خۆلێکی ڕاهێنان بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ژن لە هەرات ڕێکخرا

لە شاری هەراتی ئەفغانستان بە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان، ژنێک خۆلێکی ڕاهێنانی بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ژن ڕێکخست.

ناوەندی هەواڵ

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ئاژانسی هەواڵی ژنانی ئەفغانستان بڵاویکردووەتەوە، ژنێکی گەنج لە شاری هەرات بە ئامانجی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان لە ئەفغانستان، خولێکی بەرگدرووی بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ژن سازکرد، کە بە شێوەیەکی پیشەیی بە دیزاین و دورینی جلوبەرگی جۆراوجۆری ژنانی ئاشنا کردن.

 

ئەم چالاکییانە ئاماژەن بۆ ئەو هەوڵانەی کە کۆمەڵێک ژن لە ئەفغانستان، بۆ بەکارهێنانی تواناکانیان بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە وڵاتەکەیاندا دەیکەن، هەروەها ئەم خولەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ژنان کە  ڕۆڵی زیاتر لە کۆمەڵگەدا بگێڕن.

 

ئەمە لە کاتێکدایە تاڵیبان بە یاساکانی خۆیان، کاری ژنانی سنووردار کردووە لە ئەفغانستان، بەڵام ئەم سنووردارکردنانە نەبووەتە هۆی ئەوەی ژنان بەشداری لە چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان نەکەن، لەم دواییانەدا سێ ژنی ئەفغانی بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی ژیان و ژینگەکەیان، خراونەتە لیستی ١٠٠ ژنە کاریگەرەکانی جیهان، لە ساڵی ٢٠٢٤دا.