چالاکییەکی کرداری زانستی بە ناونیشانی "با لە ئۆتیزم تێبگەین" بەڕێوەچوو

ڕێژەی ئۆتیزم بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لە ٪٢ زیادی کردووە، بە جۆرێک لە ٤٠ منداڵدا دانەیەکی توشبووی ئۆتیزمە، بۆ ئەم مەبەستەش دەرووناسان و پزیشکان بە پێویستی دەزانن هۆشیاری بدرێتە توشبووان و کەسوکاریان لە ڕێگای چالاکی و سیمیناری جۆراوجۆرەوە.

سلێمانی

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەنتەری لایف سەنتەری دەروون دروستی لەناو شاری پزیشکی ئەنوەرشێخە لە شاری سلێمانی، لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیان دەربارەی ئۆتیزم، چالاکییەکی کرداری زانستییان بە ناونیشانی "با لە ئۆتیزم تێبگەین" بەڕێوەچوو.

 

چالاکییەکە بە شێوەیەکی کرداری ئەنجامدرا، تیایدا چەند مێزێکی تایبەت دانرابوون کە چارەسەرە جۆراوجۆرەکانی ئۆتیزمی لەسەر بوو، لەلایەن کەسانی شارەزا چۆنییەتی چارەسەرییەکان بۆ کەسانی پەیوەندیدار بەو بابەتە یاخود کەسوکاری ئۆتیزم ڕووندەکرایەوە.

 

فرمێسک جاف، چارەسەرکاری دەروونی، دەربارەی چالاکییەکە ڕوونیکردەوە، کە ئەم جالاکییە نۆهەمین چالاکییە لەلایەن ستافی لایف سەنتەری دەروون دروستیەوە ئەنجامبدرێت، وتیشی کۆمەڵێک زانیاری هەڵە دەربارەی ئۆتیزم لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوبووەتەوە، ئێمە هەوڵ دەدەین لە ڕێگای ئەم جۆرە چالاکییانەوە ڕاستی ئۆتیزم و مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆتیزمدا بخەینە ڕوو.

 

"چارەسەری ئۆتیزم بە تیم ئەنجام دەدرێت جگە لە چارەسەری پزیشکی دەروونی و منداڵان، جیا لەمانە چارەسەری ڕاهێنان هەیە کە چەند لقێکی لێدەبێتەوە وەک هونەری، ئاخاوتن، مەعریفی و ڕەفتاری و جوڵەیی، بەداخەوە لە ئێستادا ڕێژەی ئۆتیزم لە ٪٢ لە بەرزبوونەوەدایە بە جۆرێک لە ٤٠ منداڵدا یەکێکی ئۆتیزمە، بۆیە پێویستە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و کەس و کاری ئۆتیزم بدەین".

 

شەنگە بورهان، ئەندام لە یەکەی ڕاهێنانەوەی لایف سەنتەر، باسی چارەسەرکردن بە شێوەی لایەنی مەعریفی ڕوونکردەوە و وتی "سەرەتا منداڵ کە یەتە لامان لەم بەشەدا پەیوەندی لەگەڵ دروستدەکەین، کاتێک منداڵ یاری نەکات بە ڕێگای یاری و پاداشت ڕازی دەکەین بە ئەنجامدانی ئەو مامەڵەیەی دەمانەوێت".

 

باسی لەوەشکرد ئەم چارەسەرییە هەوڵی بەهێزکردنی ماسولکەکانی منداڵەکە دەدات، یاخود تەرکیزی بەهێز دەکات، "ئەم چارەسەریانە لە منداڵێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕدرێت بۆ نمونە هەتا منداڵتر بێت یاری ئاسانتری لەگەڵ دەکرێت وەک لە منداڵێکی گەورە".

 

ت.پ