نەورۆز ئەحمەد ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی هەڵسەنگاند

نەورۆز ئەحمەد، ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، ئەنجامی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی دژی شانە نهێنییەکانی داعشی لە کامپی هۆل هەڵسەنگاند.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- کامپی هۆل یەکێکە لە مەترسیدارترین کامپەکانی جیهان، دانیشتوانی کامپەکە پێکدێن لە ئاوارەی عێراقی و سوری، دوای ئەوەی لە مانگی ئازاری ٢٠١٩ خێزانەکانی داعش لە باغۆزەوە بەرەو کامپی هۆل گوازرانەوە، شانە نوستووەکانی داعش پاش شکستەکەیان لە باغۆز دەرفەتیان بۆ ڕەخسا خۆیان لە کامپەکە ڕێکبخەنەوە و ژنان و منداڵانیش ڕاهێنانیان پێکراوە، لە کامپی هۆلدا "أشبال الخلافة" و ژنانی ئەلحسبە- نساء الحسبة تاوانی نامرۆڤانە ئەنجامدەدەن، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە پاڵپشتی یەپەژە و قەسەدە لە ٢٥ی ئاب قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنییان لەدژی ئەو شانانە دەستپێکرد و ئۆپەراسیۆنەکە دوای ٢٤ ڕۆژ بە ئەنجامێکی باش کۆتایی هات.

 

نەورۆز ئەحمەد، ئەندامی فەرمانداریی قەسەدە سەبارەت بە ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی و ئەوەی پێویستە و ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ نوژنها دوا و وتی: لە پرۆسەکانی ڕابردوودا چەندین کوشتن و ڕفاندن لە دەرەوەی کامپی هۆل روویداوە، هەروەها ئەو هێرشەی کە لە سەرەتای ساڵدا لە زیندانی غوێران ئەنجامدرا پەیوەندی بە کامپی هۆلەوە هەبوو، پلانەکە وابوو کە لەو کاتەدا خێزانەکانیان لە کامپەکە ڕابکەن، بۆ ئەوەش ئێمە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیمان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی پێویست دەستپێکرد تا ئارامی بۆ پەنابەرانی کامپەکە بگەڕێنینەوە کە شانەکانی داعش دروستیان کردبوو، لەلایەکی ترەوە بەم ئۆپەراسیۆنە دەتوانین سیستەمێکی نوێ لە کامپی هۆل دابمەزرێنین بۆ بەهێزکردنی ڕێوشوێنی ئەمنی و بتوانین ئاسانتر کاربکەین و کارەکانمان لەبواری خزمەتگوزاریدا ئەنجام بدەین، ئەگەرچی بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر زیندانی غوێرانی حەسەکە هاتە پێش و سەرقاڵی هێزەکانمان بەو بەرەنگاربوونەوەیە، ئۆپەراسیۆنەکە درەنگتر دەستیپێکرد بەڵام ئەنجامی باشی هەبوو.

 

"چالاکترین ژنان لە ڕێکخراوی داعش دەستگیرکران"

نەورۆز ئەحمەد، ئەوەی خستەڕوو کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا گرفت هەبووە، بەڵام بە هاوکاری هەموو هێزەکانیان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیان ئەنجامی بەهێز بەدەستبهێنن، "بەهۆی مەترسی و دژواریی ئۆپەراسیۆنەکە دوو هەڤاڵمان گیانی خۆیان بەخشی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی کامپەکە، هاوکات چەندین کەلوپەلی سەربازی و تونێل و شوێنی شاردنەوەکان کە لەلایەن شانەکانەوە بەکارهاتوون هەمووی چەککراون بۆ ئەوەی جارێکی تر بەکارنەهێنرێنەوە، ئەوانەی لە لایەن هێزەکانمانەوە داواکراو بوون و لە کامپەکەدا هەڕەشە و کوشتنیان ئەنجام دەدا و پەیوەندیان لەگەڵ دەرەوەی کامپەکە هەبوو دەستگیرکران و ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، هەندێ لە دەستگیرکراوەکان ژنن، ژنان بە خراپترین شێوە بەکاردەهێندران، منداڵان ڕاهێنراون و پەروەردەکراون و ئامادەکراون لەسەر بیروبۆچوونە توندڕەوە ئیسلامییەکان بە پێی داعش، خراپترین و مەترسیدارترین تاوانە کە ژنان ئەنجامی دەدەن، هاوکات ژنانێک هەبوون کە چالاکترین ڕۆڵیان لە ڕێکخراوی داعشدا گێڕاوە، ئەو چادرە بەتاڵانەی کە لەناو کامپەکەدا وەک شوێنێک دژی هێزەکانمان بەکاردەهێنران، بە هاوکاری خەڵکی ناو کامپەکە هەموویانمان لابرد و لەناومان بردن".

 

"لایەنێکی گرنگی دووەمین ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی ڕزگارکردنی دوو ژنی ئێزدی بوو"

نەورۆز ئەحمەد سەرنجی ڕاکێشایە سەر ژنانی ئێزدی کە لە ژنانی داعش دەترسان و وتی: "ئێزدیەکان هێشتا لە کامپی هۆلدا شاراوەن و بێسەروشوێنن، ئەرکی سەرەکی ئێمەیە کە هەموو ژنانی ئێزدی ڕزگار بکەین، ڕاستە توانیمان دوو ژن ڕزگار بکەین، بەڵام دەزانین کە هێشتا لە  کامپەکەدا ماون و هەوڵدەدەین بگەینە ئەو ژنانە، بیهێننە بەرچاوتان کە ئەوانەی ڕزگارکراون نەیانوێرا ناسنامەکانیان بدەن و بڵێن ئێزدین، ئەو کردەوانەی کە لە دژی ژنانی دیکە کراون و بە زنجیر قاچیان بەستراوەتەوە، ئەم کارانە نامرۆڤانەیە و لێکۆڵینەوەمان لەو کێشانە بەردەوامە، لایەنێکی گرنگی ئەم ئۆپەراسیۆنە بگرینە دەست، ڕزگارکردنی دوو ژنی ئێزدی بوو ئەنجامی بەهێز و باش بەدەستهاتووە، بەڵام بەس نییە".

 

"خەڵکی ٦٠ وڵات لێرە و لەم هەلومەرجەدا گەورەترین هەڕەشەن"

نەورۆز ئەحمەد ڕایگەیاند، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە کوشتنەکان، هێشتا دوای ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکان کوشتن هەبووە وتیشی: ڕێوشوێنی ئەمنی دەگرینەبەر. ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی ئێمە وەک هێزی سەربازی دەیکەین بەڵام کاری ئەمنی و سەربازی بەس نییە و لایەنی گرنگیش هەیە بۆ گۆڕینی هۆشیاری و خزمەتگوزاری، داعش و گروپە توندڕەوەکان سوود لە کامپەکان وەردەگرن و خۆیانی تێدا ڕێکدەخەن، چ بە ترس و چ بە بێئاگایی ئێستا داعش ڕێگە دەدات بەو کەسانەی لە کامپەکاندا دەژین بەرەو ئەو جۆرە بیرۆکەیە بڕۆن، بۆیە کار و خەباتێکی هاوبەش پێویستە، لێرە خەڵکی ٦٠ وڵات هەن، کە زۆرترینیان ژن و منداڵن، لەم دۆخە خراپانەدا ماون کە لە هەموو جیهاندا شوێنێکی وەک کامپی هۆل نییە، ئەو کەسانەی کە زۆر مەترسیدارن لە شوێنێکی ئاوادا لە بنچینەدا زۆرترین مەترسی دروستدەکەن، ئێمە ئەم مەترسییە نەک تەنها بۆ خۆمان دەبینین، سەرەتا بۆ ئێمە و پاشان بۆ وڵاتانی دراوسێ و بۆ هەموو جیهانە".

 

"ڕێکخراوێکی جیهانییە"

نەورۆز ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا کە مەترسیدارترین نەوەی داعش دروست دەکرێت و وتی: "نەوەیەکی نوێ لە داعش دروستدەکرێت و سبەینێش مەترسیدارترین نەوەی جیهان دەبن، بۆیە مەترسیش لەسەر وڵاتەکانی دیکە هەیە، پەیامی ئێمە بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەوەیە کە دەتوانین ئەنجامی باشمان هەبێت، بەڵام ئەمە بەس نییە، پێویستی بە پشتیوانی هێزە سەربازییەکان و  کامپەکان هەیە، لە پرۆسەکانی ڕابردوودا بە تایبەتی لەگەڵ هێرشکردنە سەر زیندانی غوێران چەندین بەڵگەنامە دەستکەوتووە لە پەیوەندیەکانی داعش لەگەڵ تورکیا، ئەو پەیوەندیانەی ئێستا لەسەر بنەمای چۆنیەتی هەڵهاتنی خێزانەکانیان و چۆنیەتی پەڕینەوەیان بۆ ناو تورکیا و جێگیربوون و چۆنیەتی تێڕوانینیان لەلایەن تورکیاوە بووە، هاوکات پەیوەندی شانەکان لەگەڵ عێراق هەبوو، ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کە بۆیان دەهات و هێرشەکانیان پێدەکرد ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، بەدواداچوونی پەیوەندییە تەکنیکییەکانیان مەرج نییە کە پێکەوە بن و لەسەر ئەم بنەمایەش تێڕوانینیان و چۆنیەتی خۆڕێکخستن هەمووی لەو بەڵگەنامانەی بەدەستمان گەیشتوون دیارن، نەک ئەوەی ئەو کەسانە لە کامپەکەدا کەسانی ئاسایی بن کە چاوەڕوانی گەڕانەوەن بۆ وڵاتەکەیان، بەڵکو ئەمە ڕێکخراوێکی جیهانییە.

 

 نەورۆز ئەحمەد باسی لە ڕۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد و وتی: ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش بەس نین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کامپی هۆل، مەترسی هەبوو، چەندین جار ئاماژەمان پێدا، بەڵام لەلای ئێوە بە کەم بیندران، ئەمڕۆ کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هات بۆ کامپی هۆلی و بەچاوی خۆیان بینییان کە منداڵان لەسەر چ بیرۆکەیەک دروست دەکرێن و پەروەردە دەکرێن، باشتر تێگەشتن، بەڵام ئەمە هێشتا بەس نییە، نەک تەنها هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی، بەشێوەیەکی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین دەزگا و ڕێکخراوەی بەردەست، پێویستە بە زووترین کات کار بکەن و یارمەتی ناو کامپەکە بدەن بۆ دوورخستنەوەیان لە بیرۆکە توندڕەوەکانی داعش.

 

"بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی وەها ئاڵۆز، پێویستی بە دادگایەکی نێودەوڵەتی هەیە"

نەورۆز ئەحمەد باسی لە گرنگی دروستکردنی دادگایەکی نێودەوڵەتی کرد و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە کامپی هۆلدا چەندین چەتە و ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە و لە وڵاتەکانیان تۆمەتبارکراون و دۆسیەیان لەسەر کراوەتەوە، بۆیە کاری هاوبەش و دادگایەکی نێودەوڵەتی پێویستە، هەروەها دەستنیشان بکرێت کە کێ تاوانبارە و تاوانەکانیان چییە، ئەمە شتێک نییە کە بە تەنیا دەتوانین بیکەین، بەڵکو دادگایەکی نێودەڵەتی پێویستە و وڵاتەکان هاوکاری چەتەکانیان بکەن، زۆر وڵات لەم بارەیەوە بێدەنگن وەک دەڵێن ئێمە لە وڵاتی خۆمان دەرمان کردوون، یان ئێستا وڵات بەجێدەهێڵن یان لێرە تاوانیان نەکردووە و کاتێک دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان وەک تاوانبار سەیر ناکرێن، ئەم کێشانە بەڕاستی دۆخێکی ئاڵۆز دروست دەکەن، ئێمە توانای تەواومان نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە و دادگا نێودەوڵەتییەکانیش کە شارەزاییان هەیە لەم بوارەدا دەتوانن بە زووترین کات ئەو کێشەیە پێکەوە چارەسەربکەن".