ژنێک لە سەیدسادق ١٩ ساڵە کاری سەربەخۆ دەکات

ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادق ١٩ ساڵە کاری سەربەخۆ دەکات و ماوەی دوو ساڵە کاری دوکانداری دەکات.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- کۆچەر ساڵح، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە و خاوەنی دوو دوکانە لە شاری سلێمانی و شارۆچکەی سەیدسادق.

 

کۆچەر هەمیشە ویستوویەتی ژنان لەسەر پێی خۆیان بوەستن و لە بواری بازرگانیدا دەست باڵا بن، بۆیە خۆی هەمیشە لە کار و ڕەنجکێشاندا بووە و ماوەی ١٩ ساڵیشە کاری سەربەخۆی خۆی هەیە، ماوەی دوو ساڵیشە کاری دوکانداری دەکات و هەردوو دووکانەکەی بەڕێوەدەبات.

 

دوکانەکەی کۆچەر تایبەتە بە پۆشاکی منداڵان و ژنان و پێداویستی و کەلوپەلە جوانکارییەکانی ژنانی تێدا دەفرۆشێ، وەک خۆی دەڵێت زۆر گرنگ و پێویستە لە دوکانەکاندا ژن فرۆشیار بن، چونکە بۆ ژنان ئاسودەترە، "ژن زۆر پێداویستی تایبەتی خۆی هەیە کە لە کڕیندا حەز دەکات لە دوکانێک بیکڕێت ژن فرۆشیارەکەی بێت".

 

کۆچەر لە درێژەی قسەکانیدا بۆ نوژنها باس لەوەدەکات هەمیشە حەزیکردووە ژنان خاوەنکاری خۆیان بن، بۆیە لە دوکانەکەی خۆشیدا تەنها ژنی هەڵبژاردووە وەک کارمەند لەلای کار بکەن.

 

ئەو ژنە فرۆشیارە دەڵێت: من خۆم دایکم و دەزانم دایکان ئارەزووی چ جۆرە جلێک دەکەن بۆ منداڵەکانیان، منیش ئەوە دەهێنم کە هەموو دایکێک حەزدەکات بیکڕێت بۆ منداڵەکەی، هەر ئەمەش جیاوازی دوکانەکەی منە لەگەڵ ئەوانی تردا، بێگومان سەلیقەی ژنێک زۆر جیاوازتر و جوانتریشە لە پیاوان.

 

لە درێژەی قسەکانیدا کۆچەر ئاماژەی بەوەدا کە گرنگە ژنان پاڵپشتی یەکتر بن و وتی: گرنگترین شت بۆ ئێمەی ژنان هاوکاریکردنی یەک و پاڵپشتیکردنی یەکترە، پێویستە بەرامبەر یەکتر هەڵوێستمان هەبێت، کاتێک لە شارێکی تر لە ژنێک دەدرێت لەبەرئەوەی داوای مافێکی خۆی دەکات، پێویستە ئێمە لە هەر جێیەکی ترەوە هەڵوێستمان هەبێت و بێدەنگ نەبین.

 

دەشڵێت پێویستە سەیرکردنی ژنان وەک کۆیلە کۆتایی پێبێت، "پێویستە ئەو سەیرکردنەی ژنان وەک کۆیلە کۆتایی پێبێت، کە دەڵێن نابێت کار بکەن و لە ماڵدا بمێننەوە، یاخود دەڵێن ژن زەعیفەن، نەخێر بە پێچەوانەوە توانای ژنان زۆرە و پێویستە بە ئازادی کاربکەن".

 

لە دوکانەکەی کۆچەردا هەلیکار بۆ ژنان ڕەخساوە، لە کۆتایدا دەڵێت: من بۆ هەلیکاری ژنان بەردەوام هەوڵمداوە و دەستپێشخەربووم، لە ئێستادا پێنج ژن لە لام کاردەکەن، چونکە کارکردنی ژنان گرنگترین شتە بۆ ژنان.

 

گەرچی سەیدسادق شارۆچکەیەکی زۆر گەورە نییە بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ژنان هاوشێوەی پیاوان کاردەکەن و هەوڵی بەدەستهێنانی ئابوری سەربەخۆی خۆیان دەدەن.