مزگین حەسەن: یاساکانی رژێمی ئێران بۆ ژنان مەترسین

مزگین حەسەن، بەڕێوبەری ناوەندی لێکۆڵینەوە و پاراستنی مافەکانی ژنان، سەبارەت بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ئێرانەوە وتی: "کوشتنی ژینا ئەمینی درێژەدانە بە مێژوویەکی پڕ ئازاری ژنان و ئەو یاسایانەی کە هەن بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ژنان".

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێرانەوە ئەشکەنجە دراو کوژرا، دوای کوشتنی ژینا ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و لە هەموو وڵاتانی جیهان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، بەرەو مەیدانەکان دەڕۆن، ژینا ئەمینی بووە سیمبولی هاودەنگیی ژنان و ڕووناکی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مزگین حەسەن، بەڕێوبەری سەنتەری لێکۆڵینەوە و پاراستنی مافەکانی ژنان لەو بارەیەوە قسەی کرد.

 

"سیستم لە ئێران یاسای توند بۆ ژنان دەسەپێنێت"

مزگین حەسەن تیشکی خستە سەر یاساکانی رژێمی ئێران لەسەر ژنان و وتیشی: " لەناو ڕژێمی ئێراندا چەندین یاسای نادادپەروەرانە لە دژی ژنان دەرچوون، یەکێک لەو قەدەغەکاریانە ئەوەبوو کە هەموو ژنان لە ناوچە گشتییەکاندا دەستبەسەر بکرێن و تەنیا دەست و ڕوخساریان دیار بێت و ئەگەر تاڵێک لە قژی ژنان بەدەرەوە بێت ئەوا ئەشکەنجە دەدرێت لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ژنێک یاخی بوو لە دژی سیستەمەکە، ئەوا ژیانی لەدەست دەدات،  لە ساڵی ١٩٦٩ لە سەردەمی "شا"دا ژنان تا ڕادەیەک لە ڕووی یاساییەوە شوێنیان گرتبوو و دەکرا ببنە دادپەروەری و پارێزەر و سیاسەتمەدار بەڵام لە سەردەمی خومەینی هەموو ئەمانە لابران و چەندین کارو خەبات  لە ژنان وەرگیرایەوە، بۆ نموونە شیرین عەبادی کە پێشتر دادوەر بوو دوای ئەوەی تاوانبار کرا خۆی و ژمارەیەک لە هاوپیشەکانی ژنەکەی لە کار دوورخرابوونەوە، بەڵام داوای مافی مرۆڤیان کرد تا ئەو کاتەی وەک دادوەری و پارێزەر مافەکانیان بەدەستهێنایەوە،  جگە لەوەش کاری بەدئەخلاقی لەسەر ژنان دەکرێت و لە ساڵی ٢٠١٥دا خەتەنەکردنی ژنان گەیشتە سەدا ١٦، ئەو یاسایانەی کە هەن بوونەتە ئامڕازی هەڕەشەکردن بۆ سەر ژنان، لە بابەتی هاوسەرگیریدا ژنان لە تەمەنی زوودا زیادی کردووە، ئێستا هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵانی تەمەن ٩ بۆ ١٣ ساڵان دەکەن و یاساش ئەمەی پەسەند کردووە، کورد لە کلتوری و ژیانی خۆیدا یاسایەکی وەهای نەبوو بۆیە دەبینین ماوەیەکە شۆڕشی ژنان ڕوو دەدات و ڕێکخراوەکانی ژنان ئەمە قبوڵ ناکەن و لە دژی خەبات دەکەن".

 

 "ڕاپەڕینی ئێستای ئێران لەسەر بنەمای ڕاپەڕینی ئێمەی هەموو ژنانە"

مزگین حەسەن، تیشکی خستە سەر ڕێژەی کوشتنی ژنان لە ئێران و وتیشی: " ئەمڕۆ دەبینین کە شۆڕش و جموجوڵی ژنان لە هەموو جیهاندا پەرەی سەندووە، بەڵام کاتێک دەبینین ژنان بەەهۆی دەرکەوتنی تاڵێک قژ دەکوژرێن، ئەمانە کارێکی زۆر دڕندانەن،  لەم ساڵانەی دواییدا ٥٦٥ ژن بە تاوانی وەک "شەرەف" کوژراون و بەدەر لە کێشەکانی لە سێدارەدان و سەرکوتکردنی ژنان واتە هەموو ئەو فۆرمانەی کە هەیە بەسەر ژناندا جێبەجێ دەکرێت و ئەمەش لە بنچینەدا لەناو کۆمەڵگەی ژناندا قبوڵ ناکرێت، ئەمڕۆ ئەو ڕاپەڕینەی کە لە ئێران دەستی پێکردووە لەسەر بنەمای ڕاپەڕینی ئێمەی هەموو ژنانە، ژنان بۆ کەسایەتی و ئازادی خۆیان تێدەکۆشن و ئەو کردەوانەی بەرامبەریان دەکرێت تاوانێکی مرۆییە، ئەمڕۆ لە هاوپەیمانی مافی مرۆڤدا وتارێکی سەرەکی هەیە کە دەڵێت هەموو کەسێک ئازادە لە بیرکردنەوە و تێڕوانین و کلتور و دەربڕین وەک خۆی، بەڵام ئێمە لە وڵاتێکی وەک ئێران سەیری ئەم قەدەغەکردنە دەکەین ژنان ناتوانن هیچ کارێک بکەن کە بیانەوێت و بڕیاردان و سیاسەتکردن بۆ ژن قەدەغەیە،  لە پەرلەمانی ئێران لە ٢٧٥ پەرلەمانتار تەنیا ١٧ ژن هەن و ڕوکەشن و خاوەن بڕیار نین".

 

"سیستمە پیاوسالاریەکان لە هێز و پێشکەوتنی ژنان دەترسن"

مزگین حەسەن، وتیشی: "نابێت ژنان لە تێکۆشانی خۆیان بکشێنەوە هەتا مافەکانیان بەدەستنەهێنن، بەتایبەتی لەسەر پرسی ئازادی، بەشێوەیەکی گشتی سیستمەکان لەسەر بنەمای پیاوسالارین بۆیە لە مەعریفە و هێز و گەشەسەندنی ژنان دەترسن و دەیانەوێت ژنان موڵکی ئەوان بن، ئەو عەقڵییەتەی کە لە ناو سیستەمی ئێراندا هەیە ئێستا زیاتر لە دژی ژنان کار دەکات، بانگەوازی ئێمە بۆ ژنان ئەوەیە کە هەستن و هەموومان ئامادەین پشتیوانیان بکەین".