێت: "ئەوەی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان بە ڕێوەدەچێت ڕادەستکردن و پێشکەشکردنی ئەو کەسانەیە کە دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات بە دوژمنە. بۆ نموونە دو ڕۆژنامەنووس، هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا کە تەنها بۆ ڕووماڵکردنی بەرنامەیەک هاتبوونە ئێرە لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کۆمەڵکوژ کران. ئێمە وەک ژنانی باشوور ئەوان لەبیر ناکەین چونکە ئەوان دڵیان بۆ ئازادی و تێکۆشان لێدەدا".  

 

بەیان فەرەج لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژی ژنان پێویستە یەکگرتووبن  و وتی: بە سەیرکردنێک لەو شتانەی کە لە باکوور، ڕۆژئاوا و شنگال دەگوزەرێت، دەبینین کە ئەم دەستکەوتانە لە لایەن ژنانەوە هەڵگری پەیامێکە بۆ دوژمن، لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا دەبینین کە ژنانی کورد بوون بە ئاوێنەیەک بۆ هەموو ژنانی جیهان و گەلی بندەست. ئەو کەسانەی کە لە دەوری هزری ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەتەوە دەتوانن لەو کۆتوبەندانەی کە دوژمنان بە سەرماندا سەپایندوویانە ئازاد بن، گوڵستان تارا و هێڕۆ بەهادینیش بەم شێوە بوون.

 

چالاکییەکە بە دانانی بەرد لە دەوری شوێنی لێدانی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین تێیدا کرانە ئامانج، نووسینی ناوی هەر دوو ژنە ڕۆژنامەنووس بە بەرد و  وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرن" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.