هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ سێدارە" هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ بەردەوامە
هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ و کۆتایی هاتنی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ سێدارە" کە بۆ ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدان دەستیپێکرد، لە ٤٦ەمین هەفتەدا بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
دەسەڵاتدارانی ئێران شەپۆلێکی ترسناکی کوشتن بە ناوی سزای لەسێدارەدان ئەنجام دەدەن، ئەمەش وایکردووە چالاکوانان و تەنانەت دەستبەسەرکراوانی ناو زیندانەکانیش هەڵمەتی مانگرتن لە خواردن دەستپێبکەن و داوای ڕاگرتنی ئەو سزایانە بکەن.
١٠ی کانوونی یەکەم، ڕۆژی جیهانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و کۆتایی هاتنی هەڵمەتی ١٦ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە، هاوکات دەیان زیندانی سیاسی دەستگیرکراون، لەوانە وریشە مورادی، چالاکی مافی ژنان و چالاکوان پەخشان عەزیزی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
زیندانیانی بەشداربوو لەم هەڵمەتەدا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک جەختیان لەسەر بەردەوامیی داواکارییەکانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بەتەواوەتی لە ئێراندا کردەوە لە دەقی بەیاننامەکەدا هاتووە: لە ١٠ کانوونی یەکەمی ١٩٤٨ دوای چەندین ساڵ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا لەدەستی حکومەتە ستەمکار و دیکتاتۆرەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ ناساند.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوای ٧٦ ساڵ لەم ڕووداوە، تا ئێستاش شاهیدی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤین لە جیهاندا، بەتایبەتی لە ئێران، جگە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی هاووڵاتیان، خەڵک کوژراون، دەیان و سەدان کەسیش ناچار بوون بێسەروشوێن ببن، لە ماوەی ٤٥ ساڵی بوونی ئەو دەسەڵاتانەدا زیاتر لە ١٠٠هەزار کەس لە سێدارە دراون، هەروەها لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا لە یەک حاڵەتدا ٧٥ کەس لە سێدارە دراون و لە ماوەی کەمتر لە ٩ مانگدا ٧٧٠ کەس لە سێدارە دراون، بە متمانەوە دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتدارانی ئێران خاوەنی پێوانەیین لە پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ هاوکات بوو لەگەڵ ئازادکردنی زیندانیانی سیدنایە کە بە یەکێک لە ترسناکترین زیندانەکانی سووریا دادەنرێت و ڕەنگە جیهانی سەرسام کردبێت، بەڵام هۆشدارییە بۆ هەموو ویژدانی بەئاگابوو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ بەدواداچوونی جددیتر و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە تاوانانە بکەن، وەک چۆن لە سێدارەدان و ناشتنی هەزاران کەس بە زیندووی لە ژێر زەویدا ئەنجامدرا.
ئاماژە بەوەکراوە، هەڵمەتی “سێشەممەی نا بۆ سێدارە" کە چووە ٤٦ەمین هەفتەی خۆیەوە، پیرۆزبایی لە گەلی ئازادی سووریا و زیندانیانی بەرخۆدێر دەکات کە دوای چەندین ساڵ لە ئەشکەنجە بەو هیوایەی کە زیندانییەکان و خەڵکی ئێران لە سزای لەسێدارەدان ڕزگاری دەبێت، لەم ڕۆژە جیهانییەی مافی مرۆڤدا ئەوەی لە سووریا خاڵی وەرچەرخانێکی لە بەرژەوەندی زیاتری چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازان و خێرخوازان لە دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان تۆمارکرد.
هەڵمەتی "سێشەممەی نا بۆ سێدارە" مانگرتنێکە کە لەلایەن دەستگیرکراوەکانەوە لە ژمارەیەک زینداندا سێشەممەی هەموو هەفتەیەک ئەنجامدەدرێت ئەم هەڵمەتە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەستیپێکردووە.