داهاتی پێشەنگاکەی حەمیدە ئەحمەد بۆ نەخۆشخانەی هیوا تەرخان دەکرێت

ژنێکی توشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە پێشەنگایەکی کاری دەستی دەکاتەوە و داهاتەکەی بۆ نەخۆشخانەی هیوا تەرخان دەکات، لەپێناو هاوکاریکردنی نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی هیوا و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە، لە هۆڵی نیشتیمانی ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی پێشەنگایەکی تایبەتی بە کارە دەستییەکانی "حەمیدە ئەحمەد موختار بەگی جاف" کردەوە، کە تیایدا داهاتی پێشەنگاکە بۆ هاوکاریکردنی نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشەکانی تەرخان دەکرێت.

 

پێشەنگاکە بریتیبوو لە ١٣٠ کاری دەستی، سەرجەمیان گوڵ بوون، لە مرواری، موروی کوردەواری و هەندێکیان لە سیرامیک دروستکرابوون، حەمیدە خودی خۆی یەکێکە نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە، هەست بە دۆخی ئەو نەخۆشانەی نەخۆشخانەی هیوا دەکات، بۆیە درکی بەوە کردووە دەتوانێت لە ڕێی پێشەنگایەکەوە هاوکاری نەخۆشخانەی هیوا بکات.

 

حەمیدە ئەحمەد بۆ نوژنها دوا و وتی: بەو ئامانجە گوڵەکانم دروستکردووە کە وەک هاوکارییەک بێت بۆ نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی هیوا، چونکە خودی خۆم نەخۆشم و خۆم تێدەگەم لە دۆخی ئەوان، سەرجەم گوڵەکان بە دەستی خۆم دروستم کردووە و هیچ کەسێک هاوکارم نەبووە، لەکاتێکدا خۆم نەخۆشم بەڵام لە ڕێی ئەو کارە دەستیانەوە دەروونی خۆم ئارام کردووەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەدا دۆخی نەخۆشخانەی هیوا لە ئێستادا لە دۆخێکی خراپدایە بۆیە هەستاوە بە ئەنجامدانی ئەو کارە، وتیشی: گرنگە سەردانیکەران لەو هەستە بگەن کە داهاتەکەی بۆ کۆمەڵێک بێ هیوایە، پێویستە نەخۆشەکانیش هەمیشە ئومێدیان هەبێت و دڵنیا بن لەوەی هەرچەند نەخۆش بن دەتوانن ئەو ئامانجەی هەیانە نیشانی بکەن.

 

"کەموکورتی نەخۆشخانەی هیوا بووە هۆکار بۆ کردنەوەی پێشەنگایەکی لەم جۆرە"

دکتۆر ئالان، کچی حەمیدە ئەحمەد، دەربارەی پێشەنگاکەی دایکی و گرنگی ئەم کارە باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەی هیوا بەردەوام کێشەی نەبوونی دەرمان و جێگەی هەیە بۆ نەخۆشەکانی، بە هەلێکیان زانی لە ڕێگای پێشەنگایەکی لەم شێوەیە هاوکاری نەخۆشخانەکە بکەن.

 

خستیەڕوو کە سەرەتا ئامانجیان بووە گوڵەکان بدەن بە نەخۆشەکان، بەڵام بەهۆی کەموکورتییەکانی نەخۆشخانەی هیوا بیرۆکەکەیان گۆڕیوە بۆ پڕۆژەیەکی هاوکاری تا بتوانن دۆخی چەند نەخۆشێک لە ڕێی داهاتی پێشەنگاکەوە بەرەو باشبوون بەرن، وتیشی: "هەرچەند دایکم نەخۆشە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە، بەڵام ماوەی هەشت مانگ بەردەوام سەرقاڵی دروستکردنی ئەم کارە دەستیانە بوو، بەردەوام دەیوت من لە خەمی ئەوان تێدەگەم، ئەم هاوکاریەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە میوانەکان بێن و گوڵی تایبەت بکڕن.