ژنێکی گەنج خولی دروومان بە پیاوان دەڵێتەوە

ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری کەلار دوای تەواوکردنی خوێندن دەستی بە دروومان کرد و خولی فێربوونی دروومان بە پیاوان دەڵێتەوە.

گەرمیان

 

سیڤەر ڕەشید علی، ژنێکی گەنجی ٢٨ ساڵە و دانیشتووی شاری کەلارە، سیڤەر دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن، دەست بە کاری دروومان دەکات، لەگەڵ بەرەوپێچوونی کارەکەیدا سەنتەری سیڤەر دەکاتەوە و خولی فێربوونی دروومان بۆ فێرخوازان ساز دەکات.

 

بەشێکی خولی فێربوونی دروومانەکەی سیڤەر تایبەتە بە پیاوان و لەلایەن خۆیەوە وانە بە فێرخوازان دەڵێتەوە و وانەکانی لەبارەی چۆنیەتی بەرگدرووی ژنانە.

 

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها سەبارەت بە پیشەکەی، سیڤەر دەڵێت: لە سەرەتادا بە کاری بچووکی دروومان دەستمپێکرد و حەزم دەکرد زیاتر فێرببم، لە دوای ماندووبوونێکی زۆر و بەشداری کردنم لە خولە جیاوازەکانی تایبەت بە دروومان، توانیم سەنتەرێکی بەرگدرووی تایبەت بەخۆم بکەمەوە و خۆم سەرپەرشتی بکەم.

 

سیڤەر باس لەوەدەکات هەر لە منداڵییەوە خولیا و حەزم بۆ دروومان هەبووە و خۆشەویستیم بۆ كارەكەم وایلێكردووم كە پیشەیەكی جیاواز تاقی بكەمەوە و بتوانم پشت بە خۆم و تواناكانی خۆم ببەستم، "ماوەی ١٣ ساڵە كاری بەرگدرووی دەكەم و نزیكەی ٢ ساڵە بەڕێوەبەری سەنتەری بەرگدرووی سیڤەرم، ڕۆژانە ٨ تا ١٠ کاتژمێر کار دەکەم، خولی تایبەت بە دروومان دەڵێمەوە و پیاوانیش تیایدا بەشدار دەبن.

 

بەپێی قسەکانی سیڤەر کە بۆ نوژنهای کردووە، ئەو کوڕ و كچانەی بەشداری خولەكانی فێربوونی دروومان دەبن، کە وانەکانی ڕازین و چەندین كەسیان ئێستا خاوەنكاری خۆیانن.

 

سەبارەت بە بەشداریکردنی پیاوان لە خولەکانیدا سیڤەر ئاماژەی بەوەدا، بەشداری پێکردنی پیاوان لە خولەکاندا هه‌روا ئاسان تێنه‌په‌ڕیوه‌، به‌ڵكو ڕووبه‌ڕووى ڕەخنەی کردووەه‌تەوە، دەشڵێت: لەلایەن دەوروبەرەکەمەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی جیاواز بوومەوە سەبارەت بە بەشداریکردنی پیاوان لە سەنتەرەکەمدا، وتیان سەنتەرەکەت تایبەتە بە جلی ژنانه‌ و نابێت پیاوان بەشداری پێبکەیت، بەڵام من گوێم بە ڕەخنە و بەربەستەکان نەدا و بەردەوامم.

 

ڕاڤیار محەمەد، یەکێکە لە کوڕە فێرخوازەکانی خولەکەی سیڤەر و ئاماژەی بەوەدا لە خولەکەدا بەشداریکردووە و سوودی زۆریان لێبینیوە، بەهۆی وانەکانەوە ئێستا بووەتە خاوەنکاری خۆی و کاری دروومان دەکات، دەشڵێت: لە سەنتەری سیڤەر بەشداریمان لە خولەکەدا کرد و بە شێوەیەکی ئەکادیمی وانەکان دەوترایەوە، بەو هۆیەوە ئێستا خاوەنکاری خۆمم و دەستخۆشی لە مامۆستا سیڤەر دەکەم.

 

لە کۆتایشدا سیڤەر وتی: بژێوی ژیانم تەنها لەسەر ئەم کارەیە و زۆریش دڵخۆشم بە کارەکەم، هیوادارم هەموو کچان پەرە بە تواناکانیان بدەن و بتوانن لەسەر پێی خۆیان وەستاو و خاوەن ئیرادە و باوەڕی بن.