بۆ گیانی ژینای پڕ لە ژین......

نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران و چالاکوانان بە نوسینی، وتار، بەیاننامە، هۆنراوە نیگەرانی خۆیان لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەردەبڕن ئیدانەی ئەو کارە دەکەن کە بەرامبەری ئەنجامدراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ بەهۆی لێدانی لەلایەن کارمەندانی دەوریەی ئیرشادی ئێرانەوە، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران و چالاکوانان بە نوسینی، وتار، بەیاننامە، هۆنراوە نیگەرانی خۆیان لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دەردەبڕن ئیدانەی ئەو کارە دەکەن کە بەرامبەری ئەنجامدراوە.

 

هەڵوێستنیشاندان و ناڕەزاییەکان تەنها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیە، بەڵکو لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی ڕۆژئاواش نیگەرانییەکان دەردەبڕێت و هەمووان ئەو کارە بە پێشێلکردنی مافی ژنان ناودەبەن.

 

ژینۆ ڕەشید، چالاکوانی باشووری کوردستان بۆ گیانی پاکی ژینا هۆنراوەیەک دەنووسێت و بڵاوی دەکاتەوە.

 

هۆنراوەیەک بۆ گیانی پاکی ژینا:

بۆ گیان پاکی ژینای پڕ لە ژین
تۆ گوناح بارنیت ئەی مێ خواوەند
پرچت تەنها موویەکە بۆ ئاڵاوە لە ئەقڵی نێرەکان
تۆ لە بەهەشت حۆریت و لێرەش مێ
مێیەک کە (ما)می یەکانت نووسی بۆ ژیان
تۆ داهێنەری نەک چێژ
تۆ دایکە بەرەکەت و پڕ فەرەکەی
تۆ زێدی، تۆ دەزێی و ژیان بە تۆوە بەردەوامە
پرچت بئاڵێنە لە ملی شامانەکان
وەکو پەت و سێدارە
تۆ ژینی ژینا

تۆ هەبوون و تۆ زادەی خواوەندەکانی
ئەوان لە هێلکەدانی تۆدا ژیان
لە زێی تۆوە هاتنە بوون
خۆزگە هەرگیز نەئەپیتان
خۆزگە لە سوڕی مانگانەدا
دەشکان
ئەو هێلکانە نەترووکانایە و بچوونایەتە ناو ئاوەڕۆکان
خۆزگە پیتاندنی هێلکەکان بەدەست من دەبوو
ئەوکاتە ئەوەی نەدەبوو بێتەبوون
نەم دەهێشت لەزێی تۆوە گوزەر بکات و بێتە بوون
خۆزگە ئەوانە لەکاتێکدا مانگ دەگەشتە کۆتایی
دەبوونە دڵۆپێک خوێن و
بتکایەتە سەر دامێنت


ئای لەو هەموو بوونەوەرەی لە دامێنت هاتنە بوون
ئەمڕۆ دەبنە بکوژی
مێ خوداوەندی ژیان
من یەک خۆشحاڵیم هەیە
کە نەمهێشت هیچ لەو هێلکانە بێنە بوون
چونکە سبەی هەر ئەوانەن کە مێیەک دەکوژن
کە دەست درێژ دەکەن بۆ
مێیەکانی تر

وەکو میوە تامی دەکەن
دوایی فڕێیان دەدەن
ئای لەو زبڵدانەی ئەقڵ
لەبەر تاڵەموویەکی تۆ ژینا
ئارەزوویان دەفڕێ وەکو
ئاگری دەم ڕەشەبا
لێرەو لەوێ هەر یەک خەیاڵن
برسی، برسی لیکی ئارەزوویان بەسەر ڕیشی
ڕشکاویان دەڕژێ
وەکو لیکاوی ئاژەڵێکی برسی بۆ نێچیرێ

تۆ لادە پەچەت ئەو پەچەیە هی تۆ نییە
تۆ خوداوەندی
دەبێت لە ئاست تۆدا سەرنەوی کەن هەرچی
عەمامە و جبەیە
نەکەن ئەوانە تەڵقینی ژیناکەمان بدەن
چونکە لەژێر کفنی سپیشدا بەڕووتی دەیبینن
گوناهباری مەکەن بەو خەیاڵ و
ئارەزووەتان ئەی کوڕی ابنی
حۆری خۆر

ژینۆ ڕەشید