مامۆستایانی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێران ناچار بەبێدەنگکردن لە سیستەمی پەروەردەدا دەکرێن
مامۆستایانی ژن لە ژێر چاودێری ورددا دەچنە ناو پۆلەکانەوە، جووڵە و زەردەخەنەکانیان هەڵدەسەنگێندرێت و چاوەڕوان دەکرێت بەبێ ناڕەزایەتی وانە بڵێنەوە، ئەویش لە خوێندنگەیەکدا کە سیستەم و بەهاکانی حکومەت بەرهەم دەهێنێتەوە نەک تەنها سەرنجی لەسەر پەروەردە بێت.
شیلان سەقزی
ناوەندی هەواڵ- لە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، مامۆستای ژن تەنها هێزێکی کار نییە، بەڵکو تاکێکن کە لە یەکتربڕینی دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژی، ڕەگەزی و چینایەتیدا هەڵکەوتوون، لە سەرەتای چوونە ناو پیشەکەیانەوە لە کۆلێژەکانی خولی پەروەردەی مامۆستایان تا ساڵانێک لە خزمەتکردن و ماندووبوون لە پۆلە قەرەباڵغەکان و خوێندنگە پشتگوێخراوەکاندا، ژنانی مامۆستا دەخرێنە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنان و پەراوێزخستنی پێکهاتەیی، ئەوان تەنها بەرپرسیار نین لە پەروەردە بەڵکو بەرپرسیارن لەو دیسیپلینە سیاسی و ڕەوشتییەی کە حکومەت هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەوانەوە لە خوێندکاردا بیچێنێت.
چۆن سیستەمی پەروەردە بووەتە ئاماژەیەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی و چۆن مامۆستای ژن بوونەتە ڕیزی زیانبەرکەوتووە دیارەکانی؟
ئەم ڕاپۆرتە بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی پێکهاتەیی، ئابووری و ئایدیۆلۆژیی ژنانی مامۆستا لە چوارچێوەی سیستەمی پەروەردەی ئێراندا دەستپێدەکات، لە هاتنە ناوەوەیان بۆ پیشە، هەنگاونان بە فشارەکانی پەیوەست بە کار، هەڵاواردنی ڕەگەزی و شێوەکانی توندوتیژی ئاماژەی و جەستەیی و گەیشتن بە لوتکە بە کاریگەریی سیاسەتەکانی بەڕێوەبردن لەسەر ژیانی پیشەیی و کەسییان.
"توندوتیژی فرەچەشن دژی ژنانی مامۆستا"
لە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیدا، ژنانی مامۆستا ڕەهەندێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژییان لەسەرە، لە هەمان کاتدا وەک بابەتێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت کە دەبێت بەردەوام چاودێری و دیسپلین و کۆنترۆڵ بکرێن، ئەو توندوتیژییەی لەم سیستەمەدا دژی ژنان ئاراستە دەکرێت، شێوەی توندوتیژیی دەروونی دامەزراوەیی و ئایدیۆلۆژیی وەردەگرێت، کە لە ئاستە جیاوازەکاندا بەرهەم دەهێنرێتەوە لە پەروەردەوە تا دامەزراندن.
ژنان لەو ساتەوەختەوە کە دەچنە ناو خولی پەروەردەی مامۆستایانەوە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک فەرمان و قەدەغەکردنی ئایینی و ڕەگەزی و سیاسی دەبنەوە کە ئامانجیان گەشەپێدانی پیشەیی نیە، بەڵکو ملکەچکردنی و چەسپاندنی دیسیپلینی ئایدیۆلۆژییە، ڕواڵەت، ڕەفتار، قسەکردن، ڕازاندنەوە، شێوازی ژیان و تەنانەت شێوازی پێکەنین و کارلێککردنیان لە پۆلدا دەبنە بابەتی هەڵسەنگاندنی فەرمی و نافەرمی، بەم شێوەیە ناوەندەکانی خولی پەروەردەی مامۆستایان لە شوێنی گەشەسەندنی ڕەخنەگرانە و گەشەسەندنی سەربەخۆوە دەگۆڕدرێن بۆ شوێنی بەرهەمهێنانەوەی نۆرمەکانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی لە بواری کۆنترۆڵکردنی ڕەگەزیدا.
لەگەڵ چوونە ناو ژینگەی خوێندنگە، ئەم توندوتیژییە پێکهاتەییە شێوازێکی ئاڵۆزتر وەردەگرێت، مامۆستای ژن لە چوارچێوەی سیستەمێکی پلەبەندی کارگێڕی و ئایینی و ڕەگەزیدا دادەنرێت، کە بەڕێوەبەری خوێندنگەکان و پشکنەرانی وەزارەتی پەروەردە و تەنانەت هەندێک هاوکاریان وەک ئاماژەی پێکهاتەی ئایدیۆلۆژی کاردەکەن، زۆرێک لەو چاودێرانە لەسەر بنەمای لێهاتوویی پەروەردەیی هەڵنابژێردرێن، بەڵکو لەسەر بنەمای دڵسۆزی سیاسی و مەزهەبی هەڵدەبژێردرێن و ڕۆڵی ئەوان پشتیوانی پەروەردەیی نییە، بەڵکو پاراستنی سنوورە ئایدۆلۆژییەکانی ڕژێمە.

ئەو کۆنتڕۆڵەی کە بەسەر جەستەی مامۆستای ژندا دەکرێت "لە ڕووی جل و بەرگ و ڕازاندنەوە و ڕەفتارەوە" جۆرێک لە "پۆلیسی پەروەردەیی" بەرهەم دەهێنێت، کە خوێندنگە دەبێتە دامەزراوەیەکی ئاسایشی نەرم بۆ کۆنترۆڵکردنی ژنان، ئەم کۆنتڕۆڵە ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، دۆسیە کارگێڕییەکان، هەڕەشەی گواستنەوە یان سەرزەنشتکردن و فشار بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی حکومەت "لە ڕێپێوانەوە تا بۆنە ئاینییەکان" دەگرێتەوە، هەموو ئەمانەش بەشێکن لە پرۆسەی سەرکوتکردنی دەروونی، هەر ئاماژەیەک بۆ سەربەخۆیی هزری یان ڕەخنەیەک لە ئایدۆلۆژیای فەرمی دەتوانرێت بە "لادانێکی سیاسی" یان "گەندەڵی ڕەوشت" لێکبدرێتەوە.
جگە لەوەش، نائاسایشی کار و نەبوونی سەندیکای سەربەخۆ و پێکهاتەی دەوڵەتی و ئایین، خۆڕاگری بەکۆمەڵ لەلایەن مامۆستای ژنەوە قورستر دەکات، زۆرجار دەخرێنە ژێر گۆشەگیری و میکانیزمی دامەزراوەیی شەرمەزاری و وردە وردە دوورخستنەوەیان، ئەم دۆخە بە ماندوێتی دەروونی و بێدەنگیی زۆرەملێ دەگاتە لوتکە، ڕێک ئەوەیە کە سیستەمەکە ئارەزووی دەکات، مامۆستایەک کە وەک مامۆستایەک دەردەکەوێت بەڵام لە ڕاستیدا ئامرازێکە بۆ بەرهەمهێنانەوەی بێدەنگی و ملکەچبوون.
ئەم دۆخە جۆرێکە لە توندوتیژیی سیستماتیکی و دامەزراوەیی، توندوتیژی لەبەرگی "پەروەردە"دا، بەڵام چەوساندنەوەی چەسپاندووە و خوێندنگە دەگۆڕێت، لە ڕێگەی پێکهاتە فەرمیەکانییەوە، بۆ ئامرازێکی کۆنترۆڵکردنی جەستە و ڕۆح و دەنگی مامۆستا و بێدەسەڵات کردنی، کە توندوتیژی سیاسییە بە شێوەیەکی نایاب.
"ئابوورییەکی نایەکسان و بەکارهێنانێکی ئاڵۆز"
موچەی بنەڕەتیی ژنانی مامۆستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تایبەت لە ساڵانی سەرەتاییدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمە، بۆ نموونە مامۆستایەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی ٧ بۆ ١٠ ساڵ ئەزموونە بەڵام کەمتر لە موچەی خۆیان وەردەگرن، لەکاتێکدا بەتەنها کرێی خانوو لەم شارانەدا بەتەواوی لە موچەی مانگانە زیاترە، جگە لە تێچووی گواستنەوە و تێچووی ژیان و تەنانەت کڕینی کەرەستەی فێرکاری یان جلوبەرگی خوێندنگە.
ژنانی مامۆستا بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان و سنوورییەکان، ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبنەوە کە بە "پۆلی فرە ئاست" ناسراوە، لە یەک کاتدا وانە بە خوێندکارانی توانا جیاوازەکان دەڵێنەوە، ئەمەش بەتەواوی پێوەرە پەروەردەییەکان تێکدەدات و فشارێکی دەروونی و جەستەیی بێئەندازە دەخاتە سەر مامۆستایان، لە ناوچەکانی وەک سیستان و بەلووچستان یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەندێک جار ژنانی مامۆستا ناچارن چەند کاتژمێرێک لەسەر ڕێگا خۆڵییەکان ڕێ بکەن، بەبێ گواستنەوەی پارێزراو، تەنها بۆ ئەوەی بگەنە خوێندنگەکانیان، زۆرێکیان بەهۆی ترسی هەراسانکردن لەسەر ڕێگاکان یان نەبوونی پێویستی تەندروستی لە خوێندنگەکاندا تووشی نەخۆشی درێژخایەنی جەستەیی و دەروونی دەبن.

بە هەمان شێوە، زۆرجار بەڕێوەبەران لەسەر بنەمای دڵسۆزییان بۆ ڕژێمی سیاسی دادەمەزرێنراون نەک تواناکانی بەڕێوەبردن، ئەمەش ژینگەی کارکردن دەگۆڕێت بۆ شوێنی ئاسایش، ژنانی مامۆستا ناچارن پابەندبن بەو بەرنامانەی کە پێچەوانەی ڕۆحی پەروەردەن، لە بەشداریکردنی ناچاریی لە ڕێوڕەسمەکانی حکومەتدا تا دەگاتە پێشخستنی زۆرەملێی بەها فەرمییەکان، ئەگەر ناڕەزایی دەرببڕن، ئەوا ڕووبەڕووی هەڕەشەی گواستنەوە، لێکۆڵینەوەی کارگێڕی، یان ڕەتکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە دەبنەوە.
لە زۆرێک لە خوێندگەکاندا، ژنانی مامۆستا بەرپرسیارێتی زیاتریان لەسەرە "لە پاککردنەوەی پۆلەکانەوە تا ڕازاندنەوەی خوێندنگە یان ڕێکخستنی بۆنە ئاینییەکان" بەبێ ئەوەی هیچ زیادکردنێکی هاوتا لە موچە یان یارمەتییەکان هەبێت، لەم نێوەندەدا ژنان ڕووبەڕووی بەربەستی بەرچاو دەبنەوە لەبەردەم پێشکەوتن بۆ پۆستە کارگێڕییەکان، چونکە چاوەڕوان دەکرێت "ڕەنگین و گوێڕایەڵ" و "دایک و سەربازی ئایدیۆلۆژی لە یەک کاتدا"بن.
"شارە گەورەکان، فشارێک کە سەردەمی دەردەکەوێت بەڵام ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە چینایەتیدا هەیە"
لە شارەکانی وەک تاران، تەورێز یان ئەسفەهان، ژنانی مامۆستا ڕووبەڕووی دیاردەی نایەکسانی شارەکان دەبنەوە، لە لایەکەوە کرێ و تێچووی ژیان لە ڕادەبەدەرە و لە لایەکی دیکەشەوە زۆرجار بۆ پەراوێزی شارەکان دادەبەزێت.
ئەمەش بە واتای دوو بۆ سێ کاتژمێر هاتووچۆی ڕۆژانەیە و دەبێتە هۆی ماندوێتی دەروونی و کەمبوونەوەی کوالیتی ژیانیان، بۆ نموونە مامۆستایەک کە لە قەرچاک، لە جەرگەی پایتەخت دەژی، بەڵام لە باکووری تاران وانە دەڵێتەوە، ڕۆژانە کاتژمێری زۆر لە قەرەباڵغی هاتوچۆ یان لە میترۆ و پاسەکاندا بەسەر دەبات و بە کەمترین موچە کارێکی ماندووکەر ئەنجام دەدات.
بۆیە دەکرێ بووترێت کە ژنانی مامۆستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە یەکتربڕینی چەندین جۆری توندوتیژی، وەک توندوتیژی ئابووری "نەبوونی پاداشتی ماددی"، توندوتیژیی ڕەگەزی "هەڵاواردن و کۆنترۆڵکردنی جەستە و ڕەفتار"، توندوتیژی ئایدیۆلۆژی "سەپاندنی بەها فەرمییەکان"، توندوتیژی شوێنی "نائاسایشی لە گواستنەوە و نیشتەجێبوون" و توندوتیژی دەروونی "ناسەقامگیری، چاودێری بەردەوام، بێڕێزی کارگێڕی".
لەم چوارچێوەیەدا سیستەمی پەروەردە لەبری ئەوەی وەک هێزێکی بەرهەمدار بۆ زانیاری و هۆشیاری پشتیوانی لە ژنانی مامۆستا بکات، دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوەی ژێردەستەیی و بێدەنگی، سەربازێکی بێدەنگن لە بواری پەروەردەدا، ماندوو و گۆشەگیر و زۆرجاریش بێدەنگ لە پەراوێزی پێکهاتەی سیاسی و ئابووری پیاوسالاریدا.
