شەشەمین ڕۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە توندوتیژی دژی ژنان بە پێشانگایەک بەڕێوەجوو

بە پێشانگایەکی هونەری و نیشاندانی کورتەفیلم و گۆرانی، ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی شەشەمین ڕۆژی چالاکییەکانیان بەڕێکرد.

سلێمانی

 

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە بەرواری ١٤ی ئەیلول لەلایەن یەکێتی ژنانی کوردستان بە ئامانجی وەستاندنەوە بە ڕووی ژنکوژان ڕاگەیەندرا و لە ماوەی هەفتەیەکدا کار و چالاکی جۆراوجۆریان وەک گردبوونەوە، پێشەنگا، کورتەفیلم، وەرزش و چەندین چالاکی دیکەیان بەڕێوەبرد.

 

ئەمڕۆ ٢٠ی ئەیلول، کەمپینی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، بە هاوبەشی یەکتر لە درێژەی کار و چالاکییەکانی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە دژی ژنکوژان لە شەشەم ڕۆژدا پێشەنگایەکی هونەری و نمایشی کورتە فیلمیان لە گەلەری ئەمنەسوورەکە کردەوە.

 

 

لە پێشەنگاکەدا کورتە فیلمی "ڕۆژیک لە ڕۆژان لە کوردستان" لە دەرهێنانی ژینۆ هادی نمایشکرا، دواتر ڤیدیۆ کلیپی "دەنگ هەڵبڕە" لە وتنی لاڤە واحید، پاشان کورتە فیلمێکی دیکە نمایشکرا.

 

لە درێژەی چالاکییەکەدا پێشانگایەکی هونەری کرایەوە و وێنەی ئەو ژنانەی تێدا نمایشکرا کە کوژراون، هەروەها چەندین وێنەی دیکەی ژنان نیشاندرا.

 

پێویستە چالاکییەکان بۆ وەستاندنەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەردەوام بێت

سەیران محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، دەربارەی گرنگی هەڵمەتەکە و بەردەوامیدان پێی وتی: گرنگە هەڵمەتی وەستاندنەوە بە ڕووی توندوتیژی دژی ژنان بەردەوام بێت، ئەمەش بە تەنها نا، بەڵکو ڕێکخراوەکان بە پشتیوانی و هەمەهانگی یەکتر ئەنجامی بدەن بۆ ئەوەی بتوانن دەنگی خۆیان بگەیەننە زۆرینەی هاوڵاتیان.

 

دەربارەی چالاکییەکانیان لە داهاتوودا ئاماژەی بەوەدا، چالاکییەکی دیکەیان ماوە لە ڕۆژی حەوتەمدا، ئەویش سبەینێ، چوارشەممە یاری ئەنجام دەدرێت لە نێوان دوو تیپی کچاندا لە هۆڵی عەلی ساڵح، بە ئامانجی دەرخستنی تواناکانی ژنان لە هەموو کایەکانی ژیاندا.